نوچەنێت.ههولێر:
سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت پێشنیارێكیان ئامادە كردووە بۆ ئەوەی حكوومەت بە بڕیارێك وەرگرتنەوەی وام (پێشینە)ی هێزی پێشمەرگە تا دوای شەڕ دژی تیرۆریستانی داعش ڕابگیرێت.
(ئاری هەرسین) سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانتاری پارتی بە ماڵپەڕی فەرمی حیزبەكەی ڕاگەیاندوە”لە كۆبوونەوەکەی دوێنێدا بڕیارمان دا كە بە دوو ئاراستە كار لەسەر ئەوە بكەین وام (پێشینە)ی هێزەكانی پێشمەرگە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕابگرێت تا شەڕ تیرۆریستانی داعش دەبڕێتەوە.”
(ئاری هەرسین) گوتیشی: “لیژنەیەكمان نارد بۆ لای بەڕێز وەزیری دارایی، ئەوانیش هاتن بە دەنگمانەوە؛ بە پەرلەمانی كوردستانیشدا نامەیەكمان ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە كە بە بڕیارێك جارێ وام (پێشینە)ی پێشمەرگە وەرنەگرنەوە تا شەڕی تیرۆریستانی داعش دەبڕێتەوە.”
راشیگەیاند: دوای شەڕی داعشیش، ئەگەر باری دارایی حكوومەتی كوردستان باش بێت، ئەوا پێمان باشە حكوومەت بە تەواوەتی لێیان خۆش بێت، بەڵام ئەگەر حكوومەت هەر لە قەیراندا بوو ئەوا وەرگرتنەوەکە وا بێت، پێشمەرگە و خێزانەكانیان زۆریان بۆ نەیەت.