0

دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسەقامگیرییەکی گەورەی بەخۆیەوە بینیووە، هەژموونی ئێران لەپێشڕەویدایە، لەبەرانبەر ئەویش بەرەی سوننە بەڕابەرایەتی سعودییە، هاوپەیمانێتییەکی سەربازییان راگەیاندووە، بەگشتی چ خوێندنەوەیەکت بۆ دۆخی ناوچەکە هەیە؟

د. ئەحمەدی: بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەچەشنێک ئاڵۆزە، کە هەندێ کەس بەبارودۆخی پێش جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم بەراوردی دەکەن، بەمانایەکی تر ناکرێ ئەم مەسەلەیە تەنها سنوردار بکرێت بەململانێی نێوان عەرەبستان و ئێران، یان سوننەو شیعە.

دروستکردنی هاوپەیمانییەک بەسەرۆکایەتی سعودییە، هەوڵێکی ئەو وڵاتانەیە بۆ رێگری و سنوردانان بۆ فرەوانخوازی ئێران لەناوچەکەدا، بەتایبەتی کاتێک لەڕێی حوسییەکانی یەمەنەوە ئێران نزیکی سنوری سعودییە دەبێتەوە، دروستکردنی ئەو هاوپەیمانێتیە چەند هەوڵێکە بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی یەمەن بەرانبەر بەحوسییەکان، ئەوەندەش پێشاندانی هێزە لەلایەن ئەو وڵاتانەوە بەرانبەر بە ئێران، لەڕێیەوە پەیامێک بە ئیران دەدەن، کە ئەگەر بێت و بەوشێوەیەی تا ئێستا هەڵسوکەوتی کردووە لەناوچەکە بەردەوام بێت، بەرەو ڕووی هێزی سەربازیش دەبێتەوە لەلایەن وڵاتانی عەرەبییەوە.

بەپشت بەستن چ فاکتێک دەتوانرێ دۆخی ئێستای ناوچەکە بەبارودۆخی پێش جەنگی جیهانی یەکەم یان دووەم، بەراورد دەکرێت؟

د. ئیدریس ئەحمەدی: ئەو کێشەو گرفت و جەنگانەی کەهەموو ناوچەکەی گرۆتەوە، هۆکارێکی دیارە کەبەو شیوەیە ببینێرێ، ئەو هاوپەیمانێتیانەی کەبەرانبەر بەیەک دروست دەبن، هۆکاری هەموو ئەوانەش نەبوونی مەشروعیەتی رژێمەکانی ئەو ناوچەیە، کەزۆربەی خەڵکی وڵاتانی ئەو ناوچانە رژێمی دەسەڵاتداری وڵاتەکەی خۆیان قبوڵ نییە، وەک دەبینین لەسوریا زۆرینەی خەڵکی ئەو وڵاتە ئەو رژێمەیان قبوڵ نییە کە حکومی وڵاتەکەیان دەکات، شیعەکانی سعودییە هەست بەبێ مافی دەکەن، هەروەها خەڵکی ئازادیخوازی سعودییە ئازادییان دەوێت و سیستەم و حوکمی ئەو وڵاتەیان قبوڵ نییە، خەڵکی ئێران، هەروەها خەڵکی عێراق، تەنانەت لەتورکیاش کە نیمچە دیموکراسییەک هەیە حکومەت ئەو شەرعیەتە سیاسییەی نییە، هۆکاری نەبوونی ئەو مەشروعیەتەش ئەوەیە کە سنوری ئەو وڵاتانە بەشێوەیەک کێشراوە، جوت نییە لەگەڵ سنوری مەزهەبی و قەومی خەڵکەکەدا، رژێمی وڵاتەکانیش زیاتر تەعبیر لەچینێک و مەزهەبێک، یان  قەومێک دەکات و ماف و ئازادی ئەوانی تر نادات.

ئەگەر ئێران پێشتر بەشێوەیەکی رانەگەیەنراو تەدەخولی لەوڵاتانی ناوچەکە کردبێ، ئیستا بەهێزەوە تەدەخول دەکات، بەئاشکرا لەراگەیاندنەکانییەوە باسی ئەوە دەکات کە فەرماندە سەربازییەکانی لەفڵان وڵاتی تردا دەجەنگ و جەنگاوەرن، چی ئەو هێزەی داوە بەئێران ئێستا وا بەئاشکرا تەدەخول لەکاروباری وڵاتانی تر بکات ؟

د. ئیدریس ئەحمەدی: تا روخاندنی حکومەتی بەعس لەعێراق، لەساڵی ٢٠٠٣، عێراق رۆڵێکی بنەڕەتی هەبوو، لەپێشگرتن بەرفرەوانخوازی کۆماری ئیسلامی ئێران، کاتێک ئەمریکا لەعێراق بوو ڕووبەڕووی شەپۆلێکی توندی تیرۆروستی بووەوە، هەردوو وڵاتی سوریاو ئێران، رۆڵی خۆیان هەبوو لەهەڵکردنی ئەو شەپۆلە دژ بەهێزەکانی ئەمریکا، بۆیە ئەمریکا دواتر هێزەکانی لە عێراق کشاندەوە، ئەوەش بۆشاییەکی لەبەردەم ئێراندا دروستکرد کە چیتر بەپێویستی نەزانن وەکو جاران بەشاراوەیی کار بۆ فرەوانخوازییەکانی بکات. ئێران لەبەردەم ئەو فرەوانخوازییەیدا ئێستا رێگرێک نابێنی، ئەوەش دەزانێ کەگرفتی نێوان وڵاتانی ناوچەکە وا دەکات ئاسان نییە هاوپەیمانێتییەک دژ بەئێران دروستت بێت، هەربۆیە ئەوەی کە جاران ئۆپۆزسیۆنی ئێران دەیگوت ئێران هەوڵی فرەوانخوازی دەدات و لێی وەرنەدەگیرا، ئێستا ئێران بەئاشکرا دەیکات.

لەعێراق میلیشیایەکی شیعەی دروستکردووە، دەوترێ ١٢٠ هەزار چەکداری هەیە، لەکاتێکدا سوپای عێراق ئێستا وەک دەوترێ ٤٨ هەزار سەربازە، لەلوبنان هێزێکی وەک حزبوڵڵای دروستکردووە، کە لەسوپای لوبنان بەهێزترە، ئەوە لەیەمەنیش، لەهەوڵی ئەوەدایە حوسییەکان سەربخات، خۆ ئەوکات ئەگەر نەشیتوانی یەمەن بەیەکجاری کۆنترۆڵ بکات، ئەوە شتێک لەشێوەی حزبوڵڵا دروست دەکات لەو وڵاتەدا.

ئەو هاوپەیمانێتییەی کە ئێستا دروست بووە، وای دەبینی بتوانێ سنورێک بۆ فرەوانخوازی ئێران دابنێت، یان ئێران لەو پێشڕەویانەی لەسەر خاکی وڵاتانی ناوچەکە دەیکات بەردەوام دەبێت ؟

د. ئیدریس ئەحمەدی : ئەوە پەیوەندی دەبێت بەوەی، کە ئەم هاوپەیمانێتییە تاچەند بەردەوام و تاچەند بەرفرەوانتر دەبێت، پێموایە کۆماری ئیسلامیش رادەوەستێ تا بزانێ هاوپەیمانێتیەکە بەرەو کوێ دەڕوات و ئامانجەکانی چی دەبێت، ئەگەر بزانێ راگەیاندنی هاوپەیمانێتییەکە وەڵامێکی کاتییە بۆ قەیرانێکی هەنوکەیی، ئەوە بێگومان دەست دەکاتەوە بەو سیاسەتە بەرفرەوانخوازیەو پێکهێنانی ناسەقامگیرییەی کە لەناوچەکەدا هەیبووە.

بەڵام ئەگەر بزانێ ئەمە ئەتوانێ تەرجەمە ببێ بەهاوپەیمانێتییەکی بەرینتر و بەردەوامتر، پێموایە ئێران پاشەکشە دەکات، چونکە لەگەڵ ئەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران رژێمێکە لەسەرەتای دروستبوونییەوە لەرێی یەکەیەوە لەناو سوپای پاسداران بەناوی فەیلەقی قودس، کار بۆ گواستنەوەی شۆرشی ئیسلامی دەکات بۆ وڵاتانی تری ناوچەکە، و بۆ ئەو مەبەستە کەڵک لە تیرۆرزمیش وەردەگرێت، ئەوەشی نیشانداوە کە ئەگەر بێت و کردارەکانی ئەتوانێ وجودی رژێم بخاتە مەترسییەوە، هاوکات پاشەکشە دەکات لەجێیەک و لەسیاسەتێک، تا دۆخەکە دیسان بەسودی خۆی دەگۆڕێت.

تۆ وەک شارەزایەکی سیاسی، هەست بەو جدییەتە دەکەی لەو هاوپەیمانێتیەدا؟ یان پێویستی بەردەوامبوونی هاوپەیمانێتییەکە لای وڵاتانی بەشداری هاوپەیمانێتیەکەدا دەبینی؟

د. ئیدریس ئەحمەدی : بەڵێ هەست دەکەم، چونکە هەتا ئۆمابا دەسەڵاتی بەدەست بێت، رێگا نادات ئەمریکا بەشێوەیەکی راستەوخۆ، یان بەهێزی زەمینی بکێشرێتە ناو ئەو ئاڵۆزیانەی لەو ناوچەیەدا هەیە، ئەمە راستییەکە کەوڵاتانی عەرەبی و تەنانەت ئیسرائیلیش هەستیان پێکردووە، بۆیە غیابی ئەمریکا لەتەدەخول لەو کێشانەدا وایکردووە، ئەو وڵاتانە بەخۆیاندا بچنەوە، کێشەکانیان وەلابنێن و بەرانبەر ئەو مەترسییەی ئێران لەناوچەکە خولقاندویەتی وەخۆکەون، بۆیە بەڵێ ئەگەر هەیە، ئەم هاوپەیمانێتیە بەرفرەوانتر ببێت و بەردەوامی هەبێت.

لەلایەکی ترەوە وای دەبینم کەئەوەی لەیەمەن ڕوودەدات، ئەنجام ئەتوانێ وا تەرجەمەببێ، کەئەو وڵاتە دابەش ببێت، چونکە ئەگەر حکومەتی سعودییە هێزی زەمینی بنێرێت، دۆخەکە دەکەوێتە بارێکی تر، چونکە یەمەن وڵاتێکی وەکو بەحرەین نییە، کە لەوێ بینیمان عەرەبستانی سعودییە هێزی زەمینی نارد بۆ ئەوەی کە بارودۆخی ئەو وڵاتە هێوربکاتەوە، بەڕای من ئەنجامی دۆخی یەمەن ئەوەیە وڵاتێکی دابەشکراو لەنێوان حوسییەکان و حکومەتی ئێستای یەمەن دەبینین، بەبێ ئەوەی ئێران و عەرەبستان توشی شەڕی دژ بەیەک ببن، لەسەر ئاستی ناوچەکەش هەتا ئەوکاتی ئەمریکا تەدەخول نەکات بۆ هێورکردنەوە، ئەو گرژیانەی کەهەیە بەردەوامیی دەبێت، بەشێوەیەک کە ئێران و عەرەبستانی سعودییە، پارسەنگی هێز بهێننە ئارا، کەوابکات ڕوبێت، نفوزی ئێران لەکوێدایە و نفوزی عەرەبستان لەکوێدایە.

ئێستا ئەمریکا لەیەک کاتدا لەگەڵ ئێران رێککەوتووە لەسەر پرسی ئەتۆم و پشتیوانی بۆ هاوپەیمانێیەکەی سعودیەش راگەیاندووە، ئایا ئەمریکا ئەتوانێ باڵانس لەو نێوانەدا رابگرێت؟

د. ئیدریس ئەحمەدی: ئەمریکییەکان وتویانە مەسەلەی ئەتۆمی ئێران نابەستنەوە بەمەسەلەی سوریا، یان مەسەلەی یەمەن. ئەمریکا هەمیشە هەوڵی ئەوەی هەبووە، کە مەسەلەی ئەتۆمی جیابکاتەوە لەباقی مەسەلەکان لەناوچەکەدا، بەڵام هەموو کەسیش دەزانێ ئەو جیاکردنەوە کارێکی زۆر ئاڵۆزە، چونکە ناکرێ لەگەڵ ئێران لەسەر پرسێک خەریکی گفتوگۆو رێککەوتن بیت و لەسەر پرسێکی تر بەرانبەر یەک بوەستنەوە، بۆ نمونە پرسی سوریا بۆ ئێران پرسێکی ستراتیژیی و گرنگە و بۆ ئەمریکاش گۆڕینی ئەو رژێمە گرنگە، ئەمە دەبێتە خاڵێکی گەورەی جیاوازیی.

بەڵام لەپەیوەندی لەگەڵ یەمەن ، من پێموایە ئەمریکییەکان ناچارن بالانس رابگرن، چونکە لەگەڵ ئەوەی پێیانخۆشە لەگەڵ ئێران بەرێککەوتنێک بگەن، پێشیانخۆش نییە عەرەبستانی سعودییە واهەست بکات، کە ئەمریکا ئەیەوێ سود لەم رێککەوتنە لەسەر پرسی ئەتۆمی وەربگرێت بۆ ئەوەی کە لەگەڵ ئێران بەتەوافقێکی بەرینتر بگات، ئێستا ئەو تێگەشتنە لەئارادایە کە ئەگەر بێت و لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی لەگەڵ ئێران رێبککەوێت، ئەمریکا دەتوانێت کەڵک لەوە وەربگرێت تا بەڕێککەوتنێکی بەرینتر لەگەڵ ئێران بگات، و ئێران بەدیفاکتۆ بەزلهێزێکی ناوچەیی لەلایەن ئەمەریکاوە قبوڵبکرێت، بەمەرجێک یارمەتیدەر بێت بۆ پێهکێنانی سەقامگیری لە عێراق، لەئەفغانستان، لەلوبنان، لەسوریاو ئێستا لەیەمەنیش، بەڵام بەبڕوای من زۆر زەحمەت دەبێت بۆ ئەمریکییەکان کەبتوانن باڵانسێکی ئاوا رابگرن، چونکە ئەگەر بەڕێککەوتنێکی وا بگەن لەگەڵ ئێران، بێگومان عەرەبستانی سعودیەش بێ دەنگ نابێ، ئەویش دەتوانێ ئاڵۆزی لەناوچەکە، لانی کەم لەعێراق و لەسوریا دروست بکات، بۆیە ئەگەرچیناچاریش بێت، لە تیۆریشدا راگرتنی ئەو باڵانسە بۆ ئەمریکا زەحمەتە نەک هەر لەئەرزی واقیع.

ئەگەر راگرتنی باڵانس زەحمەت بێ، ئەنجام ئەمریکا ناچار دەبێت بەلای کامیاندا درێژە بەسیاسەت و پشتیوانی خۆی بدات ؟

د. ئیدریس ئەحمەدی: ئەگەر ئەمریکییەکان وایان هەستکردبا، یان بەو نەتیجە گەشتبان، کەلایەنێک لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، لەڕووی ئایدۆلۆژییەوە بتوانێ جێگای متمانە بێت، بەو مانایەی کە هەڵگری ئایدۆلۆژییەکی توندڕەو نەبێت کە دژایەتی ئەمریکا بکات، پێموایە سەرمایەگوزارییان لەسەر دەکرد، و دەیانکرد بەهێز کەبۆخۆیان پێویست نەکات لەناوچەکەدا گرنگی بەحزوری هێزی خۆیان بدەن.

بەڵام بەهۆی ئەوەی کەلایەنێکی وا لەناوچەکەدا نییە، ئەمریکییەکان ناچار دەبن لەجیاتی ئەوەی کە ناچاربن هێزی سەربازی خۆیان بەکاربهێنن بۆ ئەوەی بارودۆخەکە راگرن، هەوڵ دەدەن پارسەنگی هێز رابگرن، ئەگەر سەرەنجتان دابێ، لەگەڵ ئەوەی کە ئەمریکا دان بەوەدا دەنێت، داعش خەتەرێکی گەورەیە، لەهەمانکاتیشدا دەڵێت هێزی سەربازی ئەمریکا تەنها کاتێک بەشداری جەنگی داعش لەعێراق دەکات، کەحکومەتی ناوەندی حکومەتێک بێت کە لەهەموو پێکهاتەکان دروست بوبێت و حکومەتێکی تائیفی نەبێت، واتە بەڕوونی دەڵێن ئێمە نامانەوێ ببین بەبەشیک لەکێشەی نێوان شیعەو سوننە، لەسوریاش سەرەتا ئەمریکییەکان دەیانوت، دەبێت بەشار ئەسەد لەسەر دەسەڵات نەمێنێ، بەڵام دواتر کەئۆپۆزسیۆنی سوریا، نەکرا ببن بەوهێزەی لەسەر ئەرزی واقیع خۆیان بسەپێنن، وایکرد کە ئێستا ئەمریکا لادانی ئەسەد لەدەسەڵات وەکو ئامانجێک باس ناکات.

من لەتێزی دکتۆراکەشم ئەوەم پێشبینی کردووە، کە ئەمریکا لەدوای ١١ی سێپتەمبەر ئەو ستراتیژەی کەبریتیبوو لەگۆڕینی رژێم و بڵاوکردنەوەی دیموکراسی لەڕێگای هێزی سەربازییەوە، لەپاشکشانەوەی لەعێراق، لەپاش ئەوەی هەست دەکەن لەئەفغانستان هیچ دەستکەوتێکیان نەبووە، گۆڕییەوە، و ئێستا ستراتیژی راگرتنی پارسەنگی هێز پەیڕەو دەکەن.

وای دەبینم ئەمریکییەکان خۆیان بۆ ئەوە ئامادەکردووە، کە ئاڵۆزییەکان لەو ناوچەیەدا هەر ئاوا بەردەوام بێت، تاکو ئەوکاتەی لەنێو خودی ناوچەکەوە هێزی ئایدۆلۆژی دیکە سەرهەڵدەدەن، کەتوندڕەو نەبن، بتوانن گونجاوبن لەگەڵ دونیای پێشکەوتن و مۆدێرن، بەمانایەک گونجاوبن لەگەڵ رۆژئاوا، هەڵگری دیموکراسیەت و عەلمانیەت و رێزگربن لەمافی کەمینەکانی تر، بۆیە ئەتوانم بڵێم لەگەڵ ئەوەی لەدەیەی چلەوە تاکو ئێستا ئەمریکا لەگەڵ عەرەبستانی سعودییە هاوپەیمان بوون، بەڵام ئەو هاوپەیمانێتییە لەسەر ئەساسی هیچ لێکچونێکی ئایدۆلۆژی نەبووە، بەڵکو لەسەر ئەساسی ئەوە بووە، هەردوولا مەترسی گەورەتریان هەستپێکردووە، واتە  لەسەردەمی جەنگی سارد مەترسی سۆڤیەت هەبووە، لەدوای ئەو مەترسی عێراق و ئێران هەبووە وایکردووە ئەمریکاو سعودییە هاوپەیمان بن، ئەگەرنا سعودییە ئەو لایەنە نییە کە ئەمریکا بیەوێت سەرمایەگوزاری قوڵایی ستراتیژی لەسەر بکات بۆ گۆڕینی ناوچەکە، ئێرانیش بێگومان نابێتە ئەو هێزە و هێزی دژە، بۆیە ستراتیژی راگرتنی پارسەنگی هێز پەیڕەو دەکەن، لەجێی هەڵبژاردنی لایەک.

پێت وابوو ئەمریکا ناچارە باڵانس لەنێوان ئێران و سعودییە رابگرێت، ئەنجامی کێبەرکێی هاوپەیمانی سعودییە لەگەڵ ئێرانیش وا دەبینیت بەردەوام بێت تا ئەوکاتی ناوچەکانی سەربەهاوپەیمانتییەکان سنوریان ئاشکرا دەبێت،  کوردستانیش کەوتۆتە ناو چەقی ئەو ململانێیانە، لەو نێوانەدا چ داهاتوییەک بۆ کوردستان چاوەڕوان دەکەیت؟

د. ئیدریس: ئەو دەرفەتەی کە بۆ کورد هاتۆتە پێش کەم وێنەیە، ڕەنگە تەنها بتوانین بەراوردی بکەین بەسەردەمی دوای شەڕی یەکەمی جیهانی، چونکە لانی کەم بەتێگەشتنی رۆژئاواییەکان کورد لەڕووی ئایدۆلۆژییەوە جیاوازە لەدراوسێکانی، راستە ئەمریکا لەسەرەتا هەوڵیدا حکومەتێکی ناوەندی بەهێز و دیموکراسی لەعێراق دروست بکاتەوە، بەڵام ئەو پرۆژەیە سەرنەکەوت، لەمەحاڵیش دەچێت سەرکەوتنی.

حکومەتی عێراق ئێستا دوو دڵە لەوەی هاوپەیمانی ئەمریکا بێت، یان هاوپەیمانی ئێران بێت، هەروەها هەژمونێکی گەورەی ئێران لەسەر حکومەتی عێراق هەیە، لەلایەکی تر ئێرانمان هەیە، کە دوژمنی ئەمریکاو هاوپەیمانانی ئەمریکایە لەناوچەکەدا، هەروەها لە ٢٠٠٢ بەدواوە لەوەتەی حزبی دادو گەشەپێدان لەتورکیا دەسەڵاتی بەدەستگرتووە، دەبینین تورکیا هەم بەهۆی ئەو بۆشاییەی کەلەناوچەکەدا هاتۆتە ئارا دوای کشانەوەی ئەمریکا لەعێراق، هەم بەهۆی سەرهەڵدانەوەی کێشەی سوننەو شیعە، هەروەها بەهۆی ئیسلامی بوونی حزبی دادو گەشەو ئەو رەهەندە تائیفەگەرییەی کەلە سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا هاتۆتە کایەوە، ئێستا تورکیاش لەرۆژئاواو لەئەمریکا دوورکەوتۆتەوە، لەحاڵەتێکی ئاوادا بۆشاییەکی ئایدۆلۆژی هەیە کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ دروستبوونی هاوپەیمانێک بۆ ئەمریکا لەناوچەکە، کورد ئەتوانێ ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە، هەتاوەکو لەم وڵاتە کلیلیانەدا، ئێران، عێراق، سوریا، تورکیا و تا رادەیەکیش سعودییە، هێزێک نەیەتە سەر دەسەڵات، کە لەڕووی ئایدۆلۆژییەوە بۆ هاوپەیمانێتی ئەمریکا گرنگ و قابیلی قبوڵ بێت، ئەمریکا پشتی کورد بەرنادات، هەروەها قورسایەتی جیۆپۆلیتیکی کوردستانیش بۆ ئەمریکاو هەوپەیمانەکانی دەرکەوتووە، کەوایە لەو ڕوەوە ئەتوانین بڵێین دەرفەت و بۆشاییەک لەبەردەم کورددا دروست بووە، دەتوانرێ کاری لەسەر بکات.

بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانییە، کورد بەهۆی پەرتەوازەیی و نەبوونی یەک ریزی خۆیەوە، ئەگەر چارەسەر نەکرێت، ناتوانێ ببێتە ئەو هێزەی کەبتوانێ ئەو بۆشاییەی هاتۆتە پێش پڕی بکاتەوە، ئێمە دەبینین کە لەناوخۆی کوردستاندا پارتی و یەکێتی دوو سیاسەتی جیاوازی دەرەوەیان هەیە، هەروەها ململانێی نێوان پەکەکەو پارتی وایکردووە لەپەیوەندی لەگەڵ سوریادا کورد سیاسەتێکی یەکگرتوو و هاوبەش نەباتە پێش. بەهۆی ئەوەی هێزە کوردییەکان لەناوخۆدا یەک نین، کورد ستراتیژیەتێکی یەکگرتووی نەتەوەیی نییە، نەک لەسەر ئاستی هەموو بەشەکانی کوردستان، بەڵکو تەنانەت لەباشوری کوردستانیشدا هەست بەو یەکڕیزییە ناکرێت، هەروەها کوردستان دوو چاری قەیرانێکی گەورەی دارایی بۆتەوە، لەقۆناغی جەنگیشدایە لەگەڵ داعش، تەنها شتیش کەبتوانێ کوردستان بگەیەنێتە ئەو ئاستەی ئەو دەرفەتەی بۆ کورد هاتۆتە پێش بیقۆزێتەوەو ئەو قەیرانانەی ڕووبەڕووی بۆتەوە بەسەرکەوتووی تێی بپەڕێنێ، رێکخستنی نێوماڵی کورد و بەردەوامیی ئەوپشتیوانییە کە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بەداعش بۆ کورد هەیەتی.

کەوایە دەرفەت لەبەردەم کورد تا ئەوکاتە هەیە، هاوپەیمانێکی ئایدۆلۆژی بۆ ئەمریکاو رۆژئاوا دروست دەبێت لەو ناوچەکەدا، پێت وایە دروست بوونی ئەو هاپەیمانە بۆ ئەمریکا نزیک بێت ؟

د. ئیدریس ئەحمەدی: ئەمریکا ئەگەرچی بەرێککەوتنێکیش گەشتووە لەگەڵ ئێران، بەڵام جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە زۆر زەحمەت دەبێت، رێککەوتن شتێکەو جێبەجێکردنی شتێکی ترە، بەرەچاوکردنی ئەوەی رژێمی ئێران بەهۆی سروشتی ئیدۆلۆژیک و بەهۆی ئەو ئامانجانەی کەهەیەتی، ئەکرێ بڵێین تاکو ئەو رژێمە لەئێران بمێنێتەوە لەدژایەتیدا دەبێت لەگەڵ ئەمریکا، لەعێراقیش هەتا ئەوکاتەی شیعەکان و سوننەکان نەتوانن لەسیاسەتی تائیفەگەری دوورکەونەوە، کە مەحاڵە لێی دوربکەنەوە، هەروەها تاکو ئەوکاتی حزبی دادوگەشە لەتورکیا دەسەڵاتی بەدەست بێت، کە ئەویش چاوەڕوانکراوە تا ئایندەیەکی زۆر بمێنێتەوە لەدەسەڵات، دروستبوونی ئەو هاوپەیمانە بۆ ئەمریکا و لەم ناوچەیەدا نزیک نییە، و چاوی سەرەنج لەسەر کوردە، ئەوەش وا دەکات ئەو پشتیوانیەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ کورد هەیانە بەردەوامی هەبێت، لایەنێکی تریش کە زۆر بۆ من جێی سەرەنجە ئەوەیە ئەورپییەکان بەبەراورد بەڕابردوو دەیانەوێ رۆڵێکی زیاتر بگێڕن لەناوچەکەدا، هاندەری ئەورپاش بۆ ئەوەی رۆڵێکی بەرچاوتر ببینێ، ئەوەیە کە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست نزیکترە لەوان، ئەورپییەکان زیاتر هەست بەخەتەری تیرۆرزمی ئیسلامی باڵادەست دەکەن، کوردەکان بەهێزێکی پشکەوتنخواز و نزیکتر لەخۆیان دەبینن، تابتوانن سەرمایەگوزاری لەسەر بکەن، بۆ ئەوەی کە ئەگەر نەشتوانن ناوچەکە بەتەواوی بەبارێکدا بگۆڕن، لانی کەم جێ پێییەکی باشتر بۆخۆیان دروست بکەن، هەموو ئەوانە وامان لێ دەکات دڵخۆش بین بەئایندەی کوردستان، بەو مەرجەی یەکڕیزی کورد پارێزراو بێت.

بەڵام لەکوردستان ویستێک هەیە بۆ نزیکبونەوە لەئێران، ئەو ویستە لەدەرەوەی کایە سیاسییەکان نییەو رەنگە کاریگەریش بێ لەبڕیاردان لەکوردستاندا، ئەگەر ئەو ویستە بەجێی قسە بزانین، پێت وایە روناکییەک لەنزیکبونەوە لەئێران، یان لەبەرەی شیعە هەیە بۆ داهاتووی کوردستان ؟

د. ئیدریس ئەحمەدی : ئەو بەشەی شیعە کە کەمینەن لەناوچەکەدا، لە ئێران بەدەر، قەزیەکەیان ڕەوایە، بەڵام حەقیقەت ئەوەیە، شیعەگەری بەهۆی هەژموونی کۆماری ئیسلامییەوە، وای لێهاتووە، ئەگەر بەڕاشکاویش باسی ویلایەتی فەقێ نەکەن، ئەوە لەسیاسەتدا بڕوایان بەشێوەیەک لەتائیفەگەری هەبێ، کە تێکەڵەیەکە لەئیسلامی سیاسی و لەدژایەتیدایە لەگەڵ دیموکراسی و پێشکەوتن و عەلمانیەت، بۆیە بەزەحمەتی دەبینم کورد بتوانێ لەرووی ستراتیژییەوە لەگەڵ شیعە هاوپەیمان بێت، ئەوەش بەو مانایە نا کورد لەڕووی تاکتییکەوە لەگەڵ شیعەبێ یان سوننە، سوریا، ئێران یان تورکیا هاوکاری نەکات.

ئەبێ ئەوەمان لەبیر نەچی کە جمهوری ئیسلامی شێوەیەک لەدیپلۆماسی کراوە لەخۆی پێشان دەدات، بەڵام لەناوچەکەدا کە چەند ئامانجێکی هەیە، یەکێک لەوانە دروستکردنەوەی عێراقێکی یەکگرتووی بێ هێزە، چونکە دەزانێت تەنانەت ئەگەر شیعەکانیش لەسەردەسەڵات بن، ئیحتیمالی ئەوە هەیە، دیسان وەکو سەردەمی سەدام حسەین عێراق هەژمونخوازی ئێران لەناوچەکەدا بلۆک بکات،  کەوایە ئەگەرچی لەقسەشدا باسی سەقامگیری عێراق بکات، بەڵام لەکرداردا ئێران کاری ئەوە دەبێ، عێراق ئەوەندە سەقامگیر نەبێ بگاتە ئەو ئاستەی خەتەر لەسەر بەرژەوەندی ئێران دروست بکات.

هەروەها نزیکبونەوەی ئێران لەکوردستان لەم کاتەدا، لەچوارچێوەی تریسێکدایە کە لەسوننەکان هەیەتی، چونکە سوننەکان ئەکتەرێکی سەرەکی گۆڕەپانی سیاسی عێراقن، هەروەها ئەگەری هەیە لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە هاوکاری و پشتیوانی بکرێن، بۆ بەهێزکردنیان و ئەوانیش ئێران و هەژموونی ئێرانیان قبوڵ نییە، ئەوەیە پاڵ بەئێرانەوە دەنێت، لەدوای شیعەی عێراق دووەم لایەن کەهەوڵ بدات تاکتیکی لێ نزیک بێ کوردبێت، ئەگەرنا دووەم ئامانجی ستراتیژی ئێران لە عێراقدا ئەوەیە، کە نەهێڵێت بەهیچ شێوەیەک ناسیۆنالیزمی کوردی لەسەر ئەرزی واقیع لەکوردستانی عێراق کۆمەڵێک دامەزراوە دروست بکات کە لەڕێیانەوە بۆ ناوچەکەو دونیای دەرەوەی بسەلمێنێت، کورد دەتوانێت دەوڵەتێک لەداهاتوودا بۆخۆی دروست بکات، و دواتریش کاریگەری لەسەر کوردی بەشەکانی تری کوردستان هەبێت، بۆیە ناکرێ و ناتوانرێ لەڕووی ستراتییەوە ئێران بەدۆستی حکومەتی هەرێم ببینرێت، ئەگەر کوردیش جگە لە تاکتیک هەوڵی نزیکبونەوە لەئێران بدات وەک ستراتیژ، هەڵەیەکی گەورە دەکات.

ئەو هۆکارەی کەپشت پێبەستراوە بۆ نزیکبونەوە لەئێران، ئەوەیە، کەکوردستان سنورێکی دوورودرێژی لەگەڵ ئێران هەیە، ئێران دەتوانێ خەتەری گەورەی لەسەر دروست بکات، هەر ئەوەشە بەشێک لەکوردستانی ناچارکردووە نزیکی ئێران بێت، ئایا ئەمە پاسەوێکی موقنیع نییە؟

د. ئیدریس ئەحمەدی : ئەوەی کەئێران ئەتوانێ مەترسی لەسەر کوردستان دروست بکات، بەو مانایە نییە، هەوڵ بدەی لێی نزیک بیتەوە یان هاوپەیمانێتی لەگەڵ دروست بکەیت، یان ئەگەر لێی نزیک بیتەوە پێت وابێ دەتوانی رێگە لەئێران بگری کەمەترسی و دژایەتی هەرێمی کوردستان نەکات.

ئێستا حکومەتی کوردستان خۆی دەپارێزێ لەوەی بەرەسمی باسی بکات، ئەگەرنا جگە لەپشتیوانی لەگروپە توندڕەوەکان، ئێران ژێرخانێکی لەناوخۆی باشوری کوردستاندا دروستکردووە، کەبەڕواڵەت زۆر بێ گوناح دیارە، بەڵام لەڕێیانەوە چەندین چالاکی ئیتڵاعات لەژێر ناوی چالاکی بازرگانی و خێرخوازی لەکورددستان بەڕێوە دەبات، وەک ئامادەکاری بۆ ئەوکاتی ئەگەر پێویستیکرد ناسەقامگیری لەکوردستان پێکبهێنن، و پێکیشیان هێناوە، شتێکی تر کە ئێران دەیکات بڵاوکردنەوەی مادە هۆشبەرەکانە کە لەناسەقامگیری ئەمنی و لەتیرۆرزم زۆر خەتەر ترە، بۆیە دەتوانم بڵێم ئەگەر نزیکبونەوە لەئێرانیش هەبوبێ بۆ دورخستنەوەی مەترسی ئێران لەسەر باشوری کوردستان، ئەو هەوڵە نەگەشتۆتە ئامانج، بەڵکو ئێران لەڕێگەیەکی ترو بەشێوەیەکی تر خەتەری لەسەر باشوری کوردستان دروستکردووەو دروستیشی دەکات.

کەوایە حکومەتی هەرێم چی بکات، بەرانبەر ئەو مەترسییە ؟

د. ئیدریس ئەحمەدی : من پێموایە هەتا حکومەتی هەرێم لەبەرانبەر ئێران پاشکشە بکات، هەتا لاوازی پێشان بدات، ئەوەندەی تر ئێران دەتوانێ لەناخۆی کوردستاندا هەژموون پەیدا بکات، هۆکاری ئەو پاشەکشەو لاوازیەی کوردستانیش وەک باسمکرد، ناکۆکی سیاسییە لەکوردستان، خۆ ئەگەر ناکۆکی نێوان حزبە سیاسییەکانی باشوری کوردستان نەبوایە، هەژموونی ئێران بەو چەشنەی کە ئێستا هەیە نەدەبوو.

ئێستا مەترسی ئێران لەسەر کوردستان گەورەیە، چونکە ئەگەر ئەگەر ئێران لەبەشێکی کوردستان چالاک بێت، ئەو بەشەی تریشی کەلایەنێکی تێدایەو دەیەوێ بەر بەئێران بگرێت، تاسەر پارێزراو نابێ لەهەژموونی ئێران. ئیستا موشکیلەی کوردستان ئەوەیە کە لەڕووی جیۆپۆلیتیکەوە دابەش بووە بەسەر دوولادا، لایەک دەیەوێ لەگەڵ ئێران هاوپەیمان بێ، لایەک دەیەوێ لەگەڵ تورکیا هاوپەیمان بێ، ئەگەر ئەم دوو لایەنە رێکبکەوتنایە لانی کەم لەگەڵ یەکێک لەم لام دوو بەرە، هاوپەیمانی هەبوایە، یان بەشێوەیەک پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دوو بەرە رێبکخستایە کەتێیدا کورد بەلایەنی لاواز دەرنەکەوێت، و لاوازیی خۆی تێیدا تەرجەمە بکات بەلایەنی بەهێز، دەیانتوانی پێش بەو هەژموونەی ئێران لەباشوری کوردستان بگرن، بەڵام لەکوردستان ئەوە لەقسەدا ئاسانە و لەپراکتیکدا زۆر زەحمەتە، ئەویش بەهۆی کۆمەڵێ بەرژەوەندی حزبی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، کە پەیوەندییان بەبەرژەوەندیی نەتەوەیی کوردەوە نییە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com