نوچە.نیت.روداوو
كەم كەس دەیناسن، بەڵام سەردەمانێك تاكە كچی كورد بوو لە عێراق و جیهانی عەرەبی سەرقاڵی مۆدێل و نمایشی جلوبەرگ بوو. شنە عادل لەبەردەم دەیان شاژن و میری عەرەبی و ئەوروپی نمایشی جلوبەرگی كردووە. لە 1986 تاوەكو 1993 تۆپ مۆدێل بووە لە عێراق. شنە ئێستا لە هۆڵەندا نیشتەجێیە و (رووداو) لە رێگەی ئیمەیڵەوە ئەم هەڤپەیڤینەی لەگەڵ سازكرد.
رووداو: دەستپێكی كاری تۆ وەك مۆدێل بە رێكەوت بوو، یان بەرنامەت بۆ ئەوە هەبوو؟
شنە: سەرەتای ساڵی 1986 بوو، من لە رێستۆرانتی رێحانەی هوتێلی رەشیدی بەغدا دانیشتبووم. ژنێك كە بەڕێوەبەری نمایشی جلوبەرگی عێراق بوو، هاتە لام و گوتی دەكرێت قسەت لەگەڵ بكەم؟ گوتم بۆ نا. من باڵام زۆر بەرز بوو، هەروەها دەموچاوێكی رێك و جوانم هەبوو. ئەو ژنە گوتی دەتەوێت ببیتە نمایشكاری جلوبەرگ؟ منیش یەكسەر گوتم بەڵێ. هەر كە چووم بۆ خانەی نمایشی عێراقی كە ژنی سەدام سەرپەرشتی دەكرد، یەكسەر كرامە تۆپ مۆدیلی عێراق. بەناوی عێراق بەشداری سەدان نمایشی كەنداو و وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی و ئەمریكیم كرد، جگە لەوە نمایشی تایبەتیشم بۆ شاژنەكان و ژنە وەزیر و سەرۆكەكان كردووە. بۆیە هاتنە نێو دونیای فاشیۆن بۆ من رێكەوت بوو.
رووداو: لە عێراق چەند ساڵ كاری مۆدێلت كرد؟
شنە: لە ساڵی 1986 تاوەكو 1993 بەردەوام بووم، دواتر بەنهێنی بەغدام جێهشت و هاتمەوە سلێمانی و وازم لە مۆدێل هێنا. لە ساڵی 1997 كوردستانم جهێشت و ئێستا لە هۆڵەندام. لێرەش كە زانییان من مۆدێلم و ناوبانگم هەبووە چەند داوایەكم بۆ هات، تەنیا لەبەر چەند هاوڕێیەك نمایشێكم لە یۆنان پێشكەش كرد، بەڵام لەو رۆژەوە من هیچ نمایشێكی دیكەم نەكردووە، تەنیا وەك پسپۆڕێك و شارەزایەك رێنمایی و راهێنان بە كچانی ئەوروپی و كورد دەكەم.
رووداو: تۆ نمایشی تایبەتت بۆ شاژن و میرەكان هەبووە، ئەو شاژن و میرانە كێ بوون؟
شنە: زۆربەی شاژنە عەرەبەكان و ئەوروپییەكان، جارێكیان لە عێراق لە ساڵی 1988 لە بەرامبەر سەدام حوسێن كە مەلیك فەهد و سعود فەیسەڵ میوانی بوون لە كۆشكی كۆماری نمایشم بۆیان كرد، ئەو كات مەلیك فەهد ئۆتۆمبێلێك و كاتژێریكی ئەڵماسی گرانبەهای پێشكەش كردم، بەڵام بەداخەوە دواتر بەڕێوەبەرەكەم بە بیانووی ئەوەی دەیداتەوە حكومەتی عێراق لێی سەندمەوە. شاژنە نوور خێزانی شاحوسێنی ئوردن برادەرم بوو، زۆر منی خۆشدەویست و كارەكانی منی زۆر بەدڵ بوو، چەندین جار لەبەردەم ئەو لەگەڵ منداڵەكانی خۆی و وەزیرەكانی نمایشم كردووە. شاژنی ئیسپانیا خێزانی خوان كارلۆس دەعوەتی كردووم و نمایشم بۆ كردووە. بۆ ژنەكان و منداڵەكانی میری كوێت و میرەكانی ئیمارات نمایشم كردووە. بۆ ساجیدەی ژنی سەدامیش چەندینجار نمایشم كردووە.
رووداو: ئەوكات وەكو كچە كوردێك هیچ كێشەت بۆ دروست نەدەبوو لە نێو كۆمەڵگەی كوردی؟
شنە: كەسوكارەكەم زۆر پشتگیرییان دەكردم، بۆیە هیچ كێشەیەكی وام بۆ دروست نەبوو، جگە لەوەش كە دەهاتمەوە سلێمانی خەڵكیش زۆر دەستخۆشییان لێدەكردم. خەڵكی ئەوكات زۆر لە ئێستا كراوەتر بوون، نابێ ئەوەش لەبیر بكەین كە كچانی ساڵانی حەفتا و هەشتاكان لە لوتكەی ئەناقەت و جوانی و تەنسیقی جوانی جلوبەرگدابوون، بەڵام ئەو شتانە لە كچی ئێستادا نابینمەوە. لە بەغدا كەمێك كێشەم بۆ دروست بوو، عودەی كوڕی سەدام رێگەی لە كچان دەگرت، رۆژێك هاتە سەر رێگای منیش، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەڕێوەبەرەكەم برادەرێكی نزیكی ساجیدەی دایكی بوو، شكایەتی لێكرد و ئیدی وازی لێهێنام.
رووداو: هەوڵت نەداوە پەیمانگایەك لە كوردستان بۆ مۆدێل و دیزاینەری جلوبەرگ بكەیتەوە؟
شنە: بەڕاستی تاوەكو ئێستا من خۆم هەوڵم نەداوە، چونكە پێموایە دەسەڵاتی كوردستان خەمخۆرییان بۆ ئەو بوارە نییە، دەنا من ئامادەم بگەڕێمەوە كوردستان و شارەزایی و پسپۆڕیی چەند ساڵەی خۆم ببەخشمە كچانی كوردستان، بەڕاستی زۆر شتی باش لە هەگبەی مندا هەیە، ئێستا هۆڵەندییەكان و ئەوروپییەكان لەگەڵ چەند كچێكی كورد سوودم لێ وەردەگرن و رۆژانە دەیان كەس دێنە لام و رێوشوێنی ئەكادیمی مۆدێل و تەنسیقی جلوبەرگ بۆ گۆڤارە جیهانییەكان دەكەم.
رووداو: مۆدێل جلی رووت و هەندێجاریش جلی ژێرەوەی ژنانیش نمایش دەكات، تۆ ئەو كارانەت كردووە؟
شنە: خەڵك دەبێت ئەوە بزانێت كە مۆدێل دەیەوێت جوانیی جلوبەرگەكە نیشان بدات، نەك لەشولاری خۆی. من لە ئەوروپا زۆر داواكاریم لەلایەن ماركە جیهانییەكانەوە بۆ دەهات، بەڵام لەبەر ئەوەی جلەكان بۆ ژنێكی كورد گونجاو نەبوون رەتمكردوونەتەوە، یەكێك لەو كۆمپانیایانەی كە داوای لێكردم نیكی بوو لە هۆڵەندا، بەڵام من نەمكرد. من كاتی خۆی جلی ژێرەوەشم نمایش كردووە، بەڵام تەنیا بۆ ژنان بووە و پیاو بۆی نەبووە بێتە ژوورەوە، هیچ وێنەیەكیش نەگیراوە، ئەگەر جلی زۆر كورتیش هەبووە تەنیا ژنان بۆیان هەبووە بێنە هۆڵەكە.
رووداو: لە كوردستان تاوەكو چەند گرنگی بە بواری جوانكاری و جلوبەرگ و مكیاژ دراوە؟
شنە: بەداخەوە لەم بوارەدا زەوقی خەڵكی كوردستان بەتایبەت كچان شێوێندراوەو ئەمەش هەندێك لە كەناڵەكانی كوردستان بەرپرسن لە تێكدانی زەوق. بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی لە كەناڵێكی كوردی هەیە كە جلوبەرگ بۆ كچان دیاری دەكات و باسی تەنسیقی رەنگ دەكات، بەڕاستی زەوقی خەڵكی تێكداوە و زۆر نائەكادیمی قسە دەكات. بەرنامەكە زۆر هەرەمەكیە، دواتر كچان دەباتە ئاریشگایەك ناشیرینتریان دەكات، دەبێت ئەمانە بوەستێنین، دەنا زەوقی كچانمان بەتەواوی تێكدەدات. كچێك هەیە گۆرانی دەڵێت بەناوی لۆكە، زەوقی كچی كوردی لە رووی مكیاژەوە تێكداوە، زۆربەی كچانیش لاسایی ئەو دەكەنەوە، ئەمەش كارێكی زۆر خراپە. كلیپ هەیە گۆرانی بۆ پێشمەرگە و كوردستان دەڵێن، گۆرانیبێژەكە گوارەو خەناوكە و شتی دیكە لەبەر دەكات كە لەگەڵ ناوەڕۆكی گۆرانییەكە ناگونجێ.
رووداو: چەند دیزاینەرێكی كورد بەشێوازێكی نوێ جلی كوردییان نمایش كرد، ئێوە چۆن دەڕواننە ئەم تازەگەرییە لە جلی كوردیدا؟
شنە: ئەمە هەنگاوێكی باش بوو، بەڵام بەداخەوە هیچ بۆن و تام و مۆركێكی كوردی پێوە دیار نەبوو، زۆر گۆڕانگارییان تێدا كردبوو رەسەنایەتی خۆی لە دەستدابوو.
رووداو: تۆ نزیكەی 7 ساڵ تۆپ مۆدێلی عێراق بوویت، لەبەرامبەر چەندین سەرۆك و پاشا نمایشت كردووە، رژێمی بەعس داوای لێت نەكردووە ببیتە بەعسی؟
شنە: بێگومان چەندین جار لەلایەن پیاوانی رژێم داوام لێكراوە ئیمزا بكەم بۆیان، بەڵام بە تەحەداوە دەیڵم هەرگیز بۆم ئیمزا نەكردوون و بۆ رۆژێكیش نەبمەتە ئەندامی بەعس، ئەوان هەر بەو هێندە نەوەستان، دەیانگوت نابێت لە چاوپێكەوتنە رۆژنامەو گۆڤارەكان بڵێت من كوردم، دەبێت بڵێم من خەڵكی بەغدام، بەڵام هەمیشە دەمگووت من خەڵكی باكووری عێراق و شاری سلێمانیم، بۆیە رۆژێكیان لە رۆژنامەیەكی كوێتی چاوپێكەوتنم لەگەڵ كرا، نووسیبوویان ئەم كچە بەژن و باڵای لە دارخورمایەكانی باشوور دەچێت و رەنگ و دەم و چاویشی لە تاڤگەكانی باكووری عێراق دەچێت ، بەڵام ئەگەر بەڕێوەبەرەكەم نەبووایە كە زۆر هاوڕێی ژنی سەدام بوو، ئەوا من دەمێك بوو كوژرابووم، بەڵام ئەو هەمیشە پاڵپشت و هاوكارم بوو، چونكە خێزانی ئێمە زۆر كوردپەروەر بوونە، من بیرم دێت باوكم زۆر هاوكاری پێشمەرگەی دەكردو هاوڕێی مەلا مستەفا بوو، من خۆم چەند جار مەلا مستەفام لە ماڵی خۆم بینیوە لەگەڵ باوكم دانیشتبوون بۆیە بە هیچ شێوەیەك نەبوومەتە بەعسی.


