نوچەنێت.ههولێر:
جگە لەناوبردن و، تەقاندنەوەی دەیان شوێنەواری ئێزدییەكان، تیرۆریستانی داعش ١٨ مەزارگە و نیشانەی ئێزدییەكانیان تەقاندووەتەوە و، بەوەیشەوە ڕاناوەستن.
هادی دوبانی،بەرپرسی كاروباری ئێزدییەكان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی پارێزگای دهۆك، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندوە”چەكدارانی داعش تا ئێستا جگە لە شوێنەوار و شوێنە مێژووییەكانی ئێزدییەكان، 18 مەزارگە و نیشانەی ئێزدیانیان تەقاندووەتەوە، هەروەها چەندین شوێنەوار و شوێنی مێژووییش تەقێنراونەتەوە و لەناو براون.”
هادی وتیشی”ئێزدییەكان ٣٥٠ مەزارگە و نیشانەیان هەیە، تا ئێستا ژمارەیەكی زۆر لەو نیشانە و مەزارگانە و شوێنە شوێنەوارییەكان لەژێر دەستی داعشدا ماون و مەترسییان لەسەرە.”
ئەو بەرپرسەی ئێزدییەكان ئاماژەی بەوەیش كرد، هۆكاری تەقاندنەوە و لەناوبردنی ئەو شوێنە پیرۆزانە لە لایەن داعش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، داعش تەنیا بۆ ئەوە دروست نەبووە كە مرۆڤ بكوژێت و لەناو ببات، بەڵكو دووژمنی شوێنەوار و شوێنە پیرۆزەكانە و، هەموو مەبەستی ئەوەیە وڵات کاول بكات.”