نوچەنێت.ههولێر:
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان،رایدەگەێنێت،ئەو گرفتانەی لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا هەبووە،نابێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا دوبارە ببێتەوە.
بەپێ راگەیەنراوێكی راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان كەوێنەیەكی بۆ(نوچەنێت)نێراوە”د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت”هەماهەنگی نێوان کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان، وادەکات هەڵبژاردن لە عێراق و هەرێمی کوردستان پاک و دوور لە ساختەکاری بێت، بۆ ئەو مەبەستەش ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئامادەیی هاوکاری و پشتیوانییان دەربڕیووە، بۆ درووستکردنی ئەو هەماهەنگییە و ڕێکخستنی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی پاک و دوور لە گیرگرفت“.
بەپێ راگەیەنراوەكە”ئەم وتانەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە میانی پێشوازیکردن هات لە سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، کە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێ شەممە ٦ی نیسان سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ سەرۆک و جێگر و سکرتێری پەرلەمان شێوازی هەماهەنگی و پەیوەندی نێوان هەردوو کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم و بەغدایان تاوتوێکرد“.
لەبەشێكی تری راگەیەنراوەكە هاتوە”لەسەرەتای دیدارەکەدا، سەرۆکی پەرلەمان، باسێکی لە پێکهاتەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستانی کرد و ئاماژەی بەوەدا ئەم کۆمیسیۆنە لە پەرلەمانی کوردستان متمانەیان پێدراوە، داواشی لێکردن بە هەماهەنگی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم هەوڵبدەن، ئەو گرفتانەی لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا هەبووە، لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا دوبارە نەبێتەوە“.
هەر بەپێ راگەیەنراوەكە”سەربەست مستەفا، سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق و ئەندامانی ئەنجومەنەکە، پیرۆزبایی دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان کرد، داواشیان لە پەرلەمانی کوردستان کرد هاوکارییان بێت کە گرفت و کێشە یاسایی و تەکنیکییەکانیان لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسی هەرێم چارەسەر بکەن“.