یەکێتی ئاشکرای دەکات: مانۆڕی سەربازی پەکەکەو یەکێتی چالاکییەکی عەفەوی بوو

0

دڵشاد هەرتەلی نوچەنێت

لەتیف شێخ عومەر بەرپرسی مەڵبەندی یەكی رێكخستنی سلێمانی، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بۆ نوچەنێت قسە لەسەر ئەو مانۆڕە سەربازییە هاوبەشە دەکات، کە لەپێشوازی نەورۆزدا لەئێوارەی رۆژی 20/03/2015 لەشاری سلێمانی بەڕێوەچوو، وەڵامی رەخنەی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، ئەو مانۆڕەی سازکرا، چالاکییەکی عەفەوی بووە.

نوچەنێت: یەکەم جارە هێزی چەکداری پەکەکە، بەکارئاسانی یەکێتی، لەناو شارەکانی باشور بەو شێوەیە خۆی نمایش دەکات؟ چۆن لەوە دەڕوانن؟

لەتیف شێخ عومەر:ئەوە ئیشی پارێزگار و حكومەتە كە ئەو مەڕاسیمەیان ئەنجام داوە و من ئاگادری ئەوە نیم، كە ئەو مانۆڕە بەشێك بووە لە بەرنامەكە، یان عەفەوی بووە، بەڵام پێموایە كەئێستا لەو هەلومەرجەی هەرێمی كوردستان و ناوچەكەش شتێكی ئاسای بێت، كە هێزی پێشمەرگە و شەڕەڤانان و گەریلا هەموویان لەبەرەكانی شەڕن پێكەوە دژی داعش كەمەترسی بۆ هەر هەموومان هەیە، لەلایەكی تریشەوە پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا بەبەشداری هەموان هەنگاو دەنێت بەرەو پێشەوە، رەنگە لەناو هەموو ئەو كەش و هەوا گشتتیە روودانی ئەو شتە شتێكی سەمرەو نەشاز نەبێت.

نوچەنێت: واتە بەهۆی ئەوەی پرۆسەی ئاشتی لەتورکیا هەیە، ئەو نمایشە ئاشکرای هێزی چەکداری پەکەکە لەناو شارەکانی کوردستان، کاریگەری بەسەر پەیوەندی تورکیاو کوردستانەوە نابێ؟

لەتیف شێخ عومەر:من نازانم ئەو مانۆڕە شتێكی رەسمی بووە، یان بەشێك بووە لەبەرنامەكە، یان بەعەفەوی دروست بووە، زیاتر قسەكان لەسەر ئەوەیە كە بەعەفەوی دروست بووە، لەلایەكی ترەوە لەو كەش و هەوا گشتیە ئێستا زیاتر مەنیقی ئاشتی بەسەر مەنتیقی شەڕ و پێكدان زاڵە، رەنگە لەناو هەمویاندا جێگەی ئەوەش ببێتەوە.

نوچەنێت: بەپێی یاسا ئەگەرچی هێزێکی کوردیش بێ پەکەکە هێزی وڵاتێکی دراوسێیە، بەڵام تۆ پێت نییە هێزێکی چەکداری وڵاتێکی دراوسێ، بەو ئاشکرا لەناو شاری وڵاتێکی دراوسێدا نمایشی سەربازی بکات، ئەوە مانای پشتیوانی لەو هێزەو تەدەخول لەکاروباری وڵاتی دراوسێ بێت؟

لەتیف شێخ عومەر:رەنگە ئەو لێكدانەوەیە لێكدانەوەیەك بێت بەبارە سلبیەكەیدا، ئەو هێزەی تۆ باسی دەكەی هی وڵاتێكی دراوسێ و لەوڵاتێكی دراوسێدایە، ئیستا شان بەشانی هێزەكانی پێشمەرگە بەئاشكراو بەئاگاداری وەزارەتی پێشمەرگە لەبەرەكانی شەر دژ بەهیزەكانی داعش رۆڵی خۆیان هەیە.

نوچەنێت: واتە ئەمە نمایشی هاوپەیمانی سەربازی نێوان پەکەکەو یەکێتی بوو؟

لەتیف شێخ عومەر: دیارە تۆ هیچ ئیعتیبار بۆ وەڵامەكانی من ناكەیت، كەوەڵامی پرسیارەكانت دەدەمەوە هەر دەتەوێت بەو مەنتقەی خۆت دەتەوێت، شتێك بەسەر مندا فەڕزبكەیت.

نەخێر، قەتعی شتی وانەبووە، كە ئەمە نمایشی هاوپەیمانی سەربازی نێوان پەکەکەو یەکێتی بووبێت، زیاتر مەسەلەیەكی عەفەوی بوە کەلەساتی خۆیدا رووی دابێت، لەو كەش و هەوا گشتیەی كە ئاشتی لەناوچەكەداهەیە و زیاتر لەتوركیا باڵی كێشاوە بەسەر دۆخەكەدا، رەنگە ئەمەش جێگەی ببێتەوە.

نوچەنێت: بەڵام خۆ هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش پێشمەرگەیان هەیە، بۆچی ئەوانیش بانگ نەکران، بەشدار بن لەو نمایشەدا؟ دواتر ئەوە جاری دووەمە حزبەکانی رۆژهەڵات پشتگوێ دەخرێن لەسلێمانی، هەم لەدیداری سلێمانی کە هەموو لایەک بەشداربوون و ئەوان بانگ نەکران، هەم لەو نمایشە سەربازیە، خۆشیان رەخنە لە سلێمانی دەگرن كە دەعوەتیان نەكردون.

لەتیف شێخ عومەر: من ئەو كەسە نیم كە رێگە بەخەڵكی دەدەم كەبەشداربن، یان بەشدار نەبن، ئەو مەراسیمە وەكو پێشتر پێموتن حكومەت سازی كردبوو، زۆری بۆچونەكانیش ئەوەن كە ئەو بەشدارییەی پەکەکە بەشدارییەكی عەفەوی بوبێت و بەرنامە بۆ داڕێژراونەبوبێت، ئەگەر بەرنامە بۆ دارێژراوبوبێت، حیزبەكانی رۆژهەڵاتیش حەقی خۆیان بوو گلەی بكەن.

لەم لینکەدا رەخنەی حزبەکانی رۆژهەڵات بخوێنەرەوە ……

دیمەنێک لەنمایشی سەربازی پەکەکەو یەکێتی لەناو شاری سلێمانی …

 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com