نوچەنێت: هەولێر
وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، دڵنیایی فراكسیۆنەكەی سەبارەت بە چارەنووسی داعش راگەیاند و دەیشڵێت “سەركەوتنی یەكجاری گەلی كوردستان نزیكە”.
لە راگەیاندراوێكی رۆژنامەوانیدا، كە رۆژی سێ شەممە رێكەوتی (24/3/2005) بڵاو كراوەتەوە و كۆپییەكی دەست نوچەنێت كەوتووە، دكتۆر محەمەد عەلی یاسین, وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، ئیدانەی كردەوەكانی داعش دەكات و شەهید كردنی چوار پێشمەرگەی كوردستان بە دەستی داعش، بە مایەی نیگەرانی خەڵكی كوردستان و مرۆڤدۆستانی جیهان ناو دەبات. لە راگەیاندراوە رۆژنامەوانییەكەدا هاتووە “شەهیدكردنی ئەم پۆلە پێشمەرگە لە كاتێكدایە، كە تیرۆریستان لە هەموو میحوەرەكانی شەڕدا ڕوو لە شكستن و لەبەرانبەر ئیرادە و خۆڕاگری و هەڵمەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا، توانای بەرگریان نەماوە، بۆیە پەنا بۆ ئەو كارە وەحشیگەریانە دەبەن و دەیانەوێت لەو رێیەوە، لە هەیبەتی پێشمەرگە بدەن و خەڵكی كوردستانیش تووشی شۆك بكەن، بەڵام خەیاڵیان خاوە، چونكە خەڵكی كوردستان و هێزی پێشمەرگە، لە مێژووی خۆیاندا خوێنی زۆریان بە خاكی پیرۆزی كوردستان بەخشیوە و هیچ سزایەك لە ئاست دۆزە ڕەواكەیاندا تووشی سڵەمینەوەی نەكردوون”.
هەروەها لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە “ئێمە لە كاتێكدا كە ئیدانەی ئەو كارە وەحشیگەرییانەی تیرۆریستانی داعش دەكەین و، هاوخەمی خۆمان بۆ خەڵكی كوردستان و كەسوكاری شەهیدان و هێزی پێشمەرگە و تەواوی مرۆڤدۆستانی جیهان دەردەبڕین، بەڵام دڵنیاین كە چارەنووسی تیرۆریستان لە ناوچوونە و سەركەوتنی یەكجاری گەلی كوردستان نزیكە”.
وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، هەر لەو راگەیاندراوەدا بەڵێن بە كەسوكاری شەهیدان و هێزی پێشمەرگە دەدات، كە ئەوان لە پەرلەمانی كوردستان، داكۆكیكارێكی سەرسەختی مافەكانیان دەبن، چونكە وەك لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە “كوردستان لە سایەی خوێنی پێشمەرگە و شەونخونی ئەوانەوە پارێزراوە و لە سایەی ئەوانیشەوە گەیشتووە بەم ئارامییە”.
دەقی راگەیاندراوەكەی وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی
فراكسیۆنی پارتی ئیدانەی شەهیدكردنی چوار پێشمەرگەی كوردستان دەكات
هەواڵی شەهیدكردنی هەر چوار پێشمەرگەی قارەمان، شەهیدان (هیشام نەبیل) و ( پشتیوان عوسمان) و (رزگار حەمە ساڵح) و (ئەحمەد میرزا ئیبراهیم بامەڕنی) كە بە شێوەیەكی دڕندانە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە شەهید كران، هەموو خەڵكی كوردستان و مرۆڤدۆستانی جیهانی نیگەران كرد. شەهیدكردنی ئەم پۆلە پێشمەرگە لە كاتێكدایە، كە تیرۆریستان لە هەموو میحوەرەكانی شەڕدا ڕوو لە شكستن و لەبەرانبەر ئیرادە و خۆڕاگری و هەڵمەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا، توانای بەرگریان نەماوە، بۆیە پەنا بۆ ئەو كارە وەحشیگەریانە دەبەن و دەیانەوێت لەو رێیەوە، لە هەیبەتی پێشمەرگە بدەن و خەڵكی كوردستانیش تووشی شۆك بكەن، بەڵام خەیاڵیان خاوە، چونكە خەڵكی كوردستان و هێزی پێشمەرگە، لە مێژووی خۆیاندا خوێنی زۆریان بە خاكی پیرۆزی كوردستان بەخشیوە و هیچ سزایەك لە ئاست دۆزە ڕەواكەیاندا تووشی سڵەمینەوەی نەكردوون. ئێمە لە كاتێكدا كە ئیدانەی ئەو كارە وەحشیگەرییانەی تیرۆریستانی داعش دەكەین و، هاوخەمی خۆمان بۆ خەڵكی كوردستان و كەسوكاری شەهیدان و هێزی پێشمەرگە و تەواوی مرۆڤدۆستانی جیهان دەردەبڕین، بەڵام دڵنیاین كە چارەنووسی تیرۆریستان لە ناوچوونە و سەركەوتنی یەكجاری گەلی كوردستان نزیكە. لێرەوە بەڵێن دووبارە دەكەینەوە، كە لە پەڕلەمانی كوردستاندا داكۆكیكارێكی سەرسەختی تەواوی مافەكانی كەسوكاری شەهیدان دەبین و لە ئاست گەورەیی قوربانیدانی ڕۆڵەكانیان خۆمان بە خزمەتكارێكی بچووكیان دەزانین، هەروەها هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش دڵنیا دەكەینەوە، كە وەك چۆن ئەوان بە خوێنی خۆیان بەرگری لە سنور و خاكی وڵات و ژیانی هاونیشتیمانیانی كوردستان دەكەن، ئێمەیش بەریگریكارێكی سەرسەختی تەواوی مافەكانیان دەبین، چونكە كوردستان لە سایەی خوێنی پێشمەرگە و شەونخونی ئەوانەوە پارێزراوە و لە سایەی ئەوانیشەوە گەیشتووە بەم ئارامییە. سڵاو لە گیانی پیرۆزی شەهیدان، سڵاو لە خۆڕاگری هێزی پێشمەرگە.
دكتۆر محەمەد عەلی یاسین وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەڕلەمانی كوردستان 24/3/2015