نوچەنێت.هه‌ولێر:
رێكخه‌ری ژوری په‌یوه‌ندیه دیبلۆماسیه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی به‌خه‌ڵكمان دابوو جێبه‌جێمان نه‌كردون،ده‌شڵێت،تاوه‌كو سه‌ر قبوڵناكه‌ن پشكی ته‌واوی خۆمان له‌پۆسته‌كانی كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا پێنه‌درێت.
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم،رێكخه‌ری ژوری په‌یوه‌ندیه دیبلۆماسیه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان،له‌چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتی،ده‌ڵێت تائێستا به‌شداری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌حكومه‌تی هه‌رێم ته‌نیا له‌ئاستێكی دیاریكراودا بوه‌و زۆر نه‌هاتۆته خواره‌وه.
هۆكاره‌كه‌شی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ “شێوه‌ی حكومڕانی پارتی و یه‌كێتی و عه‌قڵیه‌تی حكومڕانی ئه‌و دو حزبه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌و بارودۆخه‌ی هاتۆته پێشه‌وه له‌هه‌رێمی كوردستان”.
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان داوای له‌سه‌دا 24ی ته‌واوی پۆسته‌كانی په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت‌و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات وه‌كو ئیستحقاقی خۆی به‌پێی ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانیه‌كه‌ی 2013.
له‌باره‌ی هه‌ڵوێستیانه‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌و پۆستانه‌ی داوای ده‌كه‌ن پێیاننه‌درێت، محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم جه‌ختیكرده‌وه “گۆڕان هه‌تا سه‌ر ئه‌م وه‌زعه قبوڵ ناكات ئه‌گه‌ر پشكی پۆسته‌كانی خۆی وه‌رنه‌گرێت”.
محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم ئاماژه به‌وه‌ده‌دات گۆڕان له‌حكومه‌تێكدایه به‌ره‌وروی كێشه‌و قه‌یرانی گه‌وره بۆته‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌سه‌كانیان له‌و پۆسته حكومیانه‌دان له‌وه‌زعێكی ئیستیسنائیدان بۆیه “نه‌یانتوانیوه هیچ له‌به‌رنامه‌كانی پێشوتر كه به‌خه‌ڵك وترابو جێبه‌جێبكرێت”. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێیوایه له‌كاتی قه‌یرانه‌كاندا ده‌بوو چاكسازی ده‌ستیپێبكردایه.