نوچەنێت.ههولێر:
لە میانەی بەشداری كردنی لە پرسەی پێشمەرگە شەهیدەکان،سەرۆکی پەرلەمان،رایگەیاند کورد میللەتێکی تۆڵەسێن نییە بەڵام دەبێت باجی ئەم تاوانە بدەن.
بەپێ راگەیەنراوێكی راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان كەوێنەیەكی بۆ(نوچەنێت)نێراوە”نیوەڕۆی ئەمڕۆ، شەممە ٢١ی ئازار، سەرۆکی پەرلەمان،بەیاوەری سکرتێری پەرلەمان و شاندێک لە پەرلەمانتاران، بەشداری پرسەی پێشمەرگە شەهیدەکانی دەڤەری چەمچەماڵیان کرد“.
بەپێ راگەیەنراوەكە”د.یوسف محەمەد سادق،سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە میانەی بەسەرکردنەوەی پرسەی پێشمەرگە شەهیدەکانی دەڤەری چەمچەماڵ و تەکییەدا، لەبەردەم ڕۆژنامەنووسان و کەسوکاری شەهیداندا وتی”سەربڕینی پێشمەرگە دیلەکان بەدەستی تیرۆرستانی داعش، دوورە لە هەمو ئاکارێکی مرۆیی و سەربازیی، کورد میللەتێکی تۆڵەسێن نییە، بەڵام تیرۆرستان دەبێت باجی ئەم تاوانە بدەن و بەدادگای گەل بگەن،پێویستە دەزگا ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندارەکان بە وردی بەدواداچوون بکەن بۆ ئەو کەسانەی پێشمەرگەکانمانیان سەربڕی، بیاندۆزنەوەو بیانکەنە پەندی زەمانە“.
لەبەشێكی تری راگەیەنراوەكە هاتوە”لەبەشێکی تری وتەکانیدا بۆ کەسوکاری پێشمەرگە شەهیدەکان،سەرۆکی پەرلەمان،وتی”ڕاستە کوڕەکانتان شەهیدبوون و لەناوماندا نەمان، بەڵام بۆ هەتاهەتایە ناویان لە مێژوویی نەتەوەکەماندا بەنەمری دەمێنێتەوەو نەوە دوای نەوە، شانازی بە قارەمانێتی و گیانفیدایی ئەم شەهیدانەوە دەکەن”. ئەم ڕەفتارە نامرۆییانەی داعشیش، نیشانەی دۆڕان و پەلەقاژەی مەرگیانە، بە خوێنی ئەم شەهیدانە، ئازادی و سەرفرازی بۆ گەلەکەمان بەدیدێت“.