نوچەنێت.ههولێر:
سەرۆكی لیژنەی وەڵامدانەوە و بەدواداچوونی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی هەرێم،دەڵێت،پێشوازی لە راپۆرتی یوئێن دەكەین وەك هەنگاوی یەكەم بۆ بە جینۆساید ناساندنی كومەڵكوژی ئێزیدییەكان.
ئەنجوومەنی ئاسایشی مافەكانی مرۆڤ لە خولی نائاسایی خۆیدا كە لە 1/9/2014 بەسترا وەك لە یاسای نێودەوڵەتیدا هاتووە، داوای لە كۆمیسیاری باڵای مافەكانی مرۆڤ كرد كە شاندێك بنێرێتە عێراق بۆ لێكۆڵینەوە لە پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ كە داعش ئەنجامیداون.
دیندار زێباری سەرۆكی لیژنەی باڵای وەڵامدانەوە و بەدواداچوونی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكانی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەراگەیەنراێكدا كە وێنەیەكی بۆ(نوچەنێت)نێردراوە رایگەیاندوە”پێشوازی لە راپۆرتی یوئێن دەكەن وەك هەنگاوی یەكەم بۆ بە جینۆساید ناساندنی ئەو تاوانانەی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە عێراق ئەنجامیاندا بەتایبەتی دژ بە كوردە ئێزیدییەكان“.
زێباری وتیشی”ئێمە ئاسانكاری و پاڵپشتییەكی زۆری لیژنەی بەدواداچوونی راستییەكانمان كردووە كە بەڵگەی پێویستی كۆكردەوە و چەندین لێكۆڵینەوەی ئەنجامداوە دەربارەی پێشێلكارییەكانی داعش لە ماوەی 8 مانگی رابردوودا“.
سەرۆكی لیژنەی باڵای وەڵامدانەوە و بەدواداچوونی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان زیاتر وتی”ئەم راپۆرتە ئاماژەیەكە بۆ بوونی شێوازێكی روون و ئاشكرا بۆ هێرشەكانی داعش بۆ سەر ئێزیدییەكان و لە ناوبردنیان بە كۆمەڵ و چۆڵ كردنی گوندەكانیان لە خەڵكە رەسەنەكەی، ئەمەش یەكێكە لە بنەماكان دان نان بە پرۆسەی جینۆساید، بۆیە ئێمە پێشوازیی لێدەكەین“.
زێباری راشیگەیاند”ئێمە لە هەرێمی كوردستان پێشوازیمان لە هەزاران هاووڵاتی كریستیان كرد كە بۆ پاراستنی گیانیان لە دەست داعش ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت، بە هەمان شێوە پێشوازیمان لە توركمان و سابیئەی مەندائی و عەرەبی سوننە و كوردیش كردووە و هەموو جۆرە ئاسانكارییەكمان پێشكەش كرد بۆ ئەوەی لیژنەی بەدواداچوونی راستییەكانی سەر بە كۆمیسیاری باڵای مافەكانی مرۆڤ لە یوئێن چاوپێكەوتنیان لەگەڵ ئەنجام بدات“.
زێباری هاوسۆزی و پاڵپشتی خۆيان دووپات كردەوە بۆ داوای یوئێن لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە ئیحالە كردنی تاوانەكانی داعش بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و وتی”پێشوازی لە داواكەی عێراقیش دەكەین بە تۆماركردنی تاوانەكانی داعش، بەڵام لە هەمان كاتدا داوا لە حكومەتی ئیتیحادیش دەكەین بە رەزامەندی دەربڕین لەسەر رولى دادگای تاوانی نێودەوڵەتی سەبارەت بە تاوانەكانی داعش، لە كۆتاییشدا ئامادەیی لیژنەكەی دەربڕی بۆ هاوكاری كار بەردەووام لەگە لیژنەی بەدواداچوونی راستییەكان بۆ ئەوەی پەلە بكرێت لە دان نان بە تاوان و پێشێلكارییەكانی داعش وەك جینۆسای و ئەم راپۆرتەش هەنگاوی یەكەمە لەم بوارەدا“.