نوچەنێت.ههولێر:
سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كە یەكێك بوو لە بەشداربووانی كۆبوونەوەی نێوان مەسعود بارزانی، و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان،رایگەیاند بارزانی تاوەكو ئێستا بڕیاری نەداوە بۆ ویلایەتی داهاتوو دەمێنێتەوە یان نا.
د.فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) سەبارەت بە هەڵوێستی بارزانی لە پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و قسەی دڵی بۆ شاندی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، دەڵێ “ئەو شتە لە كەسایەتی بارزانیدا تازە نییە، هەر لە كۆنەوە باسی كردووە، ئەو لە نێو شۆڕشەوە هاتووە و بە هەڵبژاردنیش كراوەتە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نەك بە ئینقیلاب. مانەوە لەسەر كورسی دەسەڵات لەلای ئەو ئامانج نییە، بەڵكو خزمەتكردن ئامانجە”.
وتیشی “بارزانی دەڵێت من ئەو سەركردەیە نیم، تا هەتایە دەست بە كورسییەوە بگرم، بەڵام واقیعێك دروست بووە، شەڕ هەیە و هەر قسەیەك من بیكەم كاریگەری دەبێت لەسەر شەڕ و هەڵوێستی دوژمنیش، بەڵام ئەمە كاری پەرلەمان و حیزبەكانە گفتوگۆی لەسەر بكەن”.
د.فوئاد حوسێن تا ئێستا نازانێ بارزانی بڕیاری یەكلاكەرەوەی خۆی داوە لەوەی لە پۆستەكەی دەمێنێتەوە یاخود نا و دەڵێ “ئەم بابەتە بە دەستی دوو لایەنە، یەكەمیان جەنابی بارزانییە كە خۆی بڕیار بدات دەمێنێتەوە یان نا، بەشەكەی دیكە پەیوەندی بە حیزبەكانەوە هەیە، رای ئەوان كە ئایا لەبەر بارودۆخی ئێستای كوردستان داوای مانەوەی دەكەن، بەشێكی دیكەی پەیوەندی بە پەرلەمانەوە هەیە، چونكە بابەتێكی یاساییە، پێویستە پەرلەمان ببێتە بەشێك لە چارەسەر”.
سەبارەت بە هاتنی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ هەولێر و كۆبوونەوەی لەگەڵ بارزانی، فوئاد حوسێن دەڵێ “گرنگ نییە چی وای كردووە كە عەبادی بێتە هەرێمی كوردستان. گرنگ ئەوەیە عەبادی یەكەمجارە دێتە هەولێر، بە تایبەتی جەنابی سەرۆك و بەڕێز عەبادی لە میونخ یەكتریان بینی، پێشتریش پەیوەندی تەلەفۆنی لە نێوانیان هەبوو، بەبڕوای من كاریگەری باشی دەبێت لەسەر هەولێر و بەغدا، جگە لەوە ئەم سەردانە ئاماژەیەكی باشە بۆ شەقامی عەرەبی و كوردی و جیهانی دەرەوە، بەوەی كە هەر دوولامان دەتوانین پێكەوە ئیش بكەین و شەڕی داعش بكەین”.
فوئاد حوسێن راشكاوانە قسە لەبارەی رۆڵی كورد لە ئازادكردنەوەی مووسڵ دەكات و دەڵێ “مووسڵ بەبێ كورد ئازاد ناكرێت، چونكە لە سێ لاوە بە پێشمەرگە دەورە دراوە”.