نوچەنێت.شار:
شەهیدكردنی سێ پێشمەرگە لەلایەن داعشەوە هێزی پێشمەرگە تۆڕە دەكاتو هەڵمەتی تۆڵەسەندنەوەی لە چەكداران داعش رادەگەیەنێت.
جەبار شوانی یەكێك لەفەرماندەكانی پێشمەرگە لەبارەی شەهیدكردنی ئەو سێ پێشمەرگەوە بەشارپرێسی راگەیاند:”تیرۆرستانی داعش بەو كارەیان سەلماندیان كە دژی مرۆڤایەتی و ئاین و هەموو بەهایەكی بەرزو جوانن، بۆیە ئەم تیرۆرستانە مەترسین نەك هەر بۆكورد، بەڵكو بۆ هەموو جیهانیش كە بەداخەوە وەك پێویستیش جیهان لەشەڕی داعش نایەتە پێشەوە”.
شوانی ئاماژەی بەوەشكرد كە شەوی رابردوو هێزی پێشمەرگە هێرشێكی زۆر چڕوپڕیان كردوەتە سەرداعش، جەختیكردەوە كە ئەو هێرشە زۆر بەهێز بووەو زانیاریان پێگەیشتووە كە تەنیا لەیەك قۆڵەوە زیاتر لە 30 چەكداری داعشیان كوشتووە، جگە لەقۆڵەكانی ترەوە كە هێرش بۆ سەرداعش هەبووە.
ئەو فەرماندەیە دوپاتیكردەوە كە ناهێڵن خوێنی ئەو سێ پێشمەرگەیە بەفیڕۆ بڕواتو هەڵمەتی تۆڵەسەندنەوەیان دەستپێكردوەو دەشڵێت” داعش بەم كارەی ئەوەندەی تر پێشمەرگەی لەخۆی تۆڕە كرد، ئەگەر جاران دەستمان پاراستبێت، ئێستا رۆژی روناكیان لێ تاریك دەكەین”.
فەرماندەكەی هێزی پێشمەرگە پلانی وردو بەهێزیان داڕشتووە بۆ تۆڵەسەندنەوەی ئەو پێشمەرگانەو داواش لە خەڵكی ناوچەكانی رەشادو ریازو گوندەكانی سنورەكە ئاگادار دەكاتەوە هەر هاوكارییەكی داعش بكەن، وەكو داعش مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت.