نوچەنێت.ههولێر:
سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان دەڵێ، شەڕی یەمەن جەنگێکی تائیفیە و نەتەوەییە و لە بنەڕەتدا جەنگی ئێرانە، باس لە مەترسییەکانی ئەو شەڕەش دەکات بۆ کورد.
محەممەدی حاجی مەحموود، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە (رووداو)ی گوت:” وڵاتانی عەرەبی لە رابردوودا بەشێوەی ئێستا یەک دەنگ نەبوون، بەڵام شەڕی حوسییەکانی یەمەن کە لە بنەڕەتدا شەڕی ئێرانە، بەجۆرێک یەک دەنگی کردوون کە لەبەرامبەر ئیسرائیلیشدا بەوجۆرە هاوهەڵوێست نەبوون”.
سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، یەکگرتنی ئەو وڵاتانەشی بە زەنگێکی مەترسیدار بۆ کورد وەسفکرد، بەوپێیەی ئەو وڵاتانە لە شەڕی دژ بە داعشدا بەو جۆرەی ئێستا هەڵوێستیان نەبووە، کە بەرامبەر یەمەن هەیانە، بەدووریشی نەزانی کە رۆژێک ئەو وڵاتانەش بەوجۆرەی ئێستا هێرشبکەنە سەر کورد.
لەسەر بەشداریکردنی پێشمەرگە لە کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵدا، محەممەدی حاجی مەحموود گوتی:” ئەگەر لە رێککەوتنێکی نێودەوڵەتیدا پێشمەرگە وەک هێزێکی نێودەوڵەتی ناسێنرا ئەوا ئامادەیە بەشداری بکات”.