نۆچه‌نێت، تایبه‌ت : فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل
له‌یادى دامه‌زراندنى دا جه‌یشى عه‌دل 8 سه‌رباز ده‌كوژێت
دوێنى 8 سه‌ربازى حه‌ره‌س سه‌ورى ئێرانى له ناوچه بلوجستان كوژران. دواى چه‌ند كاتژمێرێك له‌كوژرانى ئه‌و چه‌كدارانه رێكخراوى جه‌یشى عه‌دلى ئێرانى به‌رپرسیارێتى خۆى له كوشتى ئه‌و سه‌ربازانه راگه‌یاند. ئه‌مه‌ش وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت له‌تۆڵه‌ى كوشتنى سێ چه‌كدار بوون كه له‌لایه‌ن پاسه‌وانانى سه‌ربازى ئێرانى كوژرابوون و گوایه ئامانجى ئێران له‌كوشتنى ئه‌و سه‌ربازانه مه‌به‌ستى لێدانى شانه‌یه‌كى تیرۆریستان بووه. ئه‌و رووداوه‌ش له ئوكتوبه‌رى 2013وه هاوشێوه‌ى نه‌بووه. ئه‌و كاته‌ش هه‌ر به‌ده‌ستى ئه‌و رێكخراوه‌وه 14 سه‌ربازى ئێرانى كوژران و 5 سه‌ربازییش به‌دیل گیران و دواتر ئازادكران. ناوه ناوه ژماره‌یه‌كى كه‌م له‌سه‌ربازانى ئێران له كرده‌ى تیرۆریستى سنووردار له‌لایه‌ن گروپى جه‌یشى عه‌دل ده‌كوژرێن. ره‌نگه له‌رووى زیانى گیانه‌وه زیانه‌كان كه‌م بێت به‌ڵام بوونى گروپێكى تیرۆریستى له‌سنوورى وڵاتێك مایه‌ى نیگه‌رانییه‌كى زۆر ده‌بێت. به‌تایبه‌تى ئه‌و گروپه وه‌ك ده‌زانرێت له‌رووى مه‌زهه‌بییه‌وه دژایه‌تى ده‌وڵه‌تى ئێران ده‌كات.
جه‌یشى عه‌دل چییه و كه‌ى دامه‌زراوه؟
له نیسانى 2012 جه‌یشى عه‌دل وه‌ك رێكخراوێكى سوننه‌ى توندڕه‌و دامه‌رزاوه. له‌و ناوچانه‌ى كه ده‌كه‌وێته سنوورى نێوان ئێران و پاكستان. ئه‌و رێكخراوه هه‌رچه‌نده چه‌ند جارێك له‌رێگاى وته‌بێژ و سه‌رۆكى رێكخراوه‌كه‌وه نكۆڵى له‌وه كردووه. په‌یوه‌ندى به‌قاعیده‌وه هه‌بێت. له‌هه‌مان كاتیش‌دا نكۆڵى له‌وه ده‌كات په‌یوه‌ندى به‌وڵاتى پاكستانه‌وه هه‌بێت. كه هه‌ندێك گومان ده‌كه‌ن ئه‌و هێزه له‌لایه‌ن پاكستانه‌وه پاڵپشتى بكرێـت. به‌ڵام له‌دیمانه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ كه‌ناڵى عه‌ره‌بیه وته‌بێژى جه‌یشى عه‌دل وێراى نكۆڵى كردنى له‌وه‌ى په‌یوه‌ندیان به پاكستانه‌وه هه‌بێت، ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ده‌كات په‌یوه‌ندی كه‌مینه‌یان له‌گه‌ڵ بلۆجییه‌كان هه‌یه كه له‌سه‌ر سنوورن له‌دیوى پاكستان. ئامانجى سه‌ره‌كى ئه‌و رێكخراوه وه‌ك له به‌یاننامه‌ى یه‌كه‌میان رایانگه‌یاندووه داكۆكى كردنه له سوننه مه‌زهه‌به‌كانى ئێران به‌كورد و بلۆج و عه‌ره‌به‌وه. ئه‌وان ده‌ڵێن دژى ئه‌و په‌راوێزكردن و سته‌مه ده‌وه‌ستنه‌وه.
جیاوازى خه‌باتى كورد و بلوشییه‌كان له ئێران
جیاوازى خه‌باتى نێوان كورد و بلوشییه‌كان به‌ر له هه‌موو شێتك بۆ جیاوازى رێژه‌ى ئه‌و دوو نه‌ته‌وه‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه. له ئێران رێژى كورد له‌نێوان %8 تا %10 ده‌بێت كه‌چى رێژه‌ى بلوش له %3 زیاتر نییه. ئه‌مه‌ش وایكردووه خه‌باتى سیاسى و نه‌ته‌وه‌یى ره‌نگدانه‌وه‌ى تایبه‌ت به‌و رێژه‌یه‌ى هه‌بێت. خه‌باتى كوردى له‌ئێران شێوازێكى نه‌ته‌وه‌یى ته‌واوى هه‌یه. به‌ڵام بلوشه‌كان وه‌ك ئێستا له‌و گروپه توندڕه‌وانه ده‌رده‌كه‌وێت كه خۆیان له‌سه‌ر ره‌وتى مه‌زهه‌بگه‌رایى ده‌رده‌ده‌خه‌ن. نووسه‌رێكى عه‌ره‌ب له‌باره‌ى بلوشه‌كانه‌وه ده‌ڵێ” هه‌رچه‌نده رێژه‌یان كه‌مه به‌ڵام به‌هۆى مه‌زهه‌به‌كه‌یانه‌وه فه‌رامۆش كراون” عه‌بدولعه‌زیز قاسم له رۆژنامه‌ى وه‌ته‌ن نووسیویه‌تى” رێژه‌ى مردنى منداڵ له‌نێوان بلوشه‌كان له‌هه‌موو ناوچه‌كانى ئێران زیاتره. مردنى ژنانى دووگیان له‌ناو ژنانى بلوش له‌هه‌موو ناوچه‌كانى دیكه زیاتره . رێژه‌ى خراپى ژیان و بژێوى له‌ناوچه‌كانى بلوش له به‌رزى دایه و نه‌خۆشخانه‌كان له‌وێ زۆر كه‌من و كه‌مترین خوێندارى بلوش له زانكۆكانى ئێران ده‌خوێنن
چه‌ندین رێكخراوى دیكه تیرۆریستى رووبه‌رووى ئێران ده‌بنه‌وه
كۆمارى ئیسلامى ئێران كه خۆى ئه‌ندازیارى گروپ و میلیشیاكانه له رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست. كه‌چى له‌مێژووى خۆیدا رووبه‌رووى چه‌ندین گروپى تیرۆریستى بۆته‌وه كه په‌یوه‌ندیه به‌جوڵانه‌وه‌ى توندڕه‌وى جیهادییه‌كانه‌وه هه‌یه. بۆ نموونه له‌م چوار ساڵه‌ى رابردوودا. له‌وانه هه‌ر له‌ناوچه‌ى بلۆش ” سه‌فا سه‌حابه” و ” حه‌ره‌كه‌ى ئه‌نساڕى ئێران” دامه‌زراوه. كه‌په‌یوه‌ندیان به قاعیده‌وه هه‌یه. له‌وانه‌ش چه‌ندین كرده‌ى تیرۆریستیان دژى ئێران ئه‌نجام داوه. بۆ نموونه له ئازارى 2011 بۆرى گازیان له ناوچه‌ى قوم ته‌قانده‌وه. له تشرینى دووه‌مدا حه‌ره‌كه‌ى ئه‌نسار سوننه به‌رپرسیارێتى خۆى له‌ته‌قاندنه‌وه‌ى بنكه‌یه‌كى باسیج راگه‌یاند. جگه له‌چه‌ندین كرده‌ى تیرۆرى دیكه كه ماوه ماوه ئه‌نجامى ده‌ده‌ن. سه‌ره‌راى ئه‌مه‌ش باس له چه‌ندین گروپى دیكه ده‌كرێت وه‌ك گروپى جوندوڵڵا كه ئه‌وه‌یان پاڵپشتى داعش ده‌كات له عێراق و سوریا.