نوچەنێت.ههولێر:
نوێنەری تایبەتی سەرۆككۆماری چیك لە كۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان،جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی ئامادەیە بەردەوام بێت لە پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە و دابینكردنی پێداویستی پزیشكی،بارزانیش,رایگەیاند،بۆ پێشمەرگە شەرەفێكی مەزنە پارێزگاری لە پێكهاتە جیاجیاكان دەكات.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ههرێم بڵاوی کردەوە”ئەمڕۆ شەممە 4ـی 4ـی 2015 لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جان فۆلیك نوێنەری تایبەتی سەرۆك كۆماری چیك و جارۆسڵاڤ ڕیف كۆنسوڵی گشتیی وڵاتی چیك لە هەولێر كرد“.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”لە دیدارەكەدا نوێنەری تایبەتی سەرۆككۆماری چیك پێزانینی هەبوو بۆ خۆڕاگری و قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی لەبەرانبەر تیرۆریستان لە سەرۆك بارزانی كرد و ئاماژەی بەوەدا كە ئەركی سەرشانی هەموو لایەكە كە هاوكاریی پێشمەرگە بكات چونكە پێشمەرگە پارێزگاری لە بەهاكان و جیهانی ئازاد دەكات. جەختیشی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی ئامادەیە بەردەوام بێت لە پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە و هەروەها دابینكردنی پێداویستی پزیشكی بۆ ئەو پێشمەرگانەی لە شەڕەكاندا بریندار دەبن. نوێنەری تایبەتی سەرۆككۆماری چیك سوپاسی گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كرد كە یارمەتیی ژمارەیەكی زۆری ئاوارەیان داوە و بوونەتە پەناگە بۆ ئاوارە و پەنابەران و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی ناوچەكە، داوایشی كرد پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لە بوارە جیاجیاكان پەرەی پێ بدرێت“.
لەبەرانبەریشدا”بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەتی چیكی كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا پشتیوانی هەرێمی كوردستانن و ئامادەیی هەرێمی كوردستانیشی نیشاندا كە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا فراوانتر بكرێن. لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە بۆ پێشمەرگە شەرەفێكی مەزنە پارێزگاری لە پێكهاتە جیاجیاكان دەكات و وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە خەڵكی كوردستان هیچ جۆرە دەمارگیرییەكی ئایینی و نەتەوەیی بەرانبەر پێكهاتەكان نییە، جەختی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان بە هیچ شێوەیەك ناچێتە نێو ئەو ململانێ تاییفییەی ئێستا لە ناوچەكەدا لە ئارادایە“.
هەر لەم دیدارەدا چۆنییەتی هەماهەنگیی زیاتر و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی چیك قسەی لەبارەیەوە كرا.