عەلی حەمەساڵح لەسەر راسپاردەی نەوشیروان مستەفا سكاڵای لەسەر دوو پەرلەمانتارەكەی پارتی تۆماركردووە

0

نوچەنێت.هه‌ولێر:

عەلی حەمەساڵح لەسەر راسپاردەی نەوشیروان مستەفا سكاڵای لەسەر دوو پەرلەمانتارەكەی پارتی تۆماركردووە، ئەوەش لەپێناوی لێسەندنەوەی حەسانە لەو دوو پەرلەمانتارە.

رۆژی 25 مانگی رابردوو دوو پەرلەمانتاری پارتی، بەناوەكانی (نازم كەبیرو مەردان خدر) لەناو هۆڵی پەرلەمانی كوردستان بەبۆكس هێرشیان كردە سەر پەرلەمانتاری گۆڕان، عەلی حەمەساڵح، لەبەرانبەر ئەوەدا ئەو پەرلەمانتارە رۆژی (30) هەمان مانگ لەڕێگەی پارێزەرەكەیەوە سكاڵای یاسایی لەدادگا تۆماركرد.

بەپێی هەواڵێكی سایتی شارپرێس،عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان، لەسەر راسپاردەی نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان ئەو سكاڵا یاساییەی لەسەر ئەو دوو پەرلەمانتارە تۆماركردووە، ئەوەش دوای ئەوەی رۆژێك پێش تۆماركردنی سكاڵاكە لەگەڵ ناوبراو كۆبووەتەوە.

بەپێ هەواڵی سایتەكە،هۆكاری پەنابردن بۆ دادگا بۆ ئەوە بووە،كە حەسانەی پەرلەمانتاری لەدوو پەرلەمانتارەكەی پارتی وەربگرێتەوەو چەند جارێك بانگێشتی دادگا بكرێن، ئەوەش وەك تۆڵەكردنەوەیەك لەو دوو پەرلەمانتارە، لەبەرانبەر ئەو هێرشەی كردیانە سەر عەلی حەمەساڵح.

سەرەڕای تۆماركردنی سكاڵا لەسەر ئەو دوو پەرلەمانتارە، نەوشیروان مستەفا رایگەیاندووە، كە ئەوان پشتگیری تەواوی عەلی حەمەساڵح دەكەن‌و دەبێت لیژنەكەی پەرلەمانیش لەو بارەوە بەلێكۆڵینەوەی خۆی بگات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com