نوچەنێت.رووداو:
پارتی هۆشداری دەداتە یەكێتی، گۆڕان و یەكگرتوو ئەگەر داواكانیان لە سلێمانی جێبەجێ نەكرێ، با چاویان لە پۆستە باڵاكانی دهۆك نەبێت. سەرپەرشتیاری دانوستاندنەكانی پارتی لە دهۆك دەڵێ “بەڕاستی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان لە سلێمانی ماندوو بووین”.
دانوستاندنی دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكان لە پارێزگای سلێمانی لە نێوان یەكێتی و گۆڕان لەلایەك و ئەو دوو حیزبە لەگەڵ لیستی خزمەت لەلایەكی دیكە یەكلایی بووەتەوە، بەڵام هێشتا لەگەڵ پارتی یەكلا نەبوونەتەوە، پارتیش پۆستەكانی دهۆكی بەستووەتەوە بە دوا ئەنجامی گفتوگۆكانی لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە.
پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرینەی كورسییەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆكی بەدەستەوەیە كە 19 كورسییە. هەروەها یەكێتی دوو كورسی، یەكگرتوو 3 كورسی، گۆڕان كورسییەك و كۆتاكانی وەكو ئەرمەن و مەسیحیش 3 كورسییان هەیە.
غازی سەعید كە سەرۆكی لێژنەی دانوستاندنی یەكگرتووە لە دهۆك،سەبارەت بە داواكاریەكانیان بە (رووداو)ی راگەیاند “داوای ئیستیحقاقی خۆمان كردووە نەك زیاتر، ئێمە دەڵێین پۆستی جێگری پارێزگاری دهۆك مافی ئێمەیە”. گوتیشی “دەبێت لە سەرجەم پۆستەكانی دیكەش مافی ئێمە بدرێ و شەراكەتی راستەقینە و كارامان هەبێ لە بەڕێوەبردنی ئیدارەی دهۆك”. چونكە وەك غازی سەعید دەڵێ “21 ساڵە یەكگرتوو لەو ناوچەیە خزمەت دەكات”.
جگە لە یەكگرتوو، یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیش كە خاوەنی دوو كورسین لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك، رەخنە لە پارتی دەگرن و عەلی مستەفا، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی چواری یەكێتی لە دهۆك بە دەزگای گوت “پارتی بە ئەنقەست داواكاریەكانی لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە زیاد كردووە، تاوەكو یەكێتی و گۆڕان ناچارببن داواكانیان جێبەجێ بكەن”.
عەلی مستەفا داواكاری سەرەكی حیزبەكەی بۆ وەرگرتنی پۆستە باڵاكان لە دهۆك دەخاتەڕوو و دەڵێت “ئێمە لایەنی سیێەمین لە دهۆك، بۆیە دەبێت یان پۆستی جێگری پارێزگاری دهۆك، یان قایمقامی ناوەندی دهۆكمان پێبدرێت”.
بەڵام فەهیم عەبدوڵڵا، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك لەسەر لیستی پارتی رەخنەی لە یەكێتی و گۆڕان لە سلێمانی هەیە و دەڵێ “هۆكاری دواكەوتنی دانوستاندنەكانی دهۆك جێبەجێنەكردنی داواكانی پارتین لە سلێمانی”.
فەهیم عەبدوڵڵا ئەوەشیگوت كە “بەڕاستی لە چاوەڕێكردنی برادەرانی سلێمانی ماندوو بووین، ئێمە تاوەكو ئێستا نەمانتوانیوە هیچ هەنگاوێك لە دهۆك بهاوێژین و هەر چاوەڕێی یەكلاكردنەوی پۆستەكانی سلێمانین”.
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك كە پارتییە بەروون و ئاشكرا بە یەكێتی دەڵێ “ئەگەر یەكێتی لە سلێمانی پارتی رازی نەكات، بە ڕاستی با چاوی لە پۆستەكانی دهۆك نەبێت”.
یەكێتی ترسی هەیە یەكگرتوو بەبێ ئەوان بەشداری لە ئیدارەی پارێزگای دهۆك بكات. جێگری بەرپرسی مەڵبەندی دهۆكی یەكێتی لەو بارەیەوە دەڵێ “لەگەڵ یەكگرتوو و گۆڕان دوای هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كۆبووینەوە و گەیشتینە ئەو رێككەوتنە كە بە تەنیا لەگەڵ پارتی دانوستاندن نەكەین”.