نوچەنێت- سۆمەریە نیوز
سكرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند كە 24 كەس لە سەربازانی بنكەی سپایكەر بە زیندوویی رزگاركراون، كە لەناو هەندێك لە دانیشتوانی تكریت پەنادرابوون.
محمد تەمیمی ، سەرۆكی ژووری عەمەلیاتی سكرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران لە لێدوانێكیدا بۆ سۆمەرییە نیوز وتی :” هێزە ئەمنییەكان و حەشدی شەعبی 28 رزگاربووی قەسابخانەی سپایكەریان لە شاری تكریت دۆزیوەتەوە كە لەلای هەندێك لە دانیشتوانی تكریت خۆیان شاردبوەوە لەكاتی پیشاندانیان لە سەربازگەی سپایكەرەوە بەناو ناوچە ئاوەدانەكاندا پێش گواستنەوەیان بۆ ناوچەی كۆشكی سەرۆكایەتی كە شوێنی ئەنجامدانی تاوانە مرۆڤایەتییەكە بوو”.
تەمیمی هەروەها وتی :” مافیاكانی داعش هەموو بەڵگەنامەكانیان لە سەربازانی سپایكەر ستاندوە پێش ئەوەی بیانكوژن” ئاماژەشی بەوە دا كە ” هەر لەگەڵ رزگار كردنی شاری تكریت ژمارەیەك لە رزگاربوان گەڕانەوە بۆناو هێزە ئەمنیەكان و بۆ شەڕ كردن لە دژی داعش “.
بەرپرسە حكومییەكە روونیشی كردەوە ” وتەی 28 رزگاربوەكانمان وەرگرتوە بە ئامانجی دۆزینەوەی تەرمی قوربانییانی سپایكەر و دیاریكردنی گۆڕەكانیان”.
ماوەیەك بەر لە ئێستا حكومەتیش رایگەیاندبوو كە چەند شوێنێكی گۆڕی قوربانییانیان دۆزیوەتەوە كە ژمارەیان لە ناوچەی كۆشكی سەرۆكایەتی دەگاتە 10 گۆڕ.
هەروەها رۆژی پێنجشەممە ژووری عەمەلیات داوای لە یەكە سەربازییەكان و حەشدی شەعبی و هەموو لایەك كرد كە گۆڕەكان بەشێوەیەكی هەڕەمەكی هەڵنەدەنەوە بەڵكو تەنها شوێنەكانیان دیاری بكەن و بیانپارێزن، بۆ پاراستنی مافیقوربانییەكان و خێزانەكانیان ، هەروەها بۆ ئەوەی شوێنی گۆڕەكان و شوێنی ئەنجامدانی تاوانەكە ون نەبێت.
بەپێی دانپێدانانی هەندێك لەوانەی لێكۆڵینەوەیان لەگەڵكراوە، هەندێك سەربازی تری بنكەی سپایكەر بە زیندوویی گواستراونەتەوە بۆ شاری رەققەی سوریا.
حوزەیرانی رابردوو لەكاتی كۆنترۆڵكردنی تكریت، داعش 1700 سەربازی شیعەی لە بنكەی سپایكەر دەستگیركرد و زۆربەی كوشتن.