عەبدولمەهدی: وەزارەتی نەوتی عێراق ملیاران دۆلاری بەهەدەرداوە
نوچەنێت-سەباح جەدید
وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت بەهۆی پلانی خراپ و شكستخواردووەوە لە وەزارەتی نەوت و لەساڵی 2011 ەوە بڕی 14,5 ملیار دۆلار بەهەدەرچووە.
لە بەیاننامەیەكی نوێدا عادل عەبدولمەهدی وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت خراپیی پلان و گرێبەستی خراپ لە وەزارەتی نەوتدا پارەیەكی ئێجگار زۆری عێراقیان بەهەدەر داوە لە چوار ساڵی رابردوودا و بە تێكڕا بۆ هەر ساڵێك عێراق 3,6 ملیار دۆلاری لەكیس چووە بەهۆی ئەو پلان و گرێبەستە خراپانەوە.
پێشووتریش عادل عەبدولمەهدی ئاشكرای كردبوو كە خەریكی پێداچوونەوەیە بەو گرێبەستانەی لە سەردەمی حكومەتی پێشوودا لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت ئەنجامدراون و خراپ لەسەر ئتبووریی وڵات شكاونەتەوە.
لیژنەی نەوت لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش بە توندی رەخنەی لەو بەهەدەردانی پارەیە گرتبوو كە لە سەردەمی وەزیری پێشووی نەوتدا رویانداوە، كاتێك وەزارەتە گرێبەستگەلێكی خراپی لەگەڵ كۆمپانیا جیهانییەكانی نەوت ئەنجامدابوو.
لیژنەكەی پەرلەمان وتویەتی وەزارەتی نەوتی عێ{اق لە خولی پێشوودا لەبری هەندێك مەرج و خزمەتگوزاریی، پارەیەكی زۆری بە كۆمپانیاكان داوە. بەڵام بەهۆی خراپیی ئاستی سەرپەرشتیكردن و چاودێریی وەزارەتەكەوە، كۆمپانیاكان تەنیا پارەكەیان وەرگرتووە و مەرج و خزمەتەكانیشیان وەك پێویست ئەنجامنەداوە.
شارەزایانی بواری نەوت دەڵێن عێراق لە خولی پێشوودا گرێبەستگەلێكی ئەنجامداوە كە تێیدا عێراق بە دۆڕاو دەردەچێت و كۆمپانیاكانیش پشكیان لە زیانەكاندا بەرناكەوێت.