لە ترسی ململانێی تائیفی عێراقیەكان ناوی خۆیان دەگۆڕن

0

لە ترسی ململانێی تائیفی عێراقیەكان ناوی خۆیان دەگۆڕن

نوچەنێت- ئەلجەزیرە

دوای دەساڵ لە نەمانی، دیسان دیاردەی ناو گۆڕین سەر هەڵدەداتەوە، لەگەڵیشیدا دێوەزمەی ململانێی تائیفی دەگەڕێتەوە و باڵ بەسەر عێراقیەكاندا دەكێشێت بەجۆرێك لەو ناو و نازناوانەی خۆیان هەڵدێن كە نیشانەی مەزهەبییان پێوە دیارە لە ترسی ئەوەی نەكا باجەكەی بە ژیانی خۆیان بدەن.

ئەیاد سالم دەڵێت كە پێش دوو مانگ داواكاری پێشكەش بە یەكێك لە دادگاكانی عێراق كردوە بۆ گۆڕینی ناوەكەی، وەك خۆی دەڵێت ” لەبەر ئەوەی ناوەكەم لە ناوی یەكێك لە خەلیفەكانی راشدین دەچێت، كێشەی بۆ دروست كردوم لەو ناوچەیەی كە لێی دادەنیشم لە بەغدا، دەترسم ناوەكەم توندڕەوەكان بوروژێنێت و بێتە هۆی كوشتنم”.

ئەیاد (ناوێكی خوازراوە) هەروەها وتی ” هەموان فێری یاری گۆڕینی ناوەكانیان بوون لەسەر ناسنامەكانیان، بۆیە منیش بیرم كردەوە ناوەكەم بگۆڕم بۆ دوور كەوتنەوە لە كێشە، زۆربەی دۆست و هاوڕێكانم ناوی خۆیان دەگۆڕن لە ترسی دووبارە گەڕانەوەی رووداوە خوێناوییەكانی ساڵی 2006-2007″.

لە سەردەمی توند و تیژی تائیفیدا كە ساڵی 2006 و 2007 عێراق بە خۆیەوە بینی ، عێراقییەكان پشتیان بە دوو ناو دەبەست لە ناسنامەی باری كەسییاندا، كە ناسنامەی فەرمییە لە وڵاتدا.
لەو ماوەیەدا باو بوو كە ئەو عێراقیانەی ناوەكانیان نیشانەی ئیسلامییان پێوە بوو ناسنامەی ساختەیان دەردەهێنا بە ناوی نوێوە، لە ترسی وەستاندنییان لە خاڵەكانی پشكنین كە لەو كاتەدا لە لایەن گروپە چەكدارییەكان بەڕێوە دەبرا.

سەرچاوەیەكی فەرمانگەیەكی حكومی دەڵێت : زۆربەی ئەو ناوانەی كە گۆڕاون هێمای تائیفی و مەزهبیان پێوە دیارە، كە ئەو ناوانە دەگۆڕن بۆ ناوی نائیسلامی و هێمای تائیفی و مەزهەبییان پێوە دیار نەبێت.

جیاكاری تائیفی

ئەو رووداوانەی كە لە عێراق روودەدەن بە تایبەتی بڵاوبوونەوەی میلیشیا چەكدارەكانی پاشكۆ حیزبییەكان ، وای لە عێراقیەكان كردوە ناوەكانییان بگۆڕن و داواكاری پێشكەش بە دادگاكان بكەن بۆ ئەو مەبەستە ، لەم رۆژانەی دواییدا رۆژنامە عێراقییەكان ئاگاداری هاوڵاتیان بڵاو دەكەنەوە كە داوای گۆڕینی ناوییان كردوە .

سەرچاوەیەكی فەرمانگەیەكی حكومیی كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت لە بەغدا وتی :” گۆڕینی ناو لەمدواییانەدا بوەتە باو، دەسەڵاتدارانیش ناتوانن دەستێوەردانی تێدا بكەن دوای ئەوەی لە رۆژنامەدا بانگەوازییان بۆ كرد” هەروەها وتی ” ئەوانەی ناوییان دەگۆڕن هۆكاری تایبەتی خۆیان هەیە كە بەشێوەیەكی ورد باسی لێوە ناكەن”.

هەروەها دەڵێت :” زۆربەی ئەو ناوانەی كە گۆڕاون هێمای تائیفی و مەزهەبییان پێوە دیارە، ئەم ناوانە دەگۆڕن بۆناوی نائیسلامی و ناوێك كە هیچ هێمایەكی مەزهەبی و تائیفی پێوە دیار نەبێت”.
لەلای خۆیەوە رۆژنامەنوس عومەر عگێلی بۆ جەزیرە وتی :” وڵات لە قەیرانێكی تائیفی راستەقینەدا دەژی، كە لە ئەنجامیدا ترس لە بەرپابوونی جەنگی ناوخۆیی لە فراوانبووندایە، كە ئەمەش وای لە زۆرینەی خەڵك كردوە هەست بە ترسێكی زۆر بكەن بەتایبەتی دوای بڵاو بوونەوەی میلیشیاكان”

ئەو هەروەها روونیكردەوە كە دوای ئەوەی شەڕی ناوخۆیی ناوچەكانی بەغدای لەسەر بنەمای تائیفی دابەشكردوە، هاتوچۆی ناو پایتەخت مەترسیدارە، ئەوەی وایكردوە ترسەكەی زیاتر بێت ئەوەیە كە ئەوەی هاوسۆزی بۆ بنەماڵەیەكی شیعە هەیە لە كاتێكدا ناوەكەی هێمای سوننەیە، ئەمە وای لێكردوە سەری لێبشێوێ‌ و لەوانەیە لەلایەن هەردوولاوە زیانی پێبگەیەنریت ، لەكاتێكدا هەردوولا گروپی چەكدارییان هەیە و تاوانكاری ئەنجام دەدەن.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا كە ” بەهۆی ئەوەی لە راگەیاندندا كار دەكەم، لەم دواییانەدا ژمارەیەكی زۆر لە خەڵك دەبینم ناوەكانیان دەگۆڕن كە ناوەكانیان وەك ناوی منە، دەتوانی بە روونی قەبارەی ئەو ترسە بزانیت كە لای هاوڵاتیان دروست بوە”.

لەژێر ناونیشانی ” چۆن لە ناوەكەت هەڵدێیت؟” عەلی حسێنی نوسەر وتارێكی لە رۆژنامەی “مەدا” بڵاو كردۆتەوە ، كە تیایدا دەڵێت :” رۆژنامە عێراقیەكان چەند مانگێكە بانگەوازی گۆڕینی ناو بڵاو دەكەنەوە لەبەرامبەر بڕێك پارە ، كە خەڵكی سادەن و بارودۆخی خراپ پاڵی پێوە ناون ناوەكانییان بگۆڕن و لە نازناو و تەنانەت رەچەڵەكیشییان هەڵبێن”.

هەروەها باسی چەند بانگەوازێكی رۆژنامەكانی كردوە وەك ” …….. داواكاری پێشكەش كردوە بۆ گۆڕینی ناوەكەی لە عومەرەوە بۆ مستەفا” یان ” داواكار …… داوایەكی پێشكەش كردوە بۆ گۆڕینی نازناوەكەی لە حەدیسییەوە بۆ لامی” یان ” هاوڵاتی ……داوایەكی یاسایی پێشكەشكردوە بۆ گۆڕینی ناوەكەی لە عوسمانەوە بۆ رائید” ، ” هاوڵاتی …… داوایەكی پێشكەشكردوە بۆ گۆڕینی نازناوەكەی لە موسڵییەوە بۆ نعێمی”

لەگەڵ نەبوونی ئاماری فەرمی لەبارەی ئەوانەی ناوەكانییان گۆڕیوە لەمدواییانەدا، بەڵام چاودێران دەڵێن گۆڕینی ناو لە حاڵەتەوە خەریكە وردە وردە دەبێتە دیاردە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com