نوچەنێت.سبەى:
بەدرێژایى شەوى رابردو فڕۆكە جەنگیەکانى هاوپەیمانان لە میحوەری كەسكێ بۆردومانی مۆڵگە و بارەگاکانى داعشیان کردوە لە سنورى موسڵ و بەپێى زانیاریەکان لەو هێرشانەدا زیاتر لە (10) چەكداریان کوژراون و ژمارەیەکیشیان برینداربون.
هاریمان دۆسكی،فەرماندە لە فەرماندەیی دهۆك لە میحوەری كەسكێ هەواڵەکەى بۆ (سبەی) دوپاتکردەوە و راگەیاند: شەوى رابردو فڕۆكەکانى هاوپەیمانان بە هەماهنگی پێشمەرگە و زانیاری ورد بارەگایەكی داعشیان لە گوندی ئاشق بۆردومانكرد و زیاتر لە (10) چەكداریان لەو مۆڵگەیەدا کوشت.
ئەوە لەکاتێکدایە کە هەر دوێنێ لە سنورى موسڵ و لە ناحیەی وانكێی سەر بە قەزای تەلكێف پێشمەرگە هێرشێكی داعش تێكشکاند و (15) چەكاری لێکوشتن كە یەكێكیان ئەمیرە.
هەر لەو بارەیەوە مقەدەم ئەدریس شەعبان، فەرماندە لە فەرماندەیی دهۆكی هێزی پێشمەرگە لە وانكێ بە (سبەی) راگەیاند:سەر لە ئێوارە چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر سەنگەری پێشمەرگە، وەكو هەمو جارێك تێكشكێنران و (15) چەكداریان كوژرا و بەپێی زانیاری هەواڵگری ئێمە یەكێك لە كوژراوەكان ئەمیر داعشە.
ئاماژەی بەوەشكرد؛پێشمەرگە لەو ناوچەیە چەكی قورسی پێیەو داعش توانای پێشڕەویان نەماوە.