نوچەنێت.هه‌ولێر:
گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی هەرێم رایدەگەێنێت،له ڕۆژئاوای كوردستانی بارزانی كاری بۆ ئەوە كردووە هه‌یئه‌تێكی یه‌كگرتوو هەبێت كە هه‌موو هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كان بۆ خزمه‌تی زیاتری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كوردستان لە دەوری یەكتر كۆبكاته‌وه،بەڵام ئه‌م هه‌نگاوەی ئێستا لە ژێر ناوی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی جزیرە لە ئارادایه تاكلایەنەیە.
د. ئومێد سه‌باح،گوته‌بێژی فه‌رمی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان لەلێدوانێكدا،دەڵێت،ئه‌م هه‌نگاوەی ئێستا لە ژێر ناوی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی جزیرە لە ئارادایه تاكلایەنەیە و بە پێچەوانەی ڕێكەوتنی دهۆكە و ئەم هەنگاوە و هه‌ر هه‌نگاوێكی دیكه‌ی تاكلایه‌نه خزمه‌ت به دۆزی كورد و دیموكراسی ناكات و مایه‌ی قبوڵ كردن نییه.جارێكی دی سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوا لە هەموو لایەنەكان دەكات پابەندی ڕێككەوتنی دهۆك بن و بەرژەوەندیی بەرزی گەل و نیشتیمان بپارێزن.
دەقی لێدوانەكە:
به‌رده‌وام هه‌وڵه‌كانی سەرۆك بارزانی و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌و ئاراسته‌یه بووه، كه هه‌موو كورد پێكه‌وه له یه‌ك به‌ره دابێت. به تایبه‌تی له ڕۆژئاوای كوردستانیش سەرۆك بارزانی ویستوویەتی و كاری بۆ ئەوە كردووە هه‌یئه‌تێكی یه‌كگرتوو هەبێت كە هه‌موو هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كان بۆ خزمه‌تی زیاتری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كوردستان لە دەوری یەكتر كۆبكاته‌وه.
له بنه‌ڕه‌ته‌دا ڕێككه‌وتنی هه‌ولێر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته بوو، به‌ڵام لایه‌نێك جێبه‌جێی نه‌كرد. پاشان ڕێككه‌وتنی دهۆكیش ده‌رفه‌ت و ئومێدێكی دیكه بوو به‌و ئامانجه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌كان پێكه‌وه و به یه‌ك گوتار و یه‌ك هه‌ڵوێست خزمه‌ت به دۆز و هیوای گەلەكەمان له ڕۆژئاوا بكه‌ن. بەردەوامیش سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژئاوای بۆ جێبەجێكردنی ڕێكەوتنی دهۆك هان داوە و هەوڵیشی داوە هەڵبژاردنەكان بەیەكەوە و بە بەشداریی هەموو لایەك ئەنجام بدرێت.
بەڵام ئه‌م هه‌نگاوەی ئێستا لە ژێر ناوی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی جزیرە لە ئارادایه تاكلایەنەیە و بە پێچەوانەی ڕێكەوتنی دهۆكە و ئەم هەنگاوە و هه‌ر هه‌نگاوێكی دیكه‌ی تاكلایه‌نه خزمه‌ت به دۆزی كورد و دیموكراسی ناكات و مایه‌ی قبوڵ كردن نییه.
جارێكی دی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوا لە هەموو لایەنەكان دەكات پابەندی ڕێككەوتنی دهۆك بن و بەرژەوەندیی بەرزی گەل و نیشتیمان بپارێزن.
د. ئومێد سه‌باح
گوته‌بێژی فه‌رمی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان
13ـی 3ـی 2015