نوچەنێت – CNN
شیكەرەوەیەكی ئەمنی ئەمریكی و سیخوڕی پێشووی ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكا CIA دەڵێت ، ئەوەی ئەمڕۆ روودەدات لە تكریت دوای چوونە ناوەوەی هێزەكانی عێراق و میلیشیا شیعەكان بۆ ناو شارەكە ، رێگا خۆش دەكات بۆ دابەشبوونی عێراق بۆ سێ دەوڵەتی كورد و شیعە و سوننە، هەروەك هۆشداری دا لە بەرپا بوونی جەنگی تائیفی لە وڵاتدا، بە تایبەتی لەگەڵ فشارەكانی ئێران كە ئارەزوو دەكات ئەجێندای شیعە لە عێراق پیادە بكات.
فیل مۆد، كە سیخوڕێكی پێشووی نوسینگەی قەڵاچۆ كردنی تیرۆرە لە دەزگای هەواڵگری ئەمریكا لە چاوپێكەتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی سی ئێن ئێن لەبارەی ئەو دەسترێژییانەی لە تكریت روویانداوە وتی :” پێش 15 ساڵ سەددام حسینی دیكتاتۆر حوكمی عێراقێكی زۆرینە شیعەی دەكرد، ئێستا دەسەڵاتێكی شیعە لە بەغدا لە دژی داعش دەجەنگێت كە رێكخراوێكی سوننیە”.
مۆد هەروەها وتی :” ئەوەی سوننەی تكریتی نیگەران كردوە ئەوەیە كە سەركردایەتی شیعە لە بەغدا هەوڵی سەركوتكردنی كەمینەی عەرەبی سوننە دەدات دوای هەموو ئەو رووداوانەی لە سەردەمی حوكمی سەددامدا روویانداوە. ئەوەی ئەمرۆ لە تكریت دەیبینین راستی ئەو قسەیە دەسەلمێنێت “.
لەبارەی راستیی نیازی حەیدەر عەبادی بۆ دەستگیر كردنی ئەوانەی كاری تاڵانكارییان لە تكریت ئەنجام داوە مۆد وتی :” نەخێر، عەبادی هاوپەیمانی ئێرانە ، ئێرانیش دەوڵەتێكی شیعەیە و بەلایەوە گرنگە عێراق دەسەڵاتێك حوكمی بكات خاوەن بیروباوەڕی شیعە بێت. ئەو هەڵوێستەی عەبادی تەنیا دەربڕی ئەوەیە سەركردە عێراقییەكان هەست بە دوودڵی دەكەن لەوەی كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە چاوێك سەیرییان بكەن كە دەیانەوێت هەژموونی شیعە بەسەر هەموو وڵاتدا بسەپێنن و لەهەمان كاتیشدا داوای پشتیوانی ئەمریكا بكەن. ئێمە دەزانین لە واقیعدا دەسەڵاتێكی شیعە لە بەغدا هەڵدەستێت بە ئازاردانی سوننەكان.”.
لەبارەی دۆخی داهاتووی عێراق مۆد وتی :” عێراق دەبینین كە دابەش بوە بۆ سێ وڵات، كورد لە باكور ئەوان بە كرداری دەستیان بە جیابوونەوە كردوە، زۆرینەی شیعە هەیە كە گەیشتونە دەسەڵات لە رێگەی هەڵبژاردنەوە ، كەمینەی سوننەش كە لەشارە عێراقییەكانی وەك تكریت دەبینرێن و هەست بە نیگەرانی دەكەن بەرامبەر ئەو چەكدارە شیعانەی پۆشاكی فەرمییان پۆشیوە بەڵام لە راستیدا میلیشیای شیعەن و دانیشتوانەكە ئازار دەدەن.”
مۆد قسەكانی بەوە كۆتایی پێهێنا كە :” بە هێواشی عێراق بۆ سێ دەوڵەت دابەش دەبێت ، پێدەچێت هەژموونی ئێران ئەم پرۆسەیە خێراتر بكات لەبەر ئەوەی داواكارییەكانی ئێران روونن، ئێران دەوڵەتێكی شیعەیە و دەیەوێت لە عێراقیش شیعە لە حوكمدا بمێننەوە”.