سلێمانی جارێکی تر پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڕەنجێنێت” ئێران کاریگەریی هەیە”

0

یەکێتی و پەکەکە بۆ مانۆڕی سەربازی و چالاکی هاوبەش، حزبەکانی رۆژهەڵات بانگهێشت ناکەن

حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران : ئێران کاریگەری هەیە لەرەچاونەکردنی پێگەی رۆژهەڵاتییەکان لەسلێمانی و لەعێراق

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان: ئێمەش وەک پەکەکە بەشدارین لەشەڕی داعش، بۆ بانگهێشت نەکراین ؟

یەکێتی : مانۆڕی پەکەکە لەسلێمانی، چالاکییەکی عەفەوی بووە

دڵشاد هەر تەلی . نوچەنێت

لەسلێمانی جارێکی تر پێگەو خەباتی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەرچاوناگیرێت، وەک ئەوەی خەبات بۆ کوردستان نەکەن، لەچالاکییە سیاسییەکانی ئەو شارەدا پشتگوێ دەخرێن، بەرپرسانی حزبەکانی رۆژهەڵاتیش رەخنە لەیەکێتی دەگرن، کە رەچاوی پێگەو بوونی ئەوان ناکات، بەرپرسێکی یەکێتیش دەڵێت، ئەو چالاکیانەی لەسلێمانی دەکرێن چالاکی عەفەوین، بۆیە بانگهێشت نەکراون.

دووەم جارە رۆژهەڵاتییەکان لەسلێمانی پشتگوێ دەخرێن

بۆ پێشوازی لەنەورۆز، لەئێوارەی رۆژی هەینی، 20/03/2015، لەسلێمانی بەبەشداری پارتەکوردییەکانی بەشەکانی کوردستان، چەندین چالاکی بەڕێوەچوو، لەو چالاکییانەشدا هێزێکی یەکێتی و هێزێکی پەکەکە، لەناو شاری سلێمانی مانۆڕێکی سەربازی هاوبەشییان بەڕێوەبرد، بەڵام بۆ ئەو چالاکییانە هیچ کام لەپارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بانگهێشت نەکران، ئەوەش نیگەرانی پارتەکانی ئەو بەشەی کوردستانی بەدوای خۆیدا هێنا.

هەر لەمانگەداو لە رۆژی 11/3/2015 لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی و بەسەرپەرشتی د. بەرهەم ساڵح جێگری سکرتێری یەکێتی، بەبەشداری نوێنەرانی حکومەتی عێراق و حکومەتی تورکیا و کۆماری ئیسلامی ئێران و پارتەکانی سێ بەشی کوردستان، باشور، باکور و رۆژئاوا، سێیەمین دیداری ساڵانەی ئەو زانکۆیە سازکرا، کەتێیدا چەندین دیدار و پانێڵ ی سیاسی بەڕێوەچوو، و بۆ ئەو دیدارەش هیچ یەک لەپارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بانگهێشت نەکران، لەبەرانبەریشدا حزب و کەسایەتییەکانی کوردستان، رەخنەیان لەسەرپەرشتیارانی ئەو چالاکییە ساسییە گرت، و پێیان وابوو،” پشتگوێ خستنی حزبەکانی رۆژهەڵات، بۆ موجامەلەی ئێران، خیانەتەو لەو بەشەی کوردستان دەکرێت”.

پارتەکانی رۆژهەڵات جارێکی تریش یەکێتی رەخنەباران دەکەن

مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکەی نێوان پەکەکەو یەکێتی، رەخنەی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی بەدوای خۆیدا هێنا، چونکە پێیان وایە، لەچالاکییانەدا کەبەناوی کوردستانەوە دەکرێت و پارتەکانی بەشەکانی تری کوردستان بانگێهێشت دەکرێن، دەبوو پێگەی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش رەچاو بکرێت، خۆ لەو راستییە لا نەدرێ، کە ئەوان نوێنەرایەتی بەشیکی کوردستان دەکەن.

هەر لەبارەی ئەو چالاکییەی لەسلێمانی و لەنێوان یەکێتی و پەکەکە بەڕێوەچوو بۆ پێشوازی لەنەورۆز، محەمەد ساحیبی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچەنێت دەڵێت”كاتێك لایەنێك باس لەوە دەكات كورد هەموو یەكە و دەبێت هەموو هێزەكان لە چوارپارچەی كوردستان یەكبگرن، دەبوو لەوەها چالاکییەکیشدا ئەوە رەچاو بکەن، و وەک یەک مامەڵە لەگەڵ بەشەکانی کوردستان بکەن”.

ئەو بەرپرسەی حزبی دیموکرات، هۆکارێکی پشتگوێخستنی پارتەکانی رۆژهەڵات بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە، کە”كۆماری ئیسلامی لە عێراق بەگشتی بەهەموو بەشەكانیەوە بەهۆی ئەو معادەلاتانەی هاتونەتە پێشەوە رۆڵی پێدراوە، و ئێران كاریگەربووە لەسەر سیاسەتی عێراق و ئێرە“.بەڵام پێی وایە کە”ئێمە وەكو كورد و لایەنە سیاسییەكان، ئەگەر دوژمنان، داگیركەرانی كورد لەهەر پارچەیەكی كوردستان، داوایەكی وامان لێبكەن نابێت بچینە ژێربارییەوە “

محەمەد ساحێبی، لەلێدوانەکەیدا بۆ نوچەنێت، ئەوەش دەخاتەڕوو کە”هیچ بەربەستێك نابینین لەوەی لەمەڕاسمیكی وەها بەشداربین، بەڵام ئێمە دەستێوەردان لە كار و باری هیچ پارچەیەكی تر ناکەین، ئەمە سیاسەتی گشتیمانە ئەركێكی نەتەوەی و سیاسی و ئەخلاقی لەسەر شانمانە، كە ئەوەندەی دەتوانین یارمەتی دەربین بۆ پارچەكانی تر بەپێ توانای خۆمان “. تەئکید لەوەش دەکاتەوە کە بۆ چالاکییەکانی سلێمانی”نەك پرسمان پێنەكراوە دەعوەتیش نەكرابووین و هیچ ئاگاداری ئەوەش نین، دەبێت بۆ هۆکاری ئەوەش كە بۆچی ئێمە دەعوەت نەكراوین، پرسیار لەلایەنە بەرپرسەكان بكەن، كە هۆكاری ئەوە چییە؟ و بەرپرسیاریەتیەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی شاری سلێمانی“.

ئەو ئەندامەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، پێی وایە، ئەگەر حزبەکەی داوای چالاکییەکی لەو شێوەیە بکات، کە یەکێتی و پەکەکە بەهاوبەشی لەسلێمانی کردیان، رێگەیان پێ نادەن، چونکە بەبڕوای ئەو”لە پارچەیەك هەڵكەوتوین خەبات بۆ پارچەیەكی تر دەكەین، كە لە ژێر دەستی كۆماری ئیسلامی ئێرانە، بارودۆخی هەرێم و عێراقیش بەگشتی و ناوچەكەش، رۆڵی ئێرانی تێدایە“.

هەر لەبارەی مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکەی نێوان یەکێتی و پەکەکە لەسلێمانی، کە بۆ پێشوازی لەنەورۆز ئەنجامیاندا، عەتا ناسر سەقزی، ئەندامی دەفتەری ناوەندی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچەنێت دەڵێت”جوانتر بوو پیشمەرگەی هەر چوارپارچەی كوردستان لەو مانۆڕە بەشداربوان، چونكە ئێستا پێشمەرگەكانی ئێمەش لەبەرەكانی شەڕن و شەری داعش دەكەن، دەبێت لە ئیدارەی سلێمانی پرسیار بكرێت كە بۆچی ئەو كارەی نەكردوە؟ “.

پێشتریش لەپشتگوێ خستنی حزبەکانی رۆژهەڵات لەدیداری سلێمانیدا کە بەسەرپەرشتی ، د. بەرهەم ساڵح بەڕێوەچوو، حزبەکانی رۆژهەڵات رەخنەی توندیان هەبوو، کەسایەتییەکی سیاسی و ئەکادیمی رۆژهەڵاتی کوردستانیش، کەپێی باش نەبوو ناوی بهێنرێت، بۆ نوچەنێت وتی” هۆکاری بانگهێشت نەکردنی حزبەکانی رۆژهەڵات بۆ ئەو دیدارە، وەک باشورییەکان دەڵێن موجامەلەی سیاسی، د. بەرهەم ساڵح ە بۆ ئێرانییەکان، ئەو بۆ موجامەلەی ئێرانییەکان ئەوەی کرد، دەیەوێ لەو رێگایەوە لەپشتیوانی هێرۆ خان ساردیان بکاتەوە، تۆزێک سەرەنجیان بەلای خۆیدا رابکێشێ، بەڵام دەبوو بزانێ، مەرایکردنی بەو شێوەیە بۆ ئێرانییەکان، لەسەر حسابی کوردی رۆژهەڵات خیانەتە لەکوردانی ئەو بەشەی وڵات”.

یەکێتی چی دەڵێت ؟

لەتیف شێخ عومەر بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی یەکێتی، بۆ نوچەنێت، ئەوە رەتدەکاتەوە، مانۆڕی سەربازی پەکەکە لەسلێمانی، چالاکییەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو بوبێت، رایدەگەیەنێت، ئەو چالاکییەی لەسلێمانی سازکراوە، شتێکی عەفەوی بووە.

لەوەڵامی رەخنەی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیشدا، ئەو بەرپرسەی یەکێتی دەڵێت”ئەو مەراسیمە حكومەت سازی كردبوو، زۆری بۆچونەكانیش لەوەن، كە ئەو بەشداریەی پەکەکە بەشدرێكی عەفەوی بوبیت و بەرنامە بۆ داڕێژراونەبوبێت، ئەگەر بەرنامە بۆ دارێژراوبوبێت، حیزبەكانی رۆژهەڵاتیش حەقی خۆیان بوو گلەی بكەن”.

بۆ خوێندنەوەی قسەکانی بەرپرسەکەی یەکێتی کلیک بکە……

دیمەنێک لەنمایشی سەربازی هاوبەش لەنێوان هێزەکانی پەکەکە و یەکێتی ..

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com