سیاسەتی عێراق بەرانبەر هەرێم لە ئاستی پێویستدا نییە

0

نوچەنێت.هه‌ولێر:
ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، سیاسەتی عێراق بەرانبەر بە ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا لە ئاستی پێویست و متمانەدا نییە، بەڵام كوردستان دەرفەتێكی باشی داوەتە دەسەڵاتدارانی حكوومەتی عێراق و پێویستیشە نەتەوەیەكگرتووەكان لە مەرامیان تێبگات.

حاكم سەرحان ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەماڵپەری فەرمی پارتی راگەیاندوە”بەغدا ئەو بڕەپارەیەی دەنێرێت لە بەرانبەر ئەو نەوتەیە كە هەرێم رادەستی عێراقی دەكات، لە كاتێكدا ڕێككەوتنەكە وا نەبوو و دەبووایە مانگانە ترلیۆنێك و 800 ملیار دینار ڕەوانەی هەرێمی كوردستان بكرابایە، لە هەمان كاتدا بڕەپارەیەك بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بناردرایە كە لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا واژۆ كراوە”.

گوتیشی: “ئەم هەنگاوەی بەغدا بەوەی كە هەر جارەو بڕپارەیەكی كەم دەنێرێت، مانای وانییە مافی خۆمان بیر چووبێتەوە، نەخێر ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر چاودێریكردنی بەغدا و ئەگەر هەر بە ڕێككەوتنەوە پابەند نەبوو، ئەوا هەڵوێستی خۆمان دەبێت، بەڵام گەشبینییەك هەیە كە بەغدا لە مانگی داهاتوویش بڕەپارەی نێردراو بۆ هەرێمی كوردستان زیاتر بكات”.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەشڵێت: “پێشمەرگە زیاد لە 2 مانگ بوو مووچەی وەرنەگرتبوو، لە كاتێكدا شەڕێكی قورس لەسەر شانیەتی، بۆیە دەبێت نەتەوەیەكگرتووەكان لە مەرامی بەغدا و كەمتەرخەمییەكەیان تێبگەن، چونكە هێزی پێشمەرگە پێویشتی بە خۆراك و چەك هەیە”.

ئاماژەیشی دا كە، هەرێمی كوردستان لە مانگی 3ـدا بڕی هەناردەكردنی نەوت زیاتر دەكات لەو بڕەی ئێستا هەیە و، بەو پێیەیش بەغدا دەبێت بۆ مانگی 2 و 3 بڕەپارەی زیاتر بۆ هەرێم ڕەوانە بكات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com