نوچەنێت-رۆیتەرز
ساڵی رابردوو عێراق چەند جارێك هێرشی كردە سەر تكریت بەڵام شكستی هێنا. ئەمساڵێش بە پشتبەستنی راستەوخۆ بە كۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشی كرد بەڵام ئەوە 24 رۆژ بەسەر هێرشەكەدا تێپەڕیوە و هێشتا نەیتوانیوە ئەو شارە سوننەنشینە كۆنترۆڵ بكات.
لە دوا هەوڵیدا عێراق بیر لە پلانێكی نوێ دەكاتەوە، ئەویش ئەنجامدانی هێرش بۆسەر تكریت بە پشتبەستن بە ئەمریكا و هاوپەیمانان.
رۆژی سێشەممە 24ی ئازار دیبلۆماتكارێكی گەورەی وڵاتێكی رۆژئاوایی ئەندام لە هاوپەیمانی ئاشكرای كرد كە “عێراق بەمزوانە داوا لە هاوپەیمانی نێو دەوڵەتی دەكات كە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا سەركردایەتی دەكات، هێرشی ئاسمانی ئاراستەی تكریت بكات و تكریت لە دەستی داعش ئازاد بكات”.
تا ئێستا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەشداری ئەم پرۆسەیەی نەكردوە، كە گەورەترین پرۆسەیە سوپای عێراق و ئەو میلیشیا شیعانەی ئێران پاڵپشتییان دەكات ئەنجامی دەدەن ، لەو كاتەوەی داعش سێیەكی خاكی عیراقی داگیر كرد لە ساڵی رابردوودا.
ئەو دیبلۆماتكارە هەروەها وتی هێرشەكانی تكریت لەسەر نمونەی هێرشەكانی باكور دەبێت كە هاوپەیمانان هێرشە ئاسمانییەكانییان بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە ئەنجام دەدا، هەروەها وتی ” پێموایە هێرشەكان شوێنی چەكە قورسەكانی داعش دەكەنە ئامانج”.
ئەگەر بێتو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەو داواكارییە قبوڵ بكات ، ئەوە دەبێتە گەرەترین هاوكاری نێوان هێزەكانی عێراق و میلیشیا شیعەكانی سەر بە ئێران لەلایەك و ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لەلایەكی تر لە جەنگی دژ بە داعش.