نوچەنێت.ههولێر:
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت، كورد لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم مكوڕە و كەس ناتوانێت كۆسپ لە بەردەمیدا دروست بكات. ڕوونیشی دەكاتەوە كە، كۆمەڵێك هەنگاو گیراونەتە بەر، یەكێك لەوانەیش دروستكردنی كۆمسیۆنە كە ئەگەر ڕیفراندۆم نەكات، ئەوا كەمتەرخەمە.
د. كەمال كەركووكی،بە ماڵپەڕی فەرمی راگەیاندوه”كورد لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و مكوڕە و ئەمەیش مافێكی ڕەوای خەڵكی كوردستانە، بەپێی یاسایی نێودەوڵەتییش هەر گەلێك مافی خۆیەتی بە ئازادی بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات، هەر دەوڵەتێكیش دادپەروەر بێت، دیموكراتی بێت، یەكسانیی تێدا بێت، ئەو مافە بە خەڵك دەدات چارەنووسی خۆیان دیاری بكەن”.
(كەركووكی) گوتیشی: “هیچ كەسێك هەقی ئەوەی نییە مافی ڕیفراندۆم لە كورد زەوت بكات، ئێستایش كۆمەڵێك هەنگاو گیراونەتە بەر، لەوانە دروستكردنی كۆمسیۆن كە ئەگەر ڕیفراندۆم نەكات، ئەوا كەمتەرخەمە”.
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان ئاماژەیشی دا، هیچ كات بیری شۆڤێنی لەلای كورد قبووڵكراو نییە و گوێی پێ نادات كە ئەگەر بیەوێت گوشار بخاتە سەر كورد یان بیترسێنێت، بۆیە كورد لەسەر ئەم پرسە بڕیاری خۆی دەدات و گەلی كوردستان ئازادە چۆن بژیت.
دەشڵێت: “پەیامی ڕیفراندم لەلایەن كوردەوە فراوانتر دەكرێت و هەوڵەكان لەو بارەیەوە درێژەیان دەبێت”.
ئەمە لە كاتێكدایە، چەند ئەندامێكی دەوڵەتی یاسا بە فەرمی دژایەتیی خۆیان بۆ ڕیفراندۆمی كوردستان دەربڕیوە و چەند پەرلەمانتارێكیشیان هەڕەشە دەكەن.