روونكردنەوەیەك لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە

0

نوچەنێت.هه‌ولێر:
دوای ئەوەی رووداوێكی نەخوازراو ئەمڕۆ لە پەرلەمانی كوردستان رویدا كەبریتی بوو لە هێرش كردنە سەرپەرلەمانتارێكی گۆڕان لەلایەن دوو پەرلەمانتاری پارتیەوە،لەوبارەیەوە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان رونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە.

لە بەشێكی ئەو راگەیاندراوە كە وێنەیەكی بۆ نوچەنێت نێراوە هاتوە: هەموو لایەكیش دڵنیا دەكەینەوە كە ئەو رووداوە بە هیچ شێوەیەك گوزارشت لە سیاسەت و جۆری پەیوەندی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان ناكات.
دەقی رونكردنەوەكە:

روونكردنەوەیەك لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە

سەبارەت بەو رووداوە نەخوازراوەی ئەمڕۆ لە پەرلەمانی كوردستان روویدا، رایدەگەیەنین: رووداوەكە بە هیچ شێوەیەك پەیوەندی بە سیاسەتی ئێمەوە نییە و وەك دۆخێكی نەخوازراویش سەیری دەكەین، كە لە نێوان چەند پەرلەمانتارێكدا درووست بووە، ئەوەیش دەگەڕێتەوە بۆ سرووشتی دیموكراسی و لە پەرلەمانی وڵاتانی دیموكراسیشدا، چەندین رووداوی هاوشێوە روویانداوە.
هەموو لایەكیش دڵنیا دەكەینەوە كە ئەو رووداوە بە هیچ شێوەیەك گوزارشت لە سیاسەت و جۆری پەیوەندی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان ناكات، هەم وەك دوو هێزی سیاسی سەرەكی لە هەرێمی كوردستان و هەم وەك دوو فراكسیۆنی سەرەكیش لە پەرلەمانی كوردستان، بۆیە ئێمە وەك فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، چاوەڕوانی ئەنجامی بەدواداچوونی ئەو لیژنەیە دەكەین، كە بۆ ئەو رووداوە درووستبووە.
هەروەها نیگەرانی خۆیشمان لە بەرانبەر ئەو بەیاننامەیە دەردەبڕین، كە لەلایەن فراكسیۆنەكانی بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتیمانی و یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامییەوە دەركراوە، چونكە ئێمە لە هەموو لایەنەكانی تر زیاتر نیگەرانین و دەبوایە ئەو بەیاننامەیە بەبێ‌ ئێمە دەرنەكرابا.
دكتۆر محەمەد عەلی یاسین
وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان
25/3/2015

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com