نوچەنێت-ئاژانسەكان
ئەندامێكی دیاری لیستی سوننەكانی عێراق هێرشدەكاتە سەر جەعفەری و دەڵێت ئێمە نابینە بەرەی بەرگریكار لە ئێران.
حەیدەر موللا ئەندامی نوسینگەی سیاسی لیستی سوننەكانی عێراق و ئەندامی پەرلەمان لەسر هاوپەیمانێتی هێزە عێراقییەكان لە بەیاننامەیەكدا لەبارەی شەڕی یەمەن دەڵێت “دەبێت هەڵوێستی ئێمە وەك عێراق تایبەت بێت بە خۆمان، دەبێت بزانین ئەم شەڕی ئێمە نییە”.
لە درێژەی بەیاننامەكەدا موللا دەڵێ “خوازیار بوین جەعفەری هەست بەوە بكات كە ئەو وەزیری دەرەوەی عێراقە نەك وڵاتێكی تر و پەلەی نەكردایە لە لێدوان دان”.
مەبەستی موللا لێدوانەكەی دوێنێی جەعفەرییە كە دژایەتی عێراقی بۆ هەڵمەتە سەربازییەكەی سعودیە لەدژی حوسییەكانی یەمەن راگەیاند.
حەیدەر موللا وتوشیەتی “هەشت ساڵ لەبری هەموو نەتەوەی عەرەب لەگەڵ ئێران جەنگاین و هیچمان دەستنەكەوت جگە لە كاولكاری و دواكەوتن، بۆیە نامانەوێ چەند ساڵێكی تریش لەبری ئێران لەگەڵ خەڵكانی تر بجەنگین و ببینە دەستی وڵاتان، ئەم شەڕەش شەڕی بەرژەوەندییەكانە نەك شەڕی بیروباوەڕ”.
بە پێچەوانەی جەعفەرییەوە كە هێرشی كردە سەر سعودیە، موللا هێرشی كردە سەر ئێران وەك هەڵگیرسێنەری شەڕی یەمەن و وتی “بیروباوەڕ و مەزهەب چ پەیوەندییەكی هەیە بە تەماحی ئێران بۆ زاڵبوون بەسەر گەرووی بابولمەندەبی یەمەن كە گەورەترینن دەروازەی هەناردەكردنی نەوتە”.