نوچەنێت.ههولێر:
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرای کرد،ھەوڵدان بۆ پڕچەککردنی ھێزی پێشمەرگە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەردەوامە، بەڵام تا ئێستا نەبووەتە کردار. جەختیش دەکاتەوە، پێم باشە بەشداری لە شەڕی ئازادکردنی مووسڵدا بکەین.
ئەنوەر حاجی عوسمان،بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان،بەماڵپەڕی فەرمی حیزبەكەی ڕاگەیاندوە”ھەوڵدان بۆ پرچەککردنی ھێزی پێشمەرگە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەردەوامە و، ھەوڵەکانی زیاتر لە ڕێگەی سەرکردایەتی سیاسی ھەرێمەوەیە؛ ئەمڕۆ بێت یاخود بەیانی پێویستە پێشمەرگە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پڕچەک بکرێت. گوتیشی، جیاوازی پڕچکەکردنی ھێزی پێشمەرگە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ چەکی بدرێتێ یان لە ڕێی بەغداوە، ئەرز و ئاسمانە، بەڵام ئەوەیش جارێ هەر قسەیە.
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ڕوونیشی کردەوە، بەغدا ھەزارویەک کێشەی بۆ ئێمە دروست کردووە لە ناردنی ئەو چەکەی وڵاتان بۆ ھەرێمی کوردستانی دەنێرن.
ئەنوەر حاجی عوسمان،ڕاشیگەیاند: ئەو ھاوکاریانە لە ڕووی چەک و تەقەمەنییەوە بۆ عێراق دەکرێت لەلایەن وڵاتانەوە تاوەکو ئێستا بەغدا بەشی ھەرێمی کوردستانی نەداوە، سەرەڕای ئەوەی لە شەڕی داعش پشکی شێر بەر ھەرێمی کوردستان کەوتووە.
سەبارەت بەبەشداریکردنی ھێزی پێشمەرگە لە پرۆسەی ڕزگارکردنی مووسڵ، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرای کرد، تاوەکو ئێستا تەنها باسی لێوە دەکرێت و، ھیچ بڕیاری لێ نەدراوە.
ئەوەشی خستە ڕوو، بە ڕای من ئەگەر بە مەرجەکانی کورد ڕازی بن پێم خراپ نیە بەشدار بین،بەڵام ڕەنگە کۆمەڵێک مەرج و پێداویستی ھەبێت دەبێ بۆ کوردی جێبەجێ بکەن، هەڵبەت جارێ باسی ناکەین.