رۆژهەڵاتییەکان بۆ بەرهەم ساڵح: ئەوەی لەسەر حسابی کوردانی رۆژهەڵات کردت خیانەتە

0

نوچەنێت.تایبەت

بەپێی زانیارییەکانی نوچەنێت، لە سێیەمین دیداری سلێمانیدا کە بەسەرپەرشتی د. بەرهەم ساڵح بەڕێوەچوو، وێڕای بانگهێشتی بەشێک لەسیاسییەکانی ناوچەکە، نوێنەرانی سیاسی باشورو رۆژئاواو باکوری کوردستان، و نوێنەرانی حکومەتی تورکیاو عێراق و جمهوری ئیسلامی ئێران بانگهێشتکران، بەڵام نوێنەرانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بانهێشتی ئەو دیدارە سیاسییە نەکران.

حەمەد ساڵح قادری ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی حزبى دیموكراتى كوردستانى ئێران، له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌ نێت ئەو زانیاریانە پشت راست دەکاتەوە دەڵێت” كەسیان لەئێمە بانگهێشت نەکردبوو بۆ دیدارى سلێمانی” جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌، كه‌ نەک ئەوان، هیچ حزبێكى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان بۆ ئەو دیداره‌ بانگهێشت نه‌كراون.

ئەو بەرپرسەی حزبی دیموکرات، وتیشی”ئێمە پێمان خۆش بوو بەشداربین، بەڵام بانگهێشت نەکراوین”.

هەر لەو بارەیەوە بەرپرسێکی تری حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، محەمەد ساحیبی، بۆ نوچەنێت وتی”ئێمەیان دەعوەت نەكردبوو وەك حیزبی دیموكرات، بۆیە بەشدار نەبووین. هۆكارەكەشی نازانین و دەبێت لە بەڕێوەبەرانی ئەو دیدارە پرسیار بكرێت، كە بۆچی ئێمەیان دەعوەت نەكردوە ؟ “.

وتیشی”ئەگەر دەعوت بكراین ئێمەش ئەو وەختە قسەیەكمان دەبوو، وەكو داواكارییەك بۆ مەسەلەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و مەسەلەی كوردستان بەتایبەتی“.

محەمەد ساحیبی،هەر لەلێدوانەكەی بۆ نوچەنێت ئەوەشی گوت كە”بەپێ زانیارییەكانی من هیچ حیزبێكی رۆژهەڵات دەعوەت نەكرابوون بۆ دیدارەكە“.

کەسایەتییەکی سیاسی و ئەکادیمی رۆژهەڵاتی کوردستانیش، کەپێی باش نەبوو ناوی بهێنرێت، بەهۆی ئەوەی “ئەوانەی بایەخ نادەن، بەرۆژهەڵاتی کوردستان، بایەخ ئەوەیان نییە قسەیان لەسەر بکات” پێی وابوو” ئەگەر بانگهێشت نەکرابن بەدڵنیاییەوە هۆکاری بانگهێشت نەکردنی حزبەکانی رۆژهەڵات بۆ ئەو دیدارە، وەک باشورییەکان دەڵێن موجامەلەی سیاسی، د. بەرهەم ساڵح ە بۆ ئێرانییەکان، ئەو بۆ موجامەلەی ئێرانییەکان ئەوەی کرد، کە دەیەوێ لەو رێگایەوە لەپشتیوانی هێرۆ خان ساردیان بکاتەوە، تۆزێک سەرەنجیان بەلای خۆیدا رابکێشێ، بەڵام دەبوو بزانێ، مەرایکردنی بەو شێوەیە بۆ ئێرانییەکان لەسەر حسابی کوردی رۆژهەڵات خیانەتە لەکوردانی ئەو بەشەی وڵات”.

دیداری سلێمانی، چالاکییەکی سیاسی ساڵانەیە، زۆرێک لەسیاسیەکانی ناوچەکەو جیهان بانگهێشت دەکرێن لەوێ راو پرۆژە سیاسییەکانیان دەخەنە بەرباس، لەلایەن زانکۆی ئەمریکی، کە بەزانکۆی بەرهەم ساڵح ناسراوە، سازدەکرێت، و خودی د. بەرهەم ساڵح سەرپەرشتی دەکات.

 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com