نوچەنێت.ههولێر:
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆزەوە نوری مالكی جێگری سەرۆك كۆماری عیراقەوە نامەیەكی پیرۆزبایی بۆ جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەنرێت.
لەنامەكەیدا كە سایتی فەرمی یەكێتی بڵاوی كردوەتەوە نوری مالیكی بەكەم سەیری هەرێمی كوردستان دەكات و دەڵێت: گەلی كورد لەسایەی عیراقێكی فیدراڵی یەكگرتوودا ئەم بۆنە خۆشە دەكاتەوە.
ئەمەش دەقی نامەكەیە:
فەخامەتی جەلال تاڵەبانی بەڕێز
سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
سڵاوی خواتان لێ بێت
بەبۆنەی جەژنی نەورۆزی پیرۆزەوە جوانترین و گەرمترین پیرۆزبایی لەئێوەو هەموو رۆڵەكانی گەلی كوردمان لەكوردستان دەكەین، لەپەروەردگارمان داوایە كە بەخۆشی و شادی بیگەڕێنێتەوە بۆ هەموو لایەك و عیراق و گەلەكەشی لەهەموو ناخۆشییەك بەدوور بگرێت.
گەلی كورد لەسایەی عیراقێكی فیدراڵی یەكگرتوودا ئەم بۆنە خۆشە دەكاتەوە، كە رۆڵەكانی لەماف و ئەركەكاندا یەكسانن و لەسایەی ئازادییەكدایە دوور لەدیكتاتۆری و لەسایەی دەستوورێكدایە كە مافەكان دەپارێزێ و ئازادیییەكان دەستەبەر دەكات، هەموو گەلی عیراق بەرپرسیارن لەبنیاتنانی عیراقی یەكگرتوو كە هەموو رۆڵەكانی تیایدا بەختەوەربن، لەكاتێكدا ناشێ یەكێك لەبەختەوەریدا بێت و ئەوانی تریش لەناخۆشی و ناڕەحەتیدا بن.
پەروەردگار پارێزگاری لەعیراق و گەلەكەی دەكات
نوری كامل المالكی
جێگری سەرۆك كۆمار
