نوچەنێت-سی ئێن ئێن
دوای چەند رۆژێك لە لێدوانەكانی راوێژكارەكەی سەرۆكی ئێران كە تیایدا بەغدای بە پایتەختی ئیمراتۆریەتی ئێران لەقەڵم دا، بەغداش سەركۆنەی ئەو لێدوانانەی كرد، حەسەن هانیزادە سەرنوسەری ئاژانسی هەواڵی ئێرانی لە هەڵوێستێكی بێ پێشینە و چاوەڕواننەكراودا هێرشی توندی كردە سەر وڵاتە عەرەبییەكان و داوای لە عێراق كرد بە هۆكاری هاوبەشیی تائیفی و مێژوویی لەكەڵ ئێران یەك بگرێت. هەروەك هانی عێراقیەكانی دا كە واز لە عەرەبایەتی ساختە و نەفامانە و نیشتمانی سەرشۆڕانەی عەرەب بهێنن، هەروەها جل و بەرگەكانیان بگۆڕن و دوربكەونەوە لە دشداشە و كوفییە.
لەژێر ناونیشانی ” یەكێتی نێوان ئێران و عێراق حەتمییە” ئاژانسی “میهر” ی نیمچە فەرمی ئێرانی بڵاوی كردۆتەوە كە ئێستا كاتی هاتوە ” گەلی عێراق قسەی كۆتایی خۆی بكات لە نێوان عەرەبایەتی ساختە و نەفامانە و ئیسلامی راستەقینە یەكێكیان هەڵبژێرێت ، جلەكانی بتەكێنێت لە تۆز و خۆڵی خاكی سەرشۆڕی عەرەب ” لە درێژەی نووسینەكەدا هەروەها هاتووە ” ئەم دوو گەلە پەیوەندی ئاینی و مێژوویی بە یەكیانەوە دەبەستێتەوە، لەگەڵ ئەوەی لە هەندێك قۆناغی مێژووییدا تێكهەڵچوون لە نێوانیاندا روویداوە”.
لەو شیكارییەدا كە دوای چەند رۆژێك لە هەڵوێست وەرگرتنی بەغدا بەرامبەر لێدوانەكانی ئێران كەووتبووی بەغدا بوەتە پایتەختی ئیمراتۆریەتی ئێران درێژەی پێدەدات و دەڵێت ” عێراق وڵاتێكی عەرەبی دێرینە .. بەڵام وڵاتە عەرەبیەكان لە روانگەی تائیفی وشكەوە تەماشای دەكەن ئەمەش دەریدەخات كە ئەو وڵاتە عەرەبیانە چەند رەگەزپەرستن لە بەرامبەر عێراق”.
هەروەها لە بابەتەكەی “مهر”دا هاتوە كە زۆربەی دانیشتوانی عێراق هاوسۆزییان بۆ بیرو بڕوای مەزهەبی “ئەهل بەیت” هەیە . كە پێیوایە ئەمە هۆكاری دوژمنایەتی كردنی وڵاتە عەرەبیەكانە بۆ عێراق، هەروەها دەڵێت بەهۆی كینەی زۆری عەرەبەوە بەرامبەر شوێنكەوتوانی ئەهلی بەیت (شیعە) تیرۆر عێراقی كردوەتە ئامانج، هەروەها دەڵێت ” هەموو توێژێكی شیعە مەزهەب جا عەرەب بێت یان نەتەوەیەكی تر رووبەڕووی ئەم جۆرە كینەیە دەبێتەوە” لەم چوارچێوەیەدا سوریا و لوبنان و پاكستان و ئەفغانستان و یەمەنی ژماردوە.
ائەو ئاژانسە پێی وایە فراوانبوونی رێكخراوە تیرۆرستیەكان لە ناوچە سوننییەكانی عێراق بەهۆی بەهۆی سروشتی دیمۆگرافی ئەو ناوچانەوەیە، لە بەشێكی دیكەی بابەتەكەدا ئەوەش هاتووە كە ” عێراق پێویستی بە چارەسەرێكی دیكە هەیە دوور لە كوفییە و عەگال و دشداشە، دەبێت بەرەو رۆشنبیری و كلتورێكی نوێ هەنگاو بنێت كە رەگەزپەرستی تێدا نەبێت ، بەڵكو نزیك بێ لە واقیعی دیمۆگرافی و مەزهەبیی لە عێراق”، هەروەها جەنەراڵە عێراقیەكان تاوانبار دەكات بەوەی كە بەرەو مەلهاكانی لاسفیگاس رۆشتوون لە كاتێكدا جەنەراڵە ئێرانیەكان سەركەوتن بۆ گەلی عێراق تۆمار دەكەن، ئاماژەی بە جەنەراڵ قاسم سولەیمانی و ئەو گروپە سەربازییە ئێرانی و شیعیەی لەگەڵیەتی داوە .
هەروەها دەشڵێت :” پێویستە لەسەر گەلی عێراق بەرەو یەكگرتن لەگەڵ دۆستە راستەقینەكانی هەنگاو بنێت جل و بەرگی عەرەبایەتی ساختە دابماڵێت، چونكە هەموو مەینەتیەكانی عێراق هۆكارەكەی عەرەبەكانن.. بونی عێراق لە كۆمەڵەی وڵاتانی عەرەب بە شێوەیەكی رەمزی چیە لە كاتێكدا لە روانگەی تائیفییەوە سەیری گەلی عێراق دەكات ؟ بۆچی وڵاتە عەرەبیەكانی ناو ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو رێگە بە عێراق نادەن بچێتە ناو كۆمەڵەكەوە؟ ئایا ئەمە باشترین بەڵگە نیە لەسەر ئەوەی كە ئەو شەش دەوڵەتە لەو ئەنجومەنە شومەدا عێراق بە وڵاتێكی عەرەبی دانانێن؟”