نوچەنێت.ههولێر:
سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتیەكان لە ڕاگەیەنراوێكدا بەڵگەكان لەسەر بوونی كۆمپانیایەكی وەهمی قیر، بڵاو دەكاتەوە كە بە بەهای دەیانی ملیۆن دۆلار سوتەمەنی بۆ دابین كراوە و ڕاشیدەگەیەنێت لە سەرۆكایەتی داواكاری گشتی سكاڵای تۆمار كردووە.
لەبەشێكی راگەیەنراوەكەی د.شێركۆ جەودەت سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتیەكان و پەرلەمانتاری یەكگرتوودا هاتووە:دوای ئەوەی ئێمە وەك پەرلەمانتار داوای ڕونكردنەوەمان لە وەزارەتی سامان سروشتیەكانی حكومەتی هەرێم كرد لەسەر بوونی كارگەیەكی وەهمی بەناوی (زیپۆ)، بۆ بەرهەم هێنانی قیر، بەڵام لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و بەڕێوبەرێتی گشتی تۆماركردنی كۆمپانیاكان وەڵامیان داینەوە بەوەی كارگەیەك نیە بە ناوی( زیپۆ).
راشیگەیاندوە: پاش بەدواداچونمان لەگەڵ وەزیری سامانە سروشتیەكان و نوێنەری وەزارەت، دەركەوت كە وێنەكان وێنەی كارەی قیری ( زیپۆ ) نین، بەڵگەیەكی یاسایش نیە بوونی كارگەیەكی بە ناوی ( زیپۆ ) بیسەلمێنێت، كە هەزاران تەن سوتەمەنی پێدراوە بۆ بەرهەم هێنانی سوتەمەنی بە بەهای چەندین ملیۆن دۆلار.
دەقەكە راگەیەنراوەكە:
ڕاگەیەنراو
” تۆماركردنی سكاڵا لە سەرۆكایەتی داواكاری گشتی”
دوای ئەوەی ئێمە وەك پەرلەمانتار داوای ڕونكردنەوەمان لە وەزارەتی سامان سروشتیەكانی حكومەتی هەرێم كرد لەسەر بوونی كارگەیەكی وەهمی بەناوی (زیپۆ)، بۆ بەرهەم هێنانی قیر، لەسەر بنەمای زانیاری :
1- سەردانی مەیدانیمان بۆ ئەو شوێنەی گوایا كارگەكەی لێیە و پاش پرسیاركردن لە بەرپرسانی ئەو ناوچەیەی دەبوو كارگەكەی لێ بێت،
2- وەرگرتنەوەی وەڵام لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و بەڕێوبەرێتی گشتی تۆماركردنی كۆمپانیاكان، بەوەی كارگەیەك نیە بە ناوی ( زیپۆ ).
پاش داوای ڕونكردنەوەی ئێمە لەسەر ئەو كۆمپانیا وەهمیە، وەزارەتی سامانە سروشتیەكان لە ڕاگەیەنراوێكدا وەڵامیان داینەوە و ئاماژەیان بەوە كردووە كە لیژنەیان ناردووە و وێنەیان گرتووە و كەشفە شوێنەكەیان كردووە، بەڵام پاش بەدواداچونمان لەگەڵ وەزیری سامانە سروشتیەكان و نوێنەری وەزارەت، دەركەوت كە وێنەكان وێنەی كارەی قیری ( زیپۆ ) نین، بەڵگەیەكی یاسایش نیە بوونی كارگەیەكی بە ناوی ( زیپۆ ) بیسەلمێنێت، كە هەزاران تەن سوتەمەنی پێدراوە بۆ بەرهەم هێنانی سوتەمەنی بە بەهای چەندین ملیۆن دۆلار.
ئێمە خوازیاربووین خاوەنی كارگەی قیری ( زیپۆ) بەڵگەی یاسایمان پێشكەش بكات و پێمان بڵێت بەرهەمی قیری چەند بووە بەرامبەر ئەو هەموو سوتەمەنیەی پێی دراوە لە لایەن وەزارەتی سامانە سروشتیەكانەوە، بە پێچەوانە ئێمە سكاڵامان تۆماركردووە لە ڕێی بەڕێز داواكاری گشتی بۆ لێكۆڵینەوە و دەرخستنی ڕاستیەكان.
ئێمە لە ناخی دڵەوە خوازیارین كە كارگەی قیری ( زیپۆ ) بوونی هەبێت و بە شێوازێكی یاسایی كاری كردبێت و گومانەكان ئێمەش بڕەوێتەوە ، دوپاتی دەكەینەوە بەداوداچوونەكانی ئێمە لە پێناو پاراستنی سامانی گشتیە و دوورە لە هەر موزایەدەیەكی سیاسی.
شێركۆ جەودەت
سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتیەكان