بارزانی و شاندێكی باڵای ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا كۆبونەوە

0

نوچەنێت.هه‌ولێر:
سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندێكی باڵای ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا كۆبونەوەو شاندی میوان پاڵپشتیی خۆیان و وڵاتەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە دووپاتكردەوە.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هه‌رێم بڵاوی کردەوە”ئەمڕۆ چوارشەممە 1ـی 4ـی 2015 لە شاری هەولێر مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سێناتۆر میچ مەككۆنێڵ سەرۆكی كوتلەی زۆرینەی كۆماریخوازی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە سێناتۆر شێڵی مۆر و سێناتۆر كۆری گڕادنێر و سێناتۆر ستیڤ داینز و سێناتۆر داڤید پێردوو و سێناتۆر تۆم تیلیس و سێناتۆر بێن ساس كە هەموویان سەر بە پارتی كۆماریخوازی ئەمەریكا بوون و هەروەها ستوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و جۆزێف پنینگتۆن كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا“.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”لەم كۆبوونەوەیەدا شاندی میوان ستاییشی ڕۆڵ و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە شكستدانی تیرۆریستانی داعش و هەروەها سەركەوتنەكانی ئەم دواییەی هێزەكانی عێراقیان لە شەڕی تیرۆریستان بەرز نرخاند. هەروەها پێزانیان بۆ پێشكەوتن و بووژانەوەی هەرێمی كوردستان هەبوو و هیوای بەردەوامیی ئەو پێشكەوتنەیان خواست كە لە هەرێمی كوردستان لە ئارادایە. شاندی میوان پاڵپشتیی خۆیان و وڵاتەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە دووپاتكردەوە. هەر لەم دیدارەدا شاندی میوان داوایان لە كرد گوێبیستی بۆچوونەكانی سەرۆك بارزانی و سیاسەتی هەرێمی كوردستان بن لەبارەی هەڕەشەكانی تیرۆر و بارودۆخی سیاسی و ئاییندەی عێراق و ناوچەكە و پڕۆسەی سیاسی و گۆڕانكارییەكانی عێراق و ناوچەكە“.

لەبەرانبەریشدا”بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەمەریكای كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا پاڵپشتی هێزی پێشمەرگە و گەلی كوردستان بوونە. سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە تیرۆر هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو جیهان جەختیشی لەوە كردەوە كە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش پێویستی بە هەوڵ و هاوكاریی هەموو لایەك هەیە. سەرۆك بارزانی ئەوەی بۆ شاندی میوان خستەڕوو كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە پاڵپشتی گەل و دۆستانی كوردستان توانی ئەفسانەی داعش تێكبشكێنێت. هەروەها خۆشحاڵیی خۆیشی نیشاندا بەو سەركەوتنانەی هێزەكانی عێراقی لە شاری تكریت لەبەرانبەر تیرۆریستانی داعش بەدەستیانهێناوە“.

ماڵپەڕەكە رونیشیكردوەتەوە”لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بارزانی باسی لە هۆكارەكانی دەركەوتن و گەشەی داعش لە عێراق و سووریا كرد و ئەگەرەكانی بەردەم عێراقی لە قۆناغی دوای داعش خستە بەر باس. سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدایش سەرۆك بارزانی هێمای بە ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دا و هیوایشی خواست كە گرفتەكانی نێوان هەردوولا چارەسەر بكرێن“.

هەر لەم دیدارەدا بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان قسەی لەبارەی كرا.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم دیدارەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەت و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی و ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سرووشتییەكان و سەفین دزەیی گوتەبێژی حكوومەت و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم ئامادە بوون.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com