نوچەنێت.ههولێر:
لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان پیرۆزبایی ئازادكردنی شاری تكریتی لە سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد و ئەویش لای خۆیەوە بەبۆنەی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەوە پیرۆزبای لەبارزانی كرد.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ههرێم بڵاوی کردەوە”ئەمڕۆ شەممە 4ـی 4ـی 2015 لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی نێوان مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی لە سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد بە بۆنەی ئازادكردنی شاری تكریت لە لایەن هێزەكانی عێراق و شكستی تیرۆریستان لەم ناوچەیە و هەروەها سەرۆك وەزیرانی عێراقیش پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد بە بۆنەی سەركەوتنە بەرچاوەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرانبەر تیرۆریستانی داعش“.
ماڵپەڕەكە رونیشیكردوەتەوە”هەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا هەردوولا جەختیان لە هەماهەنگی و هاوكاریی بەردەوامی نێوان هێزەكانی عێراق و پێشمەرگەی كوردستان كردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش هەتا ئەو كاتەی تیرۆریستان بە تەواوەتی شكست بهێنن و لەناو بچن“.