نوچەنێت.ههولێر:
سکرتێری پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، بڕیارە وەک سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان سەردانی ھەموو لایەنە سیاسییەکان بکەن لەبارەی دەستوور، لەو چوارچێوەیەشدا کۆتایی حەفتە سەردانی گۆڕان و یەکێتی دەکەن.
سکرتێری پەرلەمانی کوردستان (فەخرەدین قادر) بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاند”وەک سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بەرنامەیەکیان داناوە بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لەبارەی دەستوور کۆ ببنەوە و، تا ئێستاش سەردانی سەرۆکی ھەرێم و کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامیان کردووە و بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممەیش سەردانی سلێمانی بکەن و لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وبزووتنەوەی گۆڕانیش کۆ ببنەوە.
سکرتێری پەرلەمانی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، سەردانی ھەموو لایەنە سیاسییەکان دەکەن پرسە ورای ئەوان وەردەگرن، بەڵام بەجۆرێک دەبێت کاریگەری لەسەر کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان نەبێت.
گوتیشی، ھەموو لایەنەکان تا ئێستا پشتگیرییان لێیان کردووە کە سازان لەسەر دەستوور بکرێت و، پێویستە سەرەتا لایەنەکان سازان لەبارەی دەستوور بکەن، دواتر لە پەرلەمان کارە یاساییەکانی تەواو بکرێت.