نوچەنێت. pukmedia:
هێزە ئەمنیەكانی هەرێم ژمارەیەك تیرۆرستیان لەسێ پارێزگای هەرێم دەستگیركرد كە مەترسیدارن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەداواداچوونێكی رۆژنامەوانیدا دەست كەناڵی گەلی كوردستان كەوتوون لەماوەی رابردوودا هێزە ئەمنییەكانی ئاسایشی گشتی و سلێمانی و هەولێر و چەمچەماڵ و هێزە ئەمنییەكانی تر، بەهاوكاری بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری و ئاسایشی سلێمانی 8 تیرۆرستیان لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەولێر دەستگیركردووە.
بەپێی زانیاری و دۆكیۆمێنتەكان، یەكێك لە تیرۆرستەكان كە بەزۆر مەترسیدار پلەبەند كراوەو لە گروپی تیرۆرستی داعشدا پلەی ئەمیرە، لە لێكۆڵینەوەكاندا دانی بەوەداناوە كە خۆی و چەند تیرۆرستێكی تر زیاتر لە هەزارو 500 هاوڵاتی مەدەنییان لە پارێزگای سەلاحەدین گوللە باران كردوەو چەندین تاوانی ئەنجامداوە ، وەك سەربڕین و چاندنی دەیان.
بۆمب و تەقاندنەوەی سەدان ماڵی ئەندامانی هێزە ئەمنییەكانی عیراق و دانانی بازگەی وەهمی كە لەڕێگای ئەو بازگە وەهمییانەوە 250 هاووڵاتی شیعە مەزهەب دەستگیركراون و دوای جیاكردنەوەی ژن و منداڵەكان ، تەسلیمی گروپێكی تری تیرۆریستی كراون ، بێ ئەوەی چارەنوسیان بزانرێت، هەروەها چەندین تیرۆریستی لەنێو پارێزگاكاندا دزە پێكردووە و هاوكات لە شەڕی داگیركردنی تكریتدا بەشداری كردووە.
یەكێكی تر لە تیرۆریستەكان ئەندامی گروپی تیرۆریستی جەیشی ئیسلامی بووەو دوای كوژرانی تیرۆریستەكانی ناو گروپەكەی دزەی كردۆتە ناو پۆلیسی عیراقییەوەو لەوێوە وەك شانەی نوستووە كاری كردووە.
ئەوەی مایەی تێڕامانە،دوان لە تیرۆریستەكان سەرەڕای ئەوەی فەرمانی دەستگیركردنیان لە بەغدای پایتەخت هەبووەو گشتاندنیش بۆ نوسراوەكانیان كراوە، توانیویانە رێوشوێنە ئەمنییەكان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا تێپەڕێنن و بەفڕۆكە بەرەو سلێمانی بێن، بەڵام نەیانتوانیوە لەڕێوشوێنە ئەمنییەكانی هێزە ئەمنییەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی دەربازیان بێت و بەهاوكاری بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی و ئاسایشی سلێمانی، لەناو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئاشكرابوون و دەستگیركراون.
یەكێك لەم دوو تیرۆریستەش لەدان پێدانانەكاندا ئاماژەی بەوەداوە كە خۆی سەركردەیەكی داعش بووەو برایەكیشی ئەمیرێكی داعشە لە حەویجە.
تیرۆریستێكی تریان بەهاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان لەقەزایەكی پارێزگای هەولێر دەستگیركراوەو یەكێكی تریشیان دوای دوو ساڵ و 7 مانگ زیندانی لە گرتوخانەی بوكا، ئازاد كراوەو جارێكی تر گەڕاوەتەوە سەر كاری تیرۆریستی.
سەرجەم تیرۆریستەكانیش بەمەترسیدار و زۆر مەترسیدار لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە پلەبەند كراون و دانیشتوی پارێزگاكانی بەغداو سەلاحەین و ئەنبار و واستن و لەچەند رۆژی رابردووداو لەڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە تەسلیمی حكومەتی عیراق كراونەتەوە.
لەبەر لایەنی ئەمنی و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و كاریگەری دروستنەكردن لەسەر رەوتی كارەكانی لایەنە ئەمنییەكان، كەناڵی گەلی كوردستان ناو و وردەكاری زیاتری لەبارەی ئەو تیرۆریستانەوە ئاشكرا نەكردوەو پابەند دەبێت بەپاراستنی زانیارییەكان و ناوی سەرچاوەكانەوە.
لەسەرجەم ئەم چالاكییانەشدا هاووڵاتیان رۆڵی بەرچاو و هاوكاریان لەپێدانی زانیاری لەسەر تۆمەتبار و گومانلێكراوەكان هەبووەو راستەوخۆ لایەنە ئەمنییەكانیان لێ ئاگاداركردونەتەوە.