ئیدیریس ئەحمەدی: ئەمریکا پرۆژەی گۆڕینی ناوچەکەی وەلا ناوە و ستراتژی راگرتنی پارسەنگی هێز پەیڕەو دەکات
ئامانجی ستراتیژی ئێران ئەوەیە، نەهێڵێت ناسیۆنالیزمی کوردی لەکوردستانی عێراق کۆمەڵێک دامەزراوە دروست بکات لەڕێیانەوە بۆ دونیای بسەلمێنێت، کورد دەتوانێت دەوڵەتێک بۆخۆی دروست بکات
ئەمریکا لەناوچەکەدا هاوپەیمانی نییە
ئەو دەرفەتەی کە بۆ کورد هاتۆتە پێش، تەنها دەتوانین بەراوردی بکەین بەدەرفەتی سەردەمی دوای شەڕی یەکەمی جیهانی، چونکە بەتێگەشتنی رۆژئاواییەکان کورد جیاوازە لەدراوسێکانی
ئەمریکا پشتیوانی سەربەخۆیی کوردستان ناکات، ترسی هەیە تاوانبار بکرێ بەوەی “ئیسرائیلێکی دیکە” لە ناوچەکەدا ئاوادەکات، بەڵام لە کردەوەدا سەلماندی رێگا نادا حکومەتی هەرێم لە نێو بچێ
ئەگەر بە چاوەدێری لایەنی نێودەوڵەتی لە ناوچە کوردییەکانی سووریەدا، هەڵبژاردنی ئازاد و دێموکراتیک ئەنجام درابایا، قورسای کورد لە رووی ئایدیۆلۆژی و ژیۆپۆلیتیکەوە ئەوەندەی دیکە زیادی دەکرد
ئێران نایەوێ عێراقێکی یەکگرتوو، دێموکراتیک و بەهێز دروستببێ
تەنها شت بتوانێ کوردستان بگەیەنێتە ئەو ئاستەی ئەو دەرفەتەی بۆ کورد هاتۆتە پێش بیقۆزێتەوە، ئەو قەیرانانەی ڕووبەڕووی بۆتەوە بەسەرکەوتووی تێی بپەڕێنێ، رێکخستنی نێوماڵی کوردە
د. ئیدریس ئەحمەدی، مامۆستای زانستە سیاسیەکان لە زانکۆی ستۆکهۆڵم، لەم دیمانەیەدا باسی رەوشی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوپەیمانی وڵاتانی عەرەبی و هەیمەنەی ئێران لەناوچەکەدا دەکات، پێیی وایە دەرفەتێکی گەورە بۆ کورد هاتۆتە ئارا و تەنها یەکڕیزی کورد دەتوانێ ئەو دەرفەتە لەبەرژەوەندی کورد بقۆزێتەوە، ئەوەش دەخاتەڕوو، کە تائێستا یەکڕیزی لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان هەستپێکراو نییە، هۆکاری ئەوەش بۆ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی حزبی دەگێڕێتەوە.
رزگار رەزا چوچانی/ سوید
نوچەنێت: دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسەقامگیرییەکی گەورەی بەخۆیەوە بینیووە، هەژموونی ئێران لەپێشڕەویدایە، لەبەرانبەر ئەویش بەرەی سوننە بەڕابەرایەتی سعودییە، هاوپەیمانێتییەکی سەربازییان راگەیاندووە. بەگشتی چ خوێندنەوەیەکت بۆ دۆخی ناوچەکە هەیە؟
ئیدریس ئەحمەدی: بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەچەشنێک ئاڵۆزە، کە هەندێ کەس بەبارودۆخی پێش جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم بەراوردی دەکەن. بەمانایەکی تر، ناکرێ ئەم مەسەلەیە تەنها سنوردار بکرێت بەململانێی نێوان عەرەبستان و ئێران، یان سوننەو شیعە.
دروستکردنی هاوپەیمانییەک بەسەرۆکایەتی سعودییە، هەوڵێکی ئەو وڵاتانەیە بۆ رێگری و سنوردانان بۆ فرەوانخوازی ئێران لەناوچەکەدا، بەتایبەتی کاتێک لەڕێی حوسییەکانی یەمەنەوە ئێران نزیکی سنوری سعودییە دەبێتەوە، دروستکردنی ئەو هاوپەیمانێتیە چەنده هەوڵێکە بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی یەمەن بەرانبەر بەحوسییەکان، ئەوەندەش پێشاندانی هێزە لەلایەن ئەو وڵاتانەوە بەرانبەر بە ئێران. لەو رێگاوە پەیامێک بە ئیران دەدەن، کە ئەگەر بێت و بەوشێوەیەی تا ئێستا هەڵسوکەوتی کردووە لەناوچەکە بەردەوام بێت، لەلایەن وڵاتانی عەرەبییەوە بەرەو ڕووی هێزی سەربازیش دەبێتەوە.
نوچەنێت: بەپشت بەستن چ فاکتێک دەتوانرێ دۆخی ئێستای ناوچەکە بەبارودۆخی پێش جەنگی جیهانی یەکەم یان دووەم، بەراورد دەکرێت؟
ئیدریس ئەحمەدی: ئەو دۆخە لە بنەڕەتدا لە نەبوونی مەشروعیەتی رژێمەکانی ناوچەکەوە سەرچاوە دەگرێ. زۆربەی خەڵکی وڵاتانی ناوچەکە، رژێمی دەسەڵاتدارییان قبوڵ نییە. وەک دەبینین لەسوریا زۆرینەی خەڵکی ئەو وڵاتە ئەو رژێمەیان قبوڵ نییە کە حکومی وڵاتەکەیان دەکات. شیعەکانی سعودییە هەست بەبێ مافی دەکەن، هەروەها خەڵکی ئازادیخوازی سعودییە ئازادییان دەوێت و سیستەم و حوکمی ئەو وڵاتەیان قبوڵ نییە. خەڵکی ئێران، هەروەها خەڵکی عێراق، تەنانەت لەتورکیاش کە نیمچە دیموکراسییەک هەیە حکومەت ئەو شەرعیەتە سیاسییەی نییە. هۆکاری نەبوونی ئەو مەشروعیەتەش ئەوەیە کە سنوری ئەو وڵاتانە بەشێوەیەک کێشراوە، جوت نییە لەگەڵ سنوری مەزهەبی و قەومی خەڵکەکەدا. رژێمی وڵاتەکانیش زیاتر تەعبیر لەچینێک و مەزهەبێک، یان قەومێک دەکات و ماف و ئازادی ئەوانی تر نادات.
نەبوونی دێموکراسی لە چەشنی ئەو مۆدێلەی لە رۆژئاوادا باوە، وای کردووە سنووری جوگرافی ئەو وڵاتانە بەردەوام لە ژێر پرسیاردا بێ و سەقامگیری تەنیا لە رێگای هەڕەشکردن یان بەکاربردنی هێزی پۆلیسی و نیزامییەوە راگیراوە. بەڵام ئەو شێوە سەقامگیرییە، ئاگری بن کایە و بۆیە جار لە سەر جار شاهیدی سەرهەڵدانی ئەو جۆرە کێشانە دەبین کە سنوور دەبەزێنن. تاکوو حکومەتکردن لە رۆژهەڵاتی ناویندا لە سەر بنەمای وەدەسهێنانی رەزامەندی جەماوەرە نەکرێ، ئەو کێشانە هەر بەردەوام دەبن. مۆدێلی سەرکەوتوو بۆ وەدەستهێنانی ئەو رازەمەندییە، دێموکراسییە، کە ئازادی، عیلامنییەت و پاراستنی مافی کەمینە مسۆگەر بکا.
بێگومان، هۆی دیکەی گرنگی ئەو دۆخەی رۆژهەڵاتی ناوین بریتییە لە نەبوونی دادپەروەری کۆمەڵایەتی،رێزنەگرین لە مافی ژن و نەبوونی خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتییان. هەڵبەت دەکرێ ئەم هۆکارانە تا رادیەک وەکوو ئاکامی نەبوونی ئەو جۆرە دێموکراسییە ببیندرێ.
نوچەنێت : ئەگەر ئێران پێشتر بەشێوەیەکی رانەگەیەنراو تەدەخولی لەوڵاتانی ناوچەکە کردبێ، ئیستا بەهێزەوە تەدەخول دەکات، بەئاشکرا لەراگەیاندنەکانییەوە باسی ئەوە دەکات کە فەرماندە سەربازییەکانی لەفڵان وڵاتی تردا دەجەنگ و جەنگاوەرن. چی ئەو هێزەی داوە بەئێران ئێستا وا بەئاشکرا تەدەخول لەکاروباری وڵاتانی تر بکات؟
ئیدریس ئەحمەدی: تا روخاندنی حکومەتی بەعس لەعێراق، لەساڵی ٢٠٠٣، عێراق رۆڵێکی بنەڕەتی هەبوو لەپێشگرتن بەرفرەوانخوازی کۆماری ئیسلامی ئێران. کاتێک ئەمریکا لەعێراق بوو، ڕووبەڕووی شەپۆلێکی توندی تیرۆروستی بووەوە. هەردوو وڵاتی سوریاو ئێران، رۆڵی خۆیان هەبوو لەهەڵکردنی ئەو شەپۆلە دژ بەهێزەکانی ئەمریکا. بۆیە ئەمریکا دواتر هێزەکانی لە عێراق کشاندەوە، ئەوەش بۆشاییەکی لەبەردەم ئێراندا دروستکرد کە چیتر بەپێویستی نەزانن وەکو جاران بەشاراوەیی کار بۆ فرەوانخوازییەکانی بکات. ئێران لەبەردەم ئەو فرەوانخوازییەیدا ئێستا رێگرێک نابێنی، ئەوەش دەزانێ کەگرفتی نێوان وڵاتانی ناوچەکە وا دەکات ئاسان نییە هاوپەیمانێتییەک دژ بەئێران دروستت بێت. هەربۆیە ئەوەی کە جاران ئۆپۆزسیۆنی ئێران دەیگوت ئێران هەوڵی فرەوانخوازی دەدات و لێی وەرنەدەگیرا، ئێستا ئێران بەئاشکرا دەیکات.
لەعێراق میلیشیایەکی شیعەی دروستکردووە، دەوترێ ١٢٠ هەزار چەکداری هەیە، لەکاتێکدا سوپای عێراق ئێستا وەک دەوترێ ٤٨ هەزار سەربازە. لەلوبنان هێزێکی وەک حزبوڵڵای دروستکردووە، کە لەسوپای لوبنان بەهێزترە. ئەوە لەیەمەنیش، لەهەوڵی ئەوەدایە حوسییەکان سەربخات، خۆ ئەوکات ئەگەر نەشیتوانی یەمەن بەیەکجاری کۆنترۆڵ بکات، ئەوە شتێک لەشێوەی حزبوڵڵا دروست دەکات لەو وڵاتەدا.
نوچەنێت : ئەو هاوپەیمانێتییەی کە ئێستا دروست بووە، وای دەبینی بتوانێ سنورێک بۆ فرەوانخوازی ئێران دابنێت، یان ئێران لەو پێشڕەویانەی لەسەر خاکی وڵاتانی ناوچەکە دەیکات بەردەوام دەبێت؟
ئیدریس ئەحمەدی: ئەوە پەیوەندی دەبێت بەوەی، کە ئەم هاوپەیمانێتییە تاچەند بەردەوام و تاچەند بەرفرەوانتر دەبێت. پێموایە کۆماری ئیسلامیش رادەوەستێ تا بزانێ هاوپەیمانێتیەکە بەرەو کوێ دەڕوات و ئامانجەکانی چی دەبێت. ئەگەر بزانێ راگەیاندنی هاوپەیمانێتییەکە وەڵامێکی کاتییە بۆ قەیرانێکی هەنوکەیی، ئەوە بێگومان دەست دەکاتەوە بەو سیاسەتە بەرفرەوانخوازیەو پێکهێنانی ناسەقامگیرییەی کە لەناوچەکەدا هەیبووە.
بەڵام ئەگەر بزانێ ئەمە ئەتوانێ تەرجەمە ببێ بەهاوپەیمانێتییەکی بەرینتر و بەردەوامتر، پێموایە ئێران پاشەکشە دەکات، چونکە لەگەڵ ئەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران رژێمێکە لەسەرەتای دروستبوونییەوە لەرێی سوپای پاسدارانەوە، کار بۆ گواستنەوەی شۆرشی ئیسلامی دەکات بۆ وڵاتانی تری ناوچەکە و بۆ ئەو مەبەستە کەڵک لە تیرۆرزمیش وەردەگرێت. ئەوەشی نیشانداوە کە ئەگەر رووبەڕووی هێز بێتەوە و بە تایبەتی ئەگەر کاربەدەستانی ئێران هەست بکەن لە بۆارێکدا زەرەر دەکەن و موجوودیەتی رێژیمی ئیسلامی رووبەڕووی هەڕەشەی جیدی دەبێتەوە، کۆماری ئیسلامی لەجێیەک و لەسیاسەتێک پاشەکشە دەکات، تا دۆخەکە دیسان بەسودی خۆی دەگۆڕێت.
نوچەنێت: تۆ وەک شارەزایەکی سیاسی، هەست بەو جدییەتە دەکەی لەو هاوپەیمانێتیەدا؟ یان پێویستی بەردەوامبوونی هاوپەیمانێتییەکە لای وڵاتانی بەشداری هاوپەیمانێتیەکەدا دەبینی؟
ئیدریس ئەحمەدی: بەڵێ وای پێشبینی دەکەم، چونکە ئەمریکا پاش شەڕی ئەفغانستان و عێراق، نایەوێ بەهێزی زەمینی بکێشرێتە ناو ئەو ئاڵۆزیانەی لەو ناوچەیەدا هەیە. ئەمریکا پرۆژەی گۆڕینی ناوچەکەی وەلا ناوە و ئێستا زۆرتر ستراتژی ئەمریکا قورسایەکەی لە سەر راگرتنی پارسەنگی هێزە. بە واتایەکی دیکە، ئەمریکا چی دی هەوڵی چارەسەرکردنی یەکلاکەرەوەی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوین نادا، بەڵکوو دەیەوێ لە رێگای ئەو کەرەستانەی بەدەستییەوە ماون، رێگرێ بکا لەوەی ئەو کێشانە پەرە بستێنن. بە بۆچوونی من ئەم گۆڕانە لە سیاسەتی ئەمریکا لە دەورەی دووهەمی حکوومەتی جۆرج بوشدا هاتە کایەوە و ئوباما درێژەدریەتی. ئەمە راستییەکە کەوڵاتانی عەرەبی و تەنانەت ئیسرائیلیش هەستیان پێکردووە. بۆیە غیابی ئەمریکا لەتەدەخول لەو کێشانەدا وایکردووە، ئەو وڵاتانە بەخۆیاندا بچنەوە، کێشەکانیان وەلابنێن و بەرانبەر ئەو مەترسییەی ئێران لەناوچەکە خولقاندویەتی وەخۆکەون. بۆیە ئەگەری هەیە، ئەم هاوپەیمانێتیە بەرفرەوانتر ببێت و بەردەوامی هەبێت.
لەلایەکی ترەوە وای دەبینم کەئەوەی لەیەمەن ڕوودەدات، ببێتە هۆی دابەشبوونی ئەو وڵاتە. ئەگەر حکومەتی سعودییە هێزی زەمینی بنێرێت، دۆخەکە دەکەوێتە بارێکی تر، چونکە یەمەن وڵاتێکی وەکو بەحرەین نییە، کە لەوێ بینیمان عەرەبستانی سعودییە هێزی زەمینی نارد بۆ ئەوەی کە بارودۆخی ئەو وڵاتە هێوربکاتەوە. بەڕای من ئەنجامی دۆخی یەمەن ئەوەیە وڵاتێکی دابەشکراو لەنێوان حوسییەکان و حکومەتی ئێستای یەمەن دەبینین، بەبێ ئەوەی ئێران و عەرەبستان توشی شەڕی دژ بەیەک ببن.
لەسەر ئاستی ناوچەکەش بە گشتی هەتا ئەوکاتی ئەمریکا تەدەخول نەکات بۆ هێورکردنەوە، ئەو گرژیانەی کەهەیە بەردەوامیی دەبێت، بەشێوەیەک کە ئێران و عەرەبستانی سعودییە، پارسەنگی هێز بهێننە ئاراوە، کەوابکات ڕونبێت، نفوزی ئێران لەکوێدایە و نفوزی عەرەبستان لەکوێدایە.
نوچەنێت: ئێستا ئەمریکا لەیەک کاتدا لەگەڵ ئێران رێککەوتووە لەسەر پرسی ئەتۆم و پشتیوانی بۆ هاوپەیمانێیەکەی سعودیەش راگەیاندووە، ئایا ئەمریکا ئەتوانێ باڵانس لەو نێوانەدا رابگرێت؟
ئیدریس ئەحمەدی: ئەمریکا هەمیشە هەوڵی ئەوەی هەبووە، کە مەسەلەی ئەتۆمی جیابکاتەوە لەباقی مەسەلەکان لەناوچەکەدا. بۆ نموونە تاکوو ئێستا، لە وتووێژەکاندا، مەسەلەی سوورییە تێکەڵی مەسەلەی ئەتومی نەکراوە. یان، پێشتر، دەوری ئێران لە پێکهێنانی ناسەقامگیری لە عێراقدا، بە جیا لە گەڵ کاربەدەستانی ئێراندا باس دەکرا و ئەویش لە ئاستی باڵۆێزخانەدا لە بەغدا.
لەپەیوەندی لەگەڵ یەمەن، ئەمریکییەکان ناچارن بالانس رابگرن، چونکە لەگەڵ ئەوەی پێیانخۆشە لەگەڵ ئێران بەرێککەوتنێکی ئەتۆمی بگەن، پێشیانخۆش نییە عەرەبستانی سعودییە واهەست بکات، کە ئەمریکا ئەیەوێ سود لەم رێککەوتنە لەسەر پرسی ئەتۆمی وەربگرێت بۆ ئەوەی کە لەگەڵ ئێران بەتەوافقێکی بەرینتر بگات.
ئێستا ئەو تێگەشتنە لەئارادایە، کە ئەگەر بێت و لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی لەگەڵ ئێران رێبککەوێت، ئەمریکا دەتوانێت کەڵک لەوە وەربگرێت تا بەڕێککەوتنێکی بەرینتر لەگەڵ ئێران بگات، و ئێران بەدیفاکتۆ بەزلهێزێکی ناوچەیی لەلایەن ئەمەریکاوە قبوڵبکرێت. هەڵبەت بەمەرجێک ئێران یارمەتیدەر بێت بۆ پێهکێنانی سەقامگیری لە عێراق، لەئەفغانستان، لەلوبنان، لەسوریاو ئێستا لەیەمەنیش.
بەڵام زۆر زەحمەت دەبێت ئەمریکا و ئێران بتوانن رێکەوتنی ئەتۆمی بکەنە بنەمایەک بۆ رێکەوتنێکی بەرینتر. لەو پەیوەندییەدا، دەکرێ ئاماژی بە سێ لەمپەری سەرەکی بدەین.
یەکەم: لە بنەڕەتدا کێشەی نێوان ئێران و ئەمریکا، کێشەیەکی ئایدیۆلۆژییە و بە بێ گۆڕانی رژیم لە تاران، ئەو کێشە درێژەی دەبێ و بەرژەوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە لە ناوچەکەدا لە رووی ستراتژیکەوە، دژ بە یەکتر دەبن.
دووهەم: ئێرانی ئیسلامی بۆ خۆی سەرچاوەی سەرەکی ناسەقامگیرییە لە ناوچەکەدا.
سێهەم: هەوڵی ئەمریکا بۆ راگرتنی پارسەنگی هێز لە نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئێران هەروها بۆ راگرتنی پارسەنگی هێز لە نێوان شیعە و سوونە، ناکۆکە لە گەڵ پێشنیارێکی وادا، کە زۆرتر لەلایەن لۆبی کۆماری ئیسلامییەوە لە ئەمریکا و هێندێک رووناکبیری ئەمریکی زەق کراوەتەوە.
ئەگەر لە یادتان بێ، کاتێک نێتانیاهۆ لە پێش کۆنگرێسی ئەمریکا وتاری پێشکەش کرد، لەم بارەوە هۆشداری دا. ئەگەر بەڕێککەوتنێکی وا بگەن لەگەڵ ئێران، بێگومان عەرەبستانی سعودیەش بێ دەنگ نابێ، ئەویش دەتوانێ ئاڵۆزی لەناوچەکە دروست بکات. کوژانەوەی ئاگر لە شوێنێک دەبێتە هەڵگرسانی ئاگر لە شوێنی دیکە و پێم وایە ئەمریکییەکان ئەم ریسکە دەبینن.
لە گەڵ ئەوەشدا، زۆر وڵات نیگەرانن ئیدارەی ئوباما رۆڵێکی بەرینتر بۆ ئێران لە ناوچەکەدا پەسەند بکات و ئێران لە درێژمەودادا، بەو رێکەوتنە هەم دەستی بە چەکی ناوکی بگا و هەمیش بە رەزامەندی بێدەنگانەی ئەمریکا، سوڵتە بەسەر بەشێکی بەرچاو لە ناوچەکەدا بەدەست بێنێ. بۆیە دەبینین ئیسرایل وا نیگەرانە. بۆیەش دەبینین لە کاتێکدا هێرشی هەوایی بۆ سەر حوسییەکان کارێکی سانایە بۆ سعودییە و بۆ خوی دەتوانی بەتەنیا ئەنجامی بدا، کەچی لە مەغربەوە تاکوو تورکییە و پاکستان پشتیوانی لێ دەکرێ و فرۆکەی چەندین وڵات بەشداری هێرەشەکان دەکەن.
نوچەنێت: ئەگەر راگرتنی باڵانس زەحمەت بێ، ئەنجام ئەمریکا ناچار دەبێت بەلای کامیاندا درێژە بەسیاسەت و پشتیوانی خۆی بدات؟
ئیدریس ئەحمەدی: ئەگەر ئەمریکییەکان وایان هەستکردبا، یان بەو نەتیجە گەشتبان، کەلایەنێک لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، لەڕووی ئایدۆلۆژییەوە بتوانێ جێگای متمانە بێت، بەو مانایەی کە هەڵگری ئایدۆلۆژییەکی توندڕەو نەبێت کە دژایەتی ئەمریکا بکات، پێموایە سەرمایەگوزارییان لەسەر دەکرد، و دەیانکرد بەهێز بۆ ئەوەی بۆخۆیان پێویست نەکات لەناوچەکەدا حزووری نیزامی بەرچاویان هەبێ. بە واتایەکی دیکە، وەکوو سەردەمی شەڕی سارد، ئەمریکا دەیەوێ لە ناوچەکەدا پارسەنگی هێز بەوەکالەت رابگرێ. بۆیە ئێرانیان پڕچەک کرد تا بتوانێ لەبەرانبەر عێراقدا راوەستێ و رێگر بێ لە بڵاوبوونەوەی کۆمنیزم و نفوزی سۆڤیەت لە ناوچەکەدا. ئێرانی سەردەمی شا دێموکراتیک نەبوو، بەڵام دژ بە کۆمنیزم بوو و بەرانبەر بە هێزی عێراق راوەستابوو. دوای ئەوەی رژیم لە ئێران گۆڕدرا و ئێران بە هۆی ئایدیۆلژیی ئیسلامییەوە بوو بە دوژمنی ئەمریکا، شەڕی ئێران و عێراق دەرفەتێکی دیکەی خولقاند بۆ راگرتنی پارسەنگ لە ناوچەکەدا. ئەمریکا بە هێرش بردن بۆ سەر عێراق، بە نیاز بوو حکوومەتێک بێنێتە سەر کار کە دۆستی بێ و بە درووستکردنەوەی دەوڵەتی عێراق، خۆی بتوانێ بکشێتەوە و عێراق بە وەکالەت ئەو ئەرکەی کە ئێرانی سەردەمی شا گرتبوویە ئەستۆ، ئەو رۆلەی بۆ بگێرێ. بەڵام تایفەگەری حکومەتی بەغدا و نفوری تاران لە سەر بەغدا، ئەوەی زۆر دژوار کردووە. خاڵێکی دیکە کە سەردەمی پاش شەڕی سارد جیا دەکاتەوە، سەرهەڵدانی کێشەی نیوان شیعە و سونەیە لە ئاستی گشتیدا لە ناوچەکەدا.
بەهۆی ئەوەی کەلایەنێکی وا لەناوچەکەدا نییە، ئەمریکییەکان ناچار دەبن لەجیاتی ئەوەی هێزی سەربازی خۆیان بەکاربهێنن بۆ ئەوەی بارودۆخەکە راگرن، هەوڵ دەدەن بە شێوەیەکی دیکە پارسەنگی هێز رابگرن. ئەگەر سەرەنجتان دابێ، لەگەڵ ئەوەی کە ئەمریکا دان بەوەدا دەنێت، داعش خەتەرێکی گەورەیە، لەهەمانکاتیشدا دەڵێت هێزی سەربازی ئەمریکا تەنها کاتێک بەشداری جەنگی داعش لەعێراق دەکات، کەحکومەتی ناوەندی حکومەتێک بێت کە لەهەموو پێکهاتەکان دروست بوبێت و حکومەتێکی تائیفی نەبێت. واتە بەڕوونی دەڵێن ئێمە نامانەوێ ببین بەبەشیک لەکێشەی نێوان شیعەو سوننە. لەسوریاش سەرەتا ئەمریکییەکان دەیانوت، دەبێت بەشار ئەسەد لەسەر دەسەڵات نەمێنێ، بەڵام دواتر کەئۆپۆزسیۆنی سوریا، نەیانتوانی ببن بەوهێزەی لەسەر ئەرزی واقیع خۆیان بسەپێنن و لەجیاتی ئەوان هێزێکی تووندڕەو و دژ بە ئەمریکا وەک داعش سەری هەڵدا، وایکرد کە ئێستا ئەمریکا لادانی ئەسەد لەدەسەڵات وەکو ئامانجێک باس ناکات.
من لەتێزی دکتۆراکەشم ئەوەم پێشبینی کردووە، کە ئەمریکا لەدوای ١١ی سێپتەمبەر ئەو ستراتیژەی کەبریتیبوو لەگۆڕینی رژێم و بڵاوکردنەوەی دیموکراسی لەڕێگای هێزی سەربازییەوە، لەپاش کشانەوەی لەعێراق، لەپاش ئەوەی هەست دەکەن لەئەفغانستان هیچ دەستکەوتێکیان نەبووە، گۆڕییەوە، و ئێستا ستراتیژی راگرتنی پارسەنگی هێز بەشێوەیەکی نوێ پەیڕەو دەکەن.
وای دەبینم ئەمریکییەکان خۆیان بۆ ئەوە ئامادەکردووە، کە ئاڵۆزییەکان لەو ناوچەیەدا هەر ئاوا بەردەوام بێت، تاکو ئەوکاتەی لەنێو خودی ناوچەکەوە هێزی ئایدۆلۆژی دیکە سەرهەڵدەدەن، کەتوندڕەو نەبن، بتوانن گونجاوبن لەگەڵ دونیای پێشکەوتن و مۆدێرن، بەمانایەک گونجاوبن لەگەڵ رۆژئاوا، هەڵگری دیموکراسیەت و عەلمانیەت و رێزگربن لەمافی کەمینەکان. بۆیە ئەتوانم بڵێم لەگەڵ ئەوەی لەدەیەی چلەوە تاکو ئێستا ئەمریکا لەگەڵ عەرەبستانی سعودییە هاوپەیمان بوون، بەڵام ئەو هاوپەیمانێتییە لەسەر ئەساسی هیچ لێکچونێکی ئایدۆلۆژی نەبووە، بەڵکو لەسەر ئەساسی ئەوە بووە، هەردوولا مەترسی گەورەتریان هەستپێکردووە، واتە لەسەردەمی شەڕی سارد مەترسی سۆڤیەت هەبووە، لەدوای ئەو مەترسی عێراق و ئێران هەبووە وایکردووە ئەمریکاو سعودییە هاوپەیمان بن، ئەگەرنا سعودییە ئەو لایەنە نییە کە ئەمریکا بیەوێت سەرمایەگوزاری قوڵایی ستراتیژی لەسەر بکات بۆ گۆڕینی ناوچەکە. ئێرانیش بێگومان نابێتە ئەو هێزە و هێزی دژە، بۆیە ستراتیژی راگرتنی پارسەنگی هێز پەیڕەو دەکەن، لەجێی هەڵبژاردنی لایەک.
نوچەنێت: پێت وابوو ئەمریکا ناچارە باڵانس لەنێوان ئێران و سعودییە رابگرێت، ئەنجامی کێبەرکێی هاوپەیمانی سعودییە لەگەڵ ئێرانیش وا دەبینیت بەردەوام بێت تا ئەوکاتی ناوچەکانی سەربەهاوپەیمانتییەکان سنوریان ئاشکرا دەبێت، کوردستانیش کەوتۆتە ناو چەقی ئەو ململانێیانە، لەو نێوانەدا چ داهاتوییەک بۆ کوردستان چاوەڕوان دەکەیت؟
ئیدریس ئەحمەدی: ئەو دەرفەتەی کە بۆ کورد هاتۆتە پێش کەم وێنەیە، ڕەنگە تەنها بتوانین بەراوردی بکەین بەسەردەمی دوای شەڕی یەکەمی جیهانی، چونکە لانی کەم بە تێگەشتنی رۆژئاواییەکان کورد لەڕووی ئایدۆلۆژییەوە جیاوازە لەدراوسێکانی. راستە ئەمریکا لەسەرەتا هەوڵیدا حکومەتێکی ناوەندی بەهێز و دیموکراسی لەعێراق دروست بکاتەوە، بەڵام ئەو پرۆژەیە سەرنەکەوت، لەمەحاڵیش دەچێت سەربگرێ.
حکومەتی عێراق ئێستا دوو دڵە لەوەی هاوپەیمانی ئەمریکا بێت، یان هاوپەیمانی ئێران بێت، هەروەها نفوزی بەرچاوی ئێران لەسەر حکومەتی عێراق هەیە. لەلایەکی تر، لەوەتەی حزبی دادو گەشەپێدان لەتورکیا دەسەڵاتی بەدەستگرتووە، دەبینین تورکیا هەم بەهۆی ئەو بۆشاییەی کەلەناوچەکەدا هاتۆتە ئارا دوای کشانەوەی ئەمریکا لەعێراق، هەم بەهۆی سەرهەڵدانەوەی کێشەی سوننەو شیعە، هەروەها بەهۆی ئیسلامی بوونی حزبی دادو گەشەو ئەو رەهەندە تائیفەگەرییەی کەلە سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا هاتۆتە کایەوە، ئێستا تورکیاش لەرۆژئاواو لەئەمریکا دوورکەوتۆتەوە. لەحاڵەتێکی ئاوادا بۆشاییەکی ئایدۆلۆژی هەیە کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ دروستبوونی هاوپەیمانێک بۆ ئەمریکا لەناوچەکە. کورد ئەتوانێ ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە. هەتاوەکو لەم وڵاتە کلیلیانەدا (ئێران، عێراق، سوریا، تورکیا و تا رادەیەکیش سعودییە)، هێزێک نەیەتە سەر دەسەڵات، کە لەڕووی ئایدۆلۆژییەوە بۆ هاوپەیمانێتی ئەمریکا گرنگ و قابیلی قبوڵ بێت، ئەمریکا پشتی کورد بەرنادات. هەروەها پاش شەڕ دژی داعش، قورسایەتی جیۆپۆلیتیکی کوردستان بۆ ئەمریکاو هەوپەیمانەکانی دەرکەوتووە، کەوایە لەو ڕوەوە ئەتوانین بڵێین دەرفەت و بۆشاییەک لەبەردەم کورددا دروست بووە، دەتوانرێ کاری لەسەر بکات.
هەڵبەت ئەوە بە واتای ئەوە نییە ئەمریکا و رۆژئاوا بە گشتی بیانهەوێ یارمەتیدەری پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی بن لە باشور. راستییەکەی، ئەمریکا ترسی هەیە تاوانبار بکرێ بەوەی کە “ئیسرایلێکی دیکە” لە ناوچەکەدا ئاوادەکا. هەروها دەبێ بالانس رابگرێ لە نێوان پشتیوانیکردنی کورد لە لایەک و لەلایەکی دیکەوە راگرتنی پەیوەندییەکانی لە گەڵ سعودییە، تورکییە و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە. مەسەلەیەکی دیکە ئەوەیە کە ئەمریکا ئێستاشی لەگەڵ بێ، دەستی بەرنەداوە لە پرۆژەی دروستکردنەوەی دەوڵەتی عێراق، دەوڵەتێک کە بەهێز بێ و هەموو پێکهاتەکان لە خۆ بگرێ، بۆئە دژی ئەوەیە کورد سەربەخۆ نەوت رەوانەی دەرەوە بکا و ئەو چەکەی بەکوردی دەدا، هەم لە رێگای بەغداوە دەینێری و هەمیش چەکی سوکن، چوونکە نایەوێ بەغدا لە خۆی بڕەنجێنێ. بەڵام لە کردەوەدا ئەمریکا سەلماندی رێگا نادا حکومەتی هەرێم لە نێو بچێ.
بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانییە، کورد بەهۆی پەرتەوازەیی و نەبوونی یەک ریزی خۆیەوە، ئەگەر چارەسەر نەکرێت، ناتوانێ ببێتە ئەو هێزەی کەبتوانێ ئەو بۆشاییەی هاتۆتە پێش پڕی بکاتەوە. ئێمە دەبینین کە لەناوخۆی کوردستاندا پارتی و یەکێتی دوو سیاسەتی جیاوازی دەرەوەیان هەیە. هەروەها ململانێی نێوان پەکەکەو پارتی وایکردووە لەپەیوەندی لەگەڵ سوریادا کورد سیاسەتێکی یەکگرتوو و هاوبەش نەباتە پێش. بۆ نموونە ئەگەر بە چاوەدێری لایەنی نێودەوڵەتی لە ناوچە کوردییەکانی سووریەدا هەڵبژاردنی ئازاد و دێموکراتیک ئەنجام درابایا، قورسای کورد لە رووی ئایدیۆلۆژی و ژیۆپۆلیتیکەوە ئەوەندەی دیکە زیادی دەکرد. بەهۆی ئەوەی هێزە کوردییەکان لەناوخۆدا یەک نین، کورد ستراتیژیەتێکی یەکگرتووی نەتەوەیی نییە، نەک لەسەر ئاستی هەموو بەشەکانی کوردستان، بەڵکو تەنانەت لەباشوری کوردستانیشدا هەست بەو یەکڕیزییە ناکرێت. هەروها کوردستان دووچاری قەیرانێکی گەورەی دارایی بۆتەوە، لەقۆناغی جەنگیشدایە لەگەڵ داعش. تەنها شتیش کەبتوانێ کوردستان بگەیەنێتە ئەو ئاستەی ئەو دەرفەتەی بۆ کورد هاتۆتە پێش بیقۆزێتەوەو ئەو قەیرانانەی ڕووبەڕووی بۆتەوە بەسەرکەوتووی تێی بپەڕێنێ، رێکخستنی نێوماڵی کورد و بەردەوامیی ئەوپشتیوانییە کە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بەداعش بۆ کورد هەیەتی.
نوچەنێت: کەوایە دەرفەت لەبەردەم کورد تا ئەوکاتە هەیە، هاوپەیمانێکی ئایدۆلۆژی بۆ ئەمریکاو رۆژئاوا دروست دەبێت لەو ناوچەکەدا، پێت وایە دروست بوونی ئەو هاپەیمانە بۆ ئەمریکا نزیک بێت؟
ئیدریس ئەحمەدی: ئەگەر ئەمریکا لە گەڵ ئێران بەرێککەوتنێکی دایەمیش بگا، جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە زۆر زەحمەت دەبێت. رێککەوتن شتێکەو جێبەجێکردنی شتێکی ترە. بەرەچاوکردنی ئەوەی رژێمی ئێران بەهۆی سروشتی ئیدۆلۆژیک و بەهۆی ئەو ئامانجانەی کەهەیەتی، ئەکرێ بڵێین تاکو ئەو رژێمە لەئێران بمێنێتەوە لەدژایەتیدا دەبێت لەگەڵ ئەمریکا. لەعێراقیش هەتا ئەوکاتەی شیعەکان و سوننەکان نەتوانن لەسیاسەتی تائیفەگەری دوورکەونەوە، کە مەحاڵە لێی دوربکەنەوە، هەروەها تاکو ئەوکاتی حزبی دادوگەشە لەتورکیا دەسەڵاتی بەدەست بێت، کە ئەویش چاوەڕوانکراوە تا ئایندەیەکی زۆر بمێنێتەوە لەدەسەڵات، دروستبوونی ئەو هاوپەیمانە بۆ ئەمریکا و لەم ناوچەیەدا نزیک نییە.
بۆیە چاوی سەرەنج لەسەر کوردە. ئەوەش وا دەکات ئەو پشتیوانیەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ کورد هاتووەیە ئاراوە، بەردەوامی هەبێت. لایەنێکی تریش کە زۆر بۆ من جێی سەرەنجە ئەوەیە ئەورپییەکان بەبەراورد بەڕابردوو دەیانەوێ رۆڵێکی زیاتر بگێڕن لەناوچەکەدا. هاندەری ئەورپاش بۆ ئەوەی رۆڵێکی بەرچاوتر ببینێ، ئەوەیە کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نزیکترە لە ئەوروپا و ئەورپییەکان زیاتر هەست بەخەتەری تیرۆرزمی ئیسلامی دەکەن. کوردەکان بەهێزێکی پشکەوتنخواز و نزیکتر لەخۆیان دەبینن، تابتوانن سەرمایەگوزاری لەسەر بکەن، بۆ ئەوەی کە ئەگەر نەشتوانن ناوچەکە بەتەواوی بەبارێکدا بگۆڕن، لانی کەم جێ پێییەکی باشتر بۆخۆیان دروست بکەن. هەموو ئەوانە وامان لێ دەکات دڵخۆش بین بەئایندەی کوردستان، بەو مەرجەی یەکڕیزی کورد پارێزراو بێت.
نوچەنێت: بەڵام لەکوردستان ویستێک هەیە بۆ نزیکبونەوە لەئێران، ئەو ویستە لەدەرەوەی کایە سیاسییەکان نییەو رەنگە کاریگەریش بێ لەبڕیاردان لەکوردستاندا، ئەگەر ئەو ویستە بەجێی قسە بزانین، پێت وایە روناکییەک لەنزیکبونەوە لەئێران، یان لەبەرەی شیعە هەیە بۆ داهاتووی کوردستان؟
ئیدریس ئەحمەدی: ئەو بەشەی شیعە کە کەمینەن لەناوچەکەدا، لە ئێران بەدەر، قەزیەکەیان ڕەوایە، بەڵام حەقیقەت ئەوەیە، شیعەگەری بەهۆی هەژموونی کۆماری ئیسلامییەوە، وای لێهاتووە، ئەگەر بەڕاشکاویش باسی ویلایەتی فەقێ نەکەن، ئەوە لەسیاسەتدا بڕوایان بەشێوەیەک لەتائیفەگەری هەبێ، کە تێکەڵەیەکە لەئیسلامی سیاسی و لەدژایەتیدایە لەگەڵ دیموکراسی و پێشکەوتن و عەلمانیەت. بۆیە بەزەحمەتی دەبینم کورد بتوانێ لەرووی ستراتیژییەوە لەگەڵ شیعە هاوپەیمان بێت. ئەوە بەو مانایە نا کورد لەڕووی تاکتییکەوە لەگەڵ شیعەبێ یان سوننە، سوریا، ئێران یان تورکیا هاوکاری نەکات.
ئەبێ ئەوەمان لەبیر نەچێ کە کۆماری ئیسلامی گرجووگۆڵی بەرچاوی دیپلۆماتیک لەخۆی پێشان دەدات، بەڵام لەناوچەکەدا چەند ئامانجێکی ستراتژیکی هەیە کە دژ بە کوردن. یەکێک لەوانە رێگرتنە لە سەرهەڵدانەوەی عێراقێکی یەکگرتوو کە دێموکراتیک و بەهێز بێ، چونکە دەزانێت تەنانەت ئەگەر شیعەکانیش لەسەردەسەڵات بن، ئیحتیمالی ئەوە هەیە، دیسان وەکو سەردەمی سەدام حسەین عێراق هەژمونخوازی ئێران لەناوچەکەدا بلۆک بکات. کەوایە ئەگەرچی لەقسەشدا باسی سەقامگیری عێراق بکات، بەڵام لەکرداردا ئێران کاری ئەوە دەبێ، عێراق ئەوەندە سەقامگیر نەبێ بگاتە ئەو ئاستەی خەتەر لەسەر بەرژەوەندی ئێران دروست بکات.
هەروەها نزیکبونەوەی ئێران لەکوردستان لەم کاتەدا، لەچوارچێوەی تریسێکدایە کە لەسوننەکان هەیەتی، چونکە سوننەکان ئەکتەرێکی سەرەکی گۆڕەپانی سیاسی عێراقن. هەروەها ئەگەری هەیە لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە هاوکاری و پشتیوانی بکرێن بۆ بەهێزکردنیان و ئەوانیش ئێران و هەژموونی ئێرانیان قبوڵ نییە. ئەوەیە پاڵ بەئێرانەوە دەنێت، لەدوای شیعەی عێراق دووەم لایەن کەهەوڵ بدات تاکتیکی لێی نزیک بێ، کوردە و لە ناو کوردیشدا هێندێک هێزی کوردی کە لە راستای بەرژوەندییەکانی ئێراندا خۆیان ببیننەوە. ئەگەرنا دووەم ئامانجی ستراتیژی ئێران لە عێراقدا ئەوەیە، کە نەهێڵێت بەهیچ شێوەیەک ناسیۆنالیزمی کوردی لەسەر ئەرزی واقیع لەکوردستانی عێراق کۆمەڵێک دامەزراوە دروست بکات کە لەڕێیانەوە بۆ ناوچەکەو دونیای دەرەوەی بسەلمێنێت، کورد دەتوانێت دەوڵەتێک لەداهاتوودا بۆخۆی دروست بکات و دواتریش کاریگەری لەسەر کوردی بەشەکانی تری کوردستان هەبێت. بۆیە ناکرێ و ناتوانرێ لەڕووی ستراتییەوە ئێران بەدۆستی حکومەتی هەرێم ببینرێت، ئەگەر کوردیش جگە لە تاکتیک هەوڵی نزیکبونەوە لەئێران بدات، هەڵەیەکی گەورە دەکات.
پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێم و تورکییە ئەم راستییە دەسەلمێنێ. سەرکردایەتی پارتی پێیان وا بوو تورکییە ئامادەیە پەیوەندی ستراتژیک لە گەڵ حکومەتی هەرێم ساز بکا. بەڵام بینیمان کەتێک داعش خەریک بوو نزیک بێتەوە لە هەولێر و حکومەتی هەرێم داوای یارمەتی لە تورکییە کرد، تورکییە هیچ یارمەتییەکی کوردی نەدا. تاکوو مەسەلەی کورد لە تورکییە و ئێران چارەسەر نەکرێ، نابێ چاوەڕوانی پەیوەندی ستراتژیک لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەم دوو وڵاتەدا بکرێ. پەیوەندی وەزەیی ناکرێ بکرێ بە بنەما بۆ پەیوەندی ستراتژیک، چوونکە پەیوەندی ستراتژیک بە واتای پێناسەکردنەوەی دۆست و دوژمنە. ئێران و تورکییە، کوردی باشور بە دۆژمن دەزانن، نەک بە دۆست. ئەوانەی ئێستا بیر لە پەیوەندی ستراتژیک لە گەڵ ئێران دەکەنەوە، هەڵەی پارتی لە چاوەڕوانی پەیوەندییەکانیان لە گەڵ تورکییە دووپات دەکەنەوە.
نوچەنێت: ئەو هۆکارەی کەپشت پێبەستراوە بۆ نزیکبونەوە لەئێران، ئەوەیە، کەکوردستان سنورێکی دوورودرێژی لەگەڵ ئێران هەیە، ئێران دەتوانێ خەتەری گەورەی لەسەر دروست بکات، هەر ئەوەشە بەشێک لەکوردستانی ناچارکردووە نزیکی ئێران بێت، ئایا ئەمە پاسەوێکی موقنیع نییە؟
ئیدریس ئەحمەدی: ئەوەی کەئێران ئەتوانێ مەترسی لەسەر کوردستان دروست بکات، بەو مانایە نییە، هەوڵ بدەی لێی نزیک بیتەوە یان هاوپەیمانێتی لەگەڵ دروست بکەیت، یان ئەگەر لێی نزیک بیتەوە پێت وابێ دەتوانی رێگە لەئێران بگری کەمەترسی و دژایەتی هەرێمی کوردستان نەکات.
ئێستا حکومەتی کوردستان خۆی دەپارێزێ لەوەی بەرەسمی باسی بکات، ئەگەرنا جگە لەپشتیوانی لەگروپە توندڕەوەکان، ئێران ژێرخانێکی لەناوخۆی باشوری کوردستاندا دروستکردووە، کەبەڕواڵەت زۆر بێ گوناح دیارە، بەڵام لەڕێیانەوە چەندین چالاکی ئیتڵاعات لەژێر ناوی چالاکی بازرگانی و خێرخوازی لەکوردستان بەڕێوە دەبات، وەک ئامادەکاری بۆ ئەوکاتی ئەگەر پێویستیکرد ناسەقامگیری لەکوردستان پێکبهێنن. شتێکی تر کە ئێران دەیکات بڵاوکردنەوەی مادە هۆشبەرەکانە کە لەناسەقامگیری ئەمنی و لەتیرۆرزم زۆر خەتەر ترە. بۆیە دەتوانم بڵێم ئەگەر نزیکبونەوە لەئێرانیش هەبوبێ بۆ دورخستنەوەی مەترسی ئێران لەسەر باشوری کوردستان، ئەو هەوڵە نەگەشتۆتە ئامانج، بەڵکو ئێران لەڕێگەیەکی ترو بەشێوەیەکی تر خەتەری لەسەر باشوری کوردستان دروستکردووەو دروستیشی دەکات.
نوچەنێت: کەوایە حکومەتی هەرێم چی بکات، بەرانبەر ئەو مەترسییە؟
ئیدریس ئەحمەدی: من پێموایە هەتا حکومەتی هەرێم لەبەرانبەر ئێران پاشکشە بکات، هەتا لاوازی پێشان بدات، ئەوەندەی تر ئێران دەتوانێ لەناخۆی کوردستاندا نفوز پەیدا بکات. هۆکاری ئەو پاشەکشەو لاوازیەی کوردستانیش وەک باسمکرد، ناکۆکی سیاسییە لەکوردستان، خۆ ئەگەر ناکۆکی نێوان حزبە سیاسییەکانی باشوری کوردستان نەبوایە، نفوزی ئێران بەو چەشنەی کە ئێستا هەیە نەدەبوو.
ئێستا مەترسی ئێران لەسەر کوردستان گەورەیە، چونکە ئەگەر ئێران لەبەشێکی کوردستان چالاک بێت، ئەو بەشەی تریشی کەلایەنێکی تێدایەو دەیەوێ بەر بەئێران بگرێت، تاسەر پارێزراو نابێ لە نفوزی ئێران. ئیستا موشکیلەی کوردستان ئەوەیە کە لەڕووی جیۆپۆلیتیکەوە دابەش بووە بەسەر دوولادا، لایەک دەیەوێ لەگەڵ ئێران پەیوەندییان بێ، لایەک دەیەوێ لەگەڵ تورکیا پەیوەندییان بێ. ئەگەر ئەم دوو لایەنە رێکبکەوتنایە کە بەشێوەیەک پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دوو بەرە رێبکخستایە کەتێیدا کورد بەلایەنی لاواز دەرنەکەوێت، و لاوازیی خۆی تێیدا تەرجەمە بکات بەلایەنی بەهێز، دەیانتوانی پێش بەو نفوزی ئێران لەباشوری کوردستان بگرن. بەڵام لەکوردستان ئەوە لەقسەدا ئاسانە و لەپراکتیکدا زۆر زەحمەتە، ئەویش بەهۆی کۆمەڵێ بەرژەوەندی حزبی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، کە پەیوەندییان بەبەرژەوەندیی نەتەوەیی کوردەوە نییە.
بۆ نموونە لە ئەگەری شکستی داعشدا، دەکرێ شەڕ لە نێوان میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران و کورد لە کەرکوک و هێندێک شوێنی دیکە روو بدا. لە حاڵەتێکی وادا، تورکییە ئامادە دەبێ یارمەتی کورد بکا، چوونکە ئەم جارەیان لە ترسی ئێراندا ناچار دەبێ پشتیوانی کورد بکا. ئەگەر پارتی و یەکیەتی لە دۆخێکی وادا سیاسەتێکی هاوبەشیان نەبێ، چۆن دەکرێ رووبەڕووی ئەو مەترسییە ببنەوە؟
تاکوو ئەو کاتەی مەسەلەی کورد لە پارچەکانی دیکەدا چارەسەر نەکرێ، پەیوەندی ستراتژیک لە گەڵ ئێران و تورکییە زەمینەی نییە. بەڵام گرجوگۆڵی لە سیاسەتی کوردیدا، کە پێش مەرجی ئەوەیە هێزە سەرەکییەکانی کوردستانی عێراق ستراتژیەکی هاوپەشیان هەبێ، دەتوانێ ببێتە هۆی ئەوەی کورد لە دەرفەتەکان کەڵک وەربگرێ و مەترسییەکان پووچەڵ بکاتەوە. کورد دەبێ هەوڵ بدا لە نێوان ئێران و تورکییەدا، یان لە نێوان سونە و شیعەدا، پارسەنگ رابگرێ، نەک خولیای ئەوەی هەبێ کە ببێ بە هاوپەیمانی یەکێک لەم لایەنانە.