نوچەنێت.ههولێر:
وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو دەست دەکەن بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی ئەمساڵ.
ئەحمەد عەبدولڕەحمان، وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم بەnrt ڕاگەیاند،بە نووسراوی فەرمی ئاگادارکراوینەتەوە لە ناردنی ٤٥٥ ملیۆن دۆلار بۆ هەرێمی کوردستان لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە و پرۆسەی گەیشتنی پارەکەش چەند ڕۆژێک دەخایەنێت.
وتەبێژی وەزارەتی دارایی وتیشی، لە هەفتەی داهاتوودا پارەکە دەگاتە هەرێمی کوردستان و خشتەی دابەشکردنی مووچەی وەزارەتەکان ئامادە دەکرێت و پاشان مووچەی مانگی شوبات دابەش دەکرێت.
دوێنێ وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند، بڕی ٤٥٥ ملیۆن دۆلاریان، وەکو پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراقدا ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کردووە.
هۆشیار زێباری، وەزیری دارایی عێراق ئاماژەی بەوەشکردبوو، ئەو بڕە پارەیە بۆ مانگی ئازارە و وەک پابەند بوونێکی حکومەتی ناوەندییە لە بەرامبەر ڕێککەوتنامەی تایبەت بە سیاسیەتی نەوت لە نێوان بەغدا و هەولێردا.