نوچەنێت.ههولێر:
بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە دهۆک ئاماژە بەوە دەکات، کە ناکرێت یەکێتی، کە پۆستی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەیە و کۆمەڵێک وەزیری وەرگرتوە لە حکومەتی هەرێم،لە حکومەتە خۆجێییەکان ببێتە ئۆپۆزیسیۆن.
هەرێم کەمال ئاغا، بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند” تاوەکو ئێستا بە فەرمی لەلایەن پارتییەوە ئاگادار نەکراوینەتەوە بۆ هیچ دانیشتنێک، ئەو کاتەیش پارێزگاری دهۆک سەردانی لایەنەکانی کرد لە چەند رۆژی رابردوو من لەوێ نەبووم، بۆیە گفتوگۆکانی ئێمە دواکەوت”.
هەرێم کەمال ئاغا، ئاماژە بەوە دەکات کە” بەپێچەوانەی پارێزگای سلێمانی کە کۆبوونەوەکان دەکرێن، لە هەولێر و دهۆک هیچ بەرەو پێشچوونێک بەدی ناکرێت، ئەمانە ناکۆکن لەگەڵ پرەنسیپی حکومەتی بنکەفراوان، ئێمە داوای ئیستیحقاقی هەڵبژاردن دەکەین و ئەگەر گەرەکمان بێت کە حکومەتی بنکەفراوان سەرکەوتوو بێت، دەبێت لە حکومەت خۆجێییەکانیش ئەو پرەنسیپە بپارێزین”.
بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە دهۆک دەڵێت” ناکرێت ئێمە لە دهۆک ئۆپۆزیسیۆنبوونی خۆمان رابگەیەنین،لە هەمان کاتیشدا جێگری سەرۆکی حکومەتمان هەبێت و وەزیرمان لە کابینەدا هەبێت و کۆمەڵێک پۆست و پایەی حکومەتیشمان لەدەستبێت، بەڵکو دەبێت هەر بەو شێوازە رەنگبداتەوە لە حکومەتە خۆجێیەکان بۆ ئەوەی سەقامگیری کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا بهێنێت”.