نوچەنێت.KDP.info:
رۆژنامەی (سڤێنسكا داگبلادت)ـی سویدی ئەمڕۆ شەممە بڵاوی كردەوە، هەردوو حكوومەتی سوید و فینلەندا راهێنەری سەربازی بۆ هەولێر دەنێرن، ئەمەیش بۆ هاوكاریی هێزەكانی پێشمەرگەیە تا لە رێگای مەشقكردنەوە زیاتر شارەزای جەنگ بن.
لە زاری چەند كارمەندێكی حكوومەتی سویدەوە، رۆژنامەی (سڤێنسكا داگبلادت)ـی سویدی بڵاوی كردووەتەوە، چاوەڕێ دەكرێت نزیكەی 30 راهێنەری سویدی پێش هاتنی هاوین رەوانەی هەولێر بكرێن. هەروەها باس لەوە دەكات كە حكوومەتی سوید ئێستا خەریكی داڕشتنی ئەو پڕۆژەیەیە بۆ ئەوەی لە مانگی نیساندا پێشكەشی پەرلەمانی سویدی بكات.
لە لایەكی دیكەوە، وەزیری بەرگریی فینلەندایش لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی (سڤێنسكا داگبلادت) دەڵێت: “ئێمەش پێش هاتنی هاوین بەتەماین تا نزیكەی ٥٠ راهێنەری سەربازیی وڵاتەكەمان بە مەبەستی هاوكاریكردنی پێشمەرگە بنێرینە هەولێر”.
رۆژنامەكە هەروەها باس لەوەیش دەكات، وڵاتانی نەرویج و دانیماركیش پێشتر بڕیاری خۆیان داوە هاوكاریی پێشمەرگە بكەن.