نوچەنێت.ههولێر:
نوێنەری تایبەتی حكوومەتی ئەرمەنستان لهكۆبونهوهی لهگهڵ سهرۆكی حكومهتی ههریمی كوردستان رایگهیاند، گەشتە ئاسمانییەکان هەولێر و یەرڤان پێکەوە دەبەستنەوەو كۆنسووڵخانەش لە هەولێر دەكهنهوه.
ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە”پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 2015/3/18 نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە لێڤۆن سارگسیان نوێنەری تایبەتی حكوومەتی ئەرمەنستان و بەڕێز كارین گرێگۆریان باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە بەغدا كرد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”لە دیدارێكدا نوێنەری تایبەتی حكوومەتی ئەرمەنستان تیشكی خستە سەر پەیوەندیی دێرینی نێوان هەردوو گەلی كورد و ئەرمەن و خاڵە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو گەل كرد و ئامادەییی وڵاتەكەی بۆ دروستكردنی پەیوەندییەكی بەهێز و پتەو لە نێوان هەولێر و یەریڤاندا دەربڕی و بۆ ئەم مەبەستەش ئاماژەی بەوە كرد كە ئەوان ئامادەن كۆمسیۆنێكی هاوبەشی دۆستایەتی لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئەرمەنستاندا دروست بكەن بە شێوەیەك كار لەسەر ژمارەیەك بابەتی وەك ڕۆشنبیری و بازرگانی و ئابووری و بوارەكانی دیكە لە نێوان هەردوولادا بكات.
ماڵپەڕی حكومەت ئەوەی خستۆتەڕوو کە”شاندی میوان هەروەها ئەوەیان بە نێچیرڤان بارزانی ڕاگەیاند كە لە داهاتوویەكی نزیكدا كونسوڵخانەی ئەرمەنستان لە هەولێر دەكەنەوە و هەروەها هێڵی ئاسمانیی ئەرمەنستانیش لە نێوان هەولێر و یەریڤاندا دەست بە گەشتەكانی دەكات و ئاماژەیان بەوەش دا كە كەرتی تایبەتی ئەرمەنستان ئامادەیە لە هەرێمی كوردستان سەرمایەگوزاری بكات و بۆ ئەم مەبەستەش داوای هاوكاری و ئاسانكاری لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن.
لەبەرانبەریشدا”سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان،پێشوازی لە بڕیارەكەیان لە بارەی كردنەوەی كونسوڵخانەی وڵاتەكەیان لە هەولێر و دەستپێكردنی گەشتە ئاسمانییەكانی هێڵی ئاسمانیی ئەرمەنستان بۆ هەرێم كرد و پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ دروستكردنی كۆمسیۆنی هاوبەشی دۆستایەتیی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەرمەنستان دەربڕی و ئاماژەی بەوە كرد كە هەموو هاوكاری و كارئاسانییەك پێشكەش بەو كارسازان و سەرمایەدارانەی ئەرمەنستان دەكرێت كە دەخوازن وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری لە هەرێمی كوردستان بكەن و بۆ ئەم مەبەستەش ئەو كۆمسیۆنەی كە لە نێوان هەولێر و یەریڤاندا دروست دەكرێت، دەتوانێت ئەو بابەتانە بە شێوەیەكی ڕێكوپێك گفتوگۆ بكات و ئەو بوارانە دیاری بكات كە هەردوولا دەتوانن كاری لەسەر بكەن و حكوومەتی هەرێمیش ئامادەیە بەپێی یاساكانی سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان لە هەرێم، هاوكارییان بكات.
نێچیرڤان بارزانی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا جەختی لەسەر بایەخی پەیوەندییە سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی و زانستییەكانی نێوان هەرێم و ئەرمەنستاندا كردەوە، بەتایبەتی لە بواری ئاڵوگۆڕی شاند و دابینكردنی كبۆرسی خوێندن بۆ قوتابیانی هەرێمی كوردستان لە زانكۆكانی ئەرمینیا، كە ئەمەش دەچێتە چورچێوەی دروستكرنی پەیوەندیی دوولایەنە لە نێوان هەولێر و یەریڤاندا.