نوچە.نیت. روداوو
لەکۆتایی ساڵی رابردوودا، کتێبێک لەسەر ئێزدییەکان بە زمانی سوێدی لەلایەن شێوەکار ماگنوس بێرتۆس و نووسەر فریدریک ئێکمان ئامادەکراوە. کتێبەکە لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانییە لەسەر ژیان و ئاینی کوردانی ئێزدی.
ساڵی ٢٠٠٣ ـ ٢٠٠٤ بەمەبەستی لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی لەسەر ئایین و فەرهەنگی کوردانی ئێزدی، نووسەرانی ئەو کتێبە سەردانی ئەرمەنستان و باشووری کوردستان دەکەن. کتێبەکە پشتی بە چەندین سەرچاوەی مێژوویی بەستووە، هاوکات کوردانی ئێزدی خۆیان باسی ئەو رووداوانە دەکەن کە بەسەریاندا هاتووە.
بە درێژایی سەدان ساڵ، کوردانی ئێزدی سەرەڕای هەوڵدان بۆ لەناوبردنیان، توانیوایە ئاینی ئێزدی بپارێزن. وەک نووسەران لە دەمی ئێزدییەکانەوە دەگێڕنەوە “هەموو کەس نەیدەتوانی بچێتە باخچەی ئێزیدیەکانەوە، دەبوو لە دەرگای باخچەکە بدەیت تا رێگات پێبدەن بچیتە ژوورەوە. بۆیە باخچەکەیان بۆ هەمیشە بە پاکی و تەندروستی ماوەتەوە”.
“ئێزدییەکان، کەمینەیەکی کورد پێکدەهێنن و شانازی بە خۆیانەوە دەکەن، ئەوان بە خوێنی خۆیان باخچەی ئێزدێتیان ئاوداوە و خۆیان لە هەموو هێرشێکی دەرەکی پاراستووە”، نووسەرانی کتێبی ئێزدییەکان وا دەڵێن.
ئەمە یەکەمین کتێب نییە کە بە زمانی سوێدی دەنووسرێت لە سەر ئێزیدییەکان، بەڵکو میسیۆنێرانی سوێدی (پەیامبەران) لە ساڵانی ١٨٠٠ تا ناوەڕاستی ١٩٥٠ سەدەی رابردوو لە پەیوەندیدا بوون لەگەڵ کوردانی ئێزدی و دەیان گوتار و نامیلکە و وێنەی کوردانی ئێزدی لە چاپەمەنیەکانی ئەو کاتی سوێد بڵاو کراونەتەوە، بەتایبەتی لەسەر ئەو کوردە ئێزدیانەی کە لە قەفقاسیا ژیاون. لەو راپۆرتانەدا کە باسی کوردانی ئێزدی کراوە، زۆرجار وەکو “گەلە پیسەکە” لە لایەن خەڵکانی قەفقاسیا بەتایبەتی لە تیبلیسی ناویان براوە و رووبەڕووی چەوساندنەوە بوونەتەوە.
لە دیمانەیەکدا فرێدریک ئێکمان دەڵێت “هەستێکی جیاوازە، کە کتێبەکە لە کاتێکدا چاپ کراوە کە گەورەترین کارەسات بەسەر کوردانی ئێزدیدا هاتووە لە عێراق. ئێزدییەکان رووبەرووی راوەدوونان و کەم تا زۆر کۆمەڵکوژی بوونەتەوە”.
لەو کتێبەدا باسی دابونەریتی ئێزدییەکان کراوە و باسی ئەوەی کە تەنیا لەنێو خۆیاندا ژن و ژنخوازییان هەیە.
تراژیدیای کوردانی ئێزدی کە بە درێژایی مێژوو لە فۆرمی جیاوازدا دووبارە بووەتەوە. نووسەران لەو بارەیەوە دەڵێن “دە ساڵ دوای چاپکردنەوەی کتێبەکە کە کتێبێکی رێپۆرتاژیی و گەریدەییە. ئێستا ئێزدییەکان لە دەست داعش ماڵوحاڵی خۆیان بەجێدەهێڵن و ناچار دەکرێن ببنە مسوڵمان یانیش دەبێت رووبەڕووی سەربڕین و بەردباران ببنەوە. ژنەکانیان دەستدرێژییان دەکرێتەسەر و لە بازاڕەکاندا وەکو کۆیلەی سێکس دەفرۆشرێن. ئەمە دووبارەبوونەوەی ئەو دیمەنانەیە کە ساڵانی ١٤١٥ و ١٨٩٢ بەسەریاندا هێناون”.
ئەگەرچی کتێبەکە بێ کەموکوڕی نییە، بەڵام لە چاپدانەوە و پاشەکی بۆ نووسینی لەم کاتەدا، کە تێیدا تیشک خراوەتەوە سەر رووداوەکانی ئەم دواییەی بەسەر ئێزدییەکاندا هاتووە، پاڵنەرێکە بۆ بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان لە لایەن داعشەوە، بەتایبەتیش کە ئێستا کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان خراوەتە ئەجێندای نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.