وتەبێژی فراكسیۆنی زەرد بۆ یەكێتی: هەتا كەی توانای بەرگریتان لە كەیسێكی نایاسی هەیە؟

0

نوچەنێت.هه‌ولێر:
لەبەرانبەر بەیاننامەكەی فراكسیۆنی سەوز، كە بەهۆی دەستگیركردنی (حەیدەر شەشۆ)، بڵاویان كردبووەوە، وتەبێژی فراكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان، ڕوو لەفراكسیۆن و ئۆرگانەكانی یەكێتی دەڵێت: “هەتا كەی توانای بەرگرییان لە كەیسێكی نایاسایی هەیە؟”.

دكتۆر محەمەد عەلی یاسین وتەبێژی فراكسیۆنی زەرد لە پەڕلەمانی كوردستان، رایگەیاند: “لەسەرەتاوە لەبەر نەبوونی هیچ پەیوەندییەك لە نێوان كاری پەڕلەمانی و دەستگیركردنی (حەیدەر شەشۆ) خۆمان لە لێدوان لەسەر ئەو كەیسە پاراستووە”، بەڵام وەك ئەو دەڵێت، دوای ئەوەی فراكسیۆنی سەوز بە بەیاننامەیەك هاتنە دەنگ، ئەوانیش چەند پرسیارێكیان لا درووست بوون.

وتەبێژی فراكسیۆنی زەرد، ڕوو لە فراكسیۆن و ئۆرگانەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەكات و دەپرسێت: “ئایا فراكسیۆنی سەوز و ئۆرگانەكانی یەكێتی نیشتیمانی، هەتا كەی توانای بەرگرییان لە كەیسێكی نایاسایی هەیە؟”.
هەروەها دەپرسێت: “ئایا كاری سەرەكی فراكسیۆنێكی پەڕلەمانی، یاسا دانانە یان پشتگیری كردنە لە پێشێلكردنی یاسا؟”.

وتەبێژی فراكسیۆنی زەرد، ڕوو لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەكات و دەپرسێت: “ئایا (ی، ن، ك) پشتگیری لاوازكردنی پێگەی یاسایی و سەروەری و دامەزراوەیی هەرێم دەكات؟”.

(حەیدەر شەشۆ) ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە، لە هەمانكاتدا فەرماندەی هێزێكی چەكدارە و پێشتر وەك هێزی پارێزگاری لە چیای شەنگال خۆیان ناساندووە، بەڵام رۆژی (6/4/2015) بە تۆمەتی دەست تێكەڵكردن و درووستكردنی هێزی حەشدی شەعبی لە ناوچەكانی شەنگال، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستانەوە دەستگیركرا، ئەمەیش كاردانەوەی فراكسیۆن و ئۆرگانەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانی بە دوای خۆیدا هێنا و دەستگیركردنەكەیان وەك پەیامێكی سیاسی ناو برد.

رۆژی (8/4/2015)یش لە نامەیەكدا بۆ فراكسیۆنی سەوز، مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، هۆكاری دەستگیركردنی (شەشۆ)ی راگەیاند، لە نامەكەی بارزانییدا هاتووە: “بۆ ئەوەی زیاتریش بۆتان روون بێت، ئەم گرفتە لە پیلانێكی كۆنەوە دێت. هەموو بەڵگەكان لەبەردەستن كە پارەیان لە كێ وەرگرتووە و، چۆن نەخشەی پیلانێكی گوماناویان بۆ دەڤەری شنگال كێشاوە. هەر لە دەستپێكەوە لەگەڵ برایانی سەركردایەتی یەكێتی باسی ئەم بابەتە كراوە و لە هەموو هەنگاوەكان ئاگادار كراون”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com