نوچەنێت.هه‌ولێر:
لیژنه‌ی ئاماده‌كاری جه‌ژنی نه‌ورۆز لە قەزای چەمچەماڵ سێ رۆژ ماتەمینی راگەیاند و بەو بۆنیەشەوە جۆره چالاكییه‌كی تایبه‌ت به جه‌ژنی نه‌ورۆز ئه‌نجام نادرێت لەوشارە.
لیژنه‌ی ئاماده‌كاری جه‌ژنی نه‌ورۆز لە قەزای چەمچەماڵ، له به‌یاننامه‌یه‌كدا به بۆنه‌ی شه‌هیدكردنی سێ پێشمه‌رگه دیله‌كه‌ی لای داعش كه دوانیان خه‌ڵكی ئه‌و قه‌زایه بوون سێ ڕۆژ ماته‌مینیی ڕاگه‌یاند و لەبەشێكی بەیاننامەكەیان هاتووە:وه‌كوو هه‌موو لایه‌ك ده‌زانن، بڕیارماندابوو وه‌كوو هه‌موو شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان، به بۆنه‌ی ساڵی نوێی كوردی و جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌وه، فیستیڤاڵی نه‌ورۆز به دروشمی (هه‌موومان پێشمه‌رگه‌ین) ساز بكه‌ین و مه‌شخه‌ڵی ئاگری نه‌ورۆز دابگیرسێنرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه له كاتێكی ئاوهادا كه خه‌ڵكی كوردستان خه‌ریكی به‌ڕێكردنی دواساته‌كانی ساڵی رابردوو بوون و ئاماده‌كاریمان ده‌كرد بۆ به‌خێرهاتنی ساڵی نوێی ٢٧١٥ كوردی، چه‌ته‌كانی خوێنخۆر و تیرۆریستانی داعش، وه‌كوو پیشه‌ی هه‌میشه‌ییان له كاتی په‌له‌قاژه‌ی مه‌رگیاندا به شه‌هیدكردنی برا دیله‌كانمان و نمایشكردنی رووی وه‌حشیگه‌رانه‌ی خۆیان، جه‌رگی دایكان و باوكانی پێشمه‌رگه‌كانمان ده‌سووتێنن و دڵی ئێمه‌ش بریندارتر ده‌كه‌ن، له‌م كۆسته گه‌وره‌یه‌شدا سێ رۆڵه‌ی ئه‌م نیشتمانه‌مان به به‌رچاوی هه‌موو دنیاوه شه‌هید ده‌كه‌ن و دوو له‌و شه‌هیدانه خه‌ڵكی شاری چه‌مچه‌ماڵی پایته‌ختی شه‌هید و ئه‌نفالكراوانن.
هەروەها لەبەیاننامەكەیاندا رایدەگەێنن: بۆیه ئێمه وه‌كوو لیژنه‌ی ئاماده‌كاری جه‌ژنی نه‌ورۆز له چه‌مچه‌ماڵ، رایده‌گه‌ینین كه لە(٢٠/٣/٢٠١٥ زاینی) بۆ ماوه‌ی سێ رۆژ ماته‌مینی له شاره‌كه‌ماندا راده‌گه‌ینین و له سه‌رجه‌م دام و ده‌زگا حكومییه‌كاندا ئاڵای كوردستان تا نیوه داده‌گرین و ئاڵای عێراقیش داده‌گرین و له شوێنی ئاڵای ره‌ش هه‌ڵده‌كه‌ین، وه هه‌روه‌ها هیچ جۆره چالاكییه‌كی تایبه‌ت به جه‌ژنی نه‌ورۆز ئه‌نجام ناده‌ین.