نوچەنێت.ههولێر:
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان رایدەگەێنێت گەورە تیرۆریستێکی داعش کە بەرپرسی زۆرێک لە میحوەرەکانی جەنگی دژ بە هێزەکانی پێشمەرگە بووە و کوژراوە.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان رایگهیاند،، 12:30 خولەكی شەوی ڕابردوو، لە بەری راستی گەڕەكی (سەوره)ـی شاری مووسڵ و لە نزیك مزگەوتی (حافز) لە پرۆسەیەكی هەواڵگریدا، گەورەتیرۆریست (زیاد سەلیم محەمەد عەلی ئەلکوردی) كرایە ئامانج و لەلایەن فڕۆكەكانی هاوپەیمانانەوە كوژرا.
بەپیی زانیارییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ئەم گەورەتیرۆریستە ناسراو بوو بە (زیاد ئەلکوردی) و (مەنسوور) و دانیشتووی (یارمجە) بووە لە مووسڵ، ناوبراو لە ساڵی 2004ـەوە پەیوەندی كردووە بە رێكخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە و “توحید و الجهاد”ـەوە و لە ساڵی 2006 لەلایەن هاوپەیمانانەوە دەستگیر كراوە و بە تاوانی تیرۆریستی لە بەندینخانەی “بوكا” بەند كراوە، دوای ئازادكردنیشی بووەتە “ئەمیری مەفرەزەی ئغتیالات لە مووسڵ” و چەندین كاری تیرۆریستی ئەنجام داوە.
هەر بەپێ رایەنراوی ئەنجومەنی ئاسایش:پاش داگیركردنی مووسڵ لە لایەن رێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە، (زیاد ئەلکوردی) چەندین پۆستی سەربازی بینیووە و بووەتە بەرپرسی سەربازی بەری چەپی شارەکە و دواتر بەرپرسی میحوەرەكانی “زوممار، كەسكێ، بەنداوی مووسڵ، فلفیل، تلكێف، بەرتلە، گوێڕ و مەخموور” بووە و، دەستی هەبووە لە تیرۆركردنی دەیان هاووڵاتی كورد و هاووڵاتیانی تری بێ گوناهـ.
ئەم گەورە تیرۆریستە دوو برای دیكەیشی لە پرۆسە هەواڵگری و سەربازییە جیاوازەكانی رابردوودا، كراونەتە ئامانج و كوژراون.