نوچەنێت.ههولێر:
بەڕێوەبەری پێشوی راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف،دەڵێت، وتارخوێنی مزگەوتەكانی كوردستان وەڵامێكی توندی تیرۆرستان و ناحەزانی مافە نەتەوەییەكانی خەڵكی كوردستانیان دایەوە.
مەریوان نەقشبەندی،بەڕێوەبەری پێشوی راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف،لەئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك پۆستێكی بڵاوكردوتەوەو رایگەیاندوە”وەك تەحەدایەك بۆ دوژمنانی كورد و مافە نەتەوەییەكانی و بۆ وەڵامدانەوەی ئەو كەسانەی دەیانەوێت بەناوی ئاینەوە نەورۆز و بەرگی كوردایەتی لەمیللەتەكەمان بكەنەوە”ئەمرۆ لەوتاری هەینیدا بەشێكی زۆر لەمامۆستایانی ئاینی وتارخوێنی مزگەوتەكانی كوردستان تەئكیدیان لەسەر مافی رەوای خەڵكی كوردستان لەسەر زیندوكردنەوەی ئەم رۆژە نەتەوەییە كردەوە و بەشێكیشیان تابلۆی تایبەت بە نەورۆز و ساڵی نوێی كوردیان لەسەر مینبەرەكانیان دانابوو“.
ناوبراو راشیگەیاندوە”لەوتارەكاندا مامۆستایانی ئاینی باسی ئەو تاوانەشیان كرد كەتیرۆرستانی داعش بەرامبەر پێشمەرگە دیلەكان ئەنجامیاندا و هاوسۆزیان بۆ كەسوكاری ئەو پێشمەرگە شەهیدانە پیشاندا و وەك پاڵەوانی كوردستانیان ناساندن“.
نەقشبەندی دەشڵێت”هەروەها دوعای سەرفرازی و سەلامەتیان بۆ سەرجەم پێشمەرگەكان كرد و داوایان لەخەڵكی كوردستان كرد بەهەموو جۆرێك پشتیوانیان بن”لەبەشێكی وتارەكانیشدا رێنمایی خەڵكی كوردستانیان كرد كە لەئێوارەی ئەمرۆ و لەكاتی كردنەوەی ئاگری نەورۆز ژینگەی كوردستان بپارێزن و تایە و مادەی پلاستیكی بۆ ئاگركردنەوە بەكار نەهێنن“.