نوچەنێت.ههولێر:
زاناێكی دیاری ئایینی رایدەگێنێت،گەلی كوردستان رووبەڕووی تاقمێك بۆتەوە كە گومان دەكرێت مرۆڤ بن، نەك باسی ئەوە بكرێت ئەمانە موسڵمانن یان نە،دەشڵێت،هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە جیهادێكی گەورەدایە بۆ پاراستنی خاك و ئایین و مرۆڤایەتی.
د.عیرفان نەقشبەندی پڕۆفیسۆری یاریدەر لە كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكانی زانكۆی سلێمانی لە دیدارێكی گۆڤاری گوڵان دەڵێت”گەلی كوردستان زۆربەی موسڵمانە و ئیسلامییەتیشی بە شێوەیەكی میانڕۆ پیادە كردووە و پارێزگاری لە ئایینی خۆیشی كردووە، ئەوەی جێگەی داخە ئەم گەلە موسڵمانە لەلایەن تاقمێكەوە رووبەڕووی شەرێك كراوەتەوە، كە نەك هەر پێویستە گومان لە ئیسلامبوونیان بكرێت، بەڵكو دەبێت گومان لە مرۆڤبوونیشیان بكرێت. بۆیە پێویستە وەزارەتی ئەوقاف كۆنفرانسێك ساز بكات و لەم كۆنفرانسەدا ئەو پرسیارە بورووژێندرێت بەوەی ئایا تیرۆریستانی داعش مرۆڤن، یان نە؟“.
راشیگەیاند”چونكە گەلی كوردستان رووبەڕووی تاقمێك بۆتەوە كە گومان دەكرێت مرۆڤ بن، نەك باسی ئەوە بكرێت ئەمانە موسڵمانن یان نە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئێستا گەلی كوردستان لە پیرۆزترین قۆناخی بەرگریكردندایە و هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە جیهادێكی گەورەیەدا بۆ پاراستنی خاك و ئایین و مرۆڤایەتی، لەبەر ئەوەی تیرۆریستانی داعش دژی خاك و ئایین و مرۆڤایەتی و خەڵكی كوردستانن، هەر بۆیە وێڕای ئەوەی لەم شەڕەدا قوربانییەكی گەورەمان داوە، بەڵام گەلی كوردستان سەلماندی لەسەر گۆی ئەم زەوییە پارێزگاری لە كەرامەتی مرۆڤایەتی دەكات“.
د.عیرفان نەقشبەندی هەروەها وتی”ئایینی ئیسلام خۆی لە دەقەكانی قورئان و فەرموودەكانی پێغەمبەر (د.خ) دەبینێتەوە، ئایینی ئیسلام ئایینی ئاشتی و پێكەوەژیان و لێبووردەییە و رێز لە مرۆڤەكان دەگرێت، بۆیە كاتێك داعش دێت و مرۆڤەكان سەردەبڕێت و هێزی پێشمەرگە بەرگری دەكات، ئەوا ئەمە مانای ئەوەیە هێزی پێشمەرگە بەرگری لەو ئایینە دەكات كە ئایینی ئاشتییە بەو شێوەیەی كە پێغەمبەر (د.خ) پیادەی كردووە“.
ئەو مامۆستایە راشیگەیاند”گرنگ بوو وەزارەتی ئەوقاف خوێندنەوەیەكی تازەی بۆ دیاردەی داعش بكردایە، كۆنفڕانسێكی گرێبدایە و زانا گەورەكانی جیهانی بانگهێشت بكردایە، لایەنێكی دیكە كە دەبوو لەبەرچاو بگیرایە، ئەویش مەسەلەی وتاربێژی سەر مینبەری مزگەوتەكانە، ئێمە ئەم هەموو مزگەوتەمان هەیه“.
عیرفان له كۆتایی قسەكانیدا وتی”ئێستا ژمارەیەكی ئێجگار زۆری مزگەوتەكان نوێژی هەینی تێدا دەكرێت و هەمووشیان وتاری تێدا دەخوێندرێتەوە، بۆیە دەبێت لەم رووەوە وەزارەتی ئەوقاف پێداچوونەوەیەكی ورد بكات، هەر بۆ نموونە تەنها لە ناو شاری سلێمانی لە 100 مزگەوت نوێژی هەینی دەكرێت و وتاری تێدا دەخوێندرێتەوە، من ئەو پرسیارە دەكەم: ئایا ئێمە 100 وتاربێژمان هەیە كە هێندە بەتوانا بێت تەنها رووداوە راستییەكانی هەفتە بۆ موسڵمانان بخاتەڕوو، پاشان پارێزگاری لە شار و وڵاتی خۆیشی بكات، بە بڕوای من هەڵەی وەزارەتی ئەوقاف لەو خاڵەدایە كاتێك بڕیار لە كردنەوەی مزگەوتێك دەدات، بیر ناكاتەوە وتاربێژەكەی كێیە؟ دەبێت لە پێشدا بیر لە وتاربێژەكەی بكرێتەوە، ئینجا بڕیار لە كردنەوەی مزگەوتەكە بدرێت، پاشان بڕیار بدرێت نوێژی هەینی تێدا بكرێت“.