پێشمەرگە لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكان و هاوپەیمانانەوە ددانپێدانراوە

0

نوچەنێت.هه‌ولێر:

سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەدات، مەشقەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان فراوانتر دەكرێت و بەشێكیان بۆ هێزی بەرگری و هەروەها بەشێكییان بۆ هێڵی پێشەوەی جەنگ ئامادە دەكرێن. دەشڵێت، پێشمەرگە لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكان و هاوپەیمانانەوە هێزێكی ددانپێدانراوە.

جەمال محەممەد،سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە فەریق،بە ماڵپەری فەرمیی پارتی راگەیاندوە”هەریەكە لە وڵاتانی بەریتانیا، كەنەدا،توركیا، ئەڵمانیا، ئەمەریكا و ئیتاڵیا دەستیان بە مەشقكردن بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردووە و بۆ ئەم مەبەستەیش لە ماوەی رابردوودا مەشقی هێزی پێشمەرگەی كوردستان فراوانتر كراوە،‌ بەشێكیشیان دەنێردرێنە دەرەوەی وڵات و لەوێ ڕاهێنانیان پێ دەكرێت”.

فەریق (جەمال) وتیشی”لەم قۆناخەدا پێشمەرگە راهێنان لەسەر چەكی قورس دەكات، چونكە بەشێكی زۆری ئەو چەكە قورسانەی لە دەست هێزی پێشمەرگەی كوردستاندان، پێویستیان بە تاقیكردنەوە و مەشقی تایبەت هەیە، بۆ ئەمەیش دەبێت پێشمەرگە بە باشی ئامادە بكرێت، چونكە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە داهاتوودا دەتوانێت مەشق بە هێزەكانی دیكەی عێراقیش بكات، لەبەر ئەوەی ئەم مەشقانە كاریگەرییان لەسەر داهاتووی پێشمەرگە دەبێت و وەك هێزێكی نێودەوڵەتی ئامادە دەكرێت”.

سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەیشی خستە ڕوو، هیچ یەكێك لەو وڵاتانەی ناویان هاتووە ئامادە نین مەشق بە هێزێك بكەن كە فەرمی یانیش دامەزراوەیی نەبێت، چونكە ئەو مەشقانە تایبەتن، بۆیە لە هەموو ناوچەكە تەنیا هێزی پێشمەرگە بە نموونە وەرگیراوە، چونكە ئەم هێزە لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكان و هاوپەیمانانەوە ددانپێدانراوە.

دەشڵێت”لە ماوەی داهاتوودا خولی مەشقەكان فراوانتر دەكرێن و تا ئێستایش بە هەزاران پێشمەرگە لەو مەشقانەدا بەشدار بوون”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com